یەکەمین هونەرمەندی پیاوی کورد کە جگە لە رۆڵی رەگەزەکەی خۆی، رۆڵی خانمیشی گێڕا، دوای 56 ساڵ لە ئەزموونی کاری هونەری گیانی لەدەستدا.
دوای ساڵانێکی زۆر مانەوەی لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، عومەر چاوشین، پێش سێ رۆژ نەخۆش کەوتبوو، ئەڵماسی خوشکی هێنابوویەوە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی و هەر لەوێش لە زێدی لەدایکبوونی، کۆچی دواییکرد.
فوئاد موفتی، زاوای عومەر چاوشینە و لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەو هونەرمەندە پێش کۆچی دواییەکەی بە رووداوی گوت: "لەم رۆژانەی رابردوو دۆخی تەندروستی خراپ ببوو، لە خەڵوەتگەی پیریی هەولێرەوە پێیان گوتین کە بیبەنەوە، بۆیە هێنامانەوە ماڵەوە بۆ ئێرە و ئەم چەند رۆژەی کۆتاییش، نە هیچ قسەی دەکرد نە هیچیشی دەکرد."
عومەر چاوشین ساڵی 1942 لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایک بووە، لە ساڵی 1967 لە تیپی نواندنی سلێمانی ببووە ئەندام و لە 25 کاری هونەری شانۆیی و فیلمدا بەشداری کردبوو.
تەرمی ئەو هونەرمەندە بە بەشداریی ژمارەیەک لە خزمەکانی، لە گۆڕستانی ئابڵاخی سلێمانی بە خاک سپێردرا. جگە لە پارێزگار و قایمقامی سلێمانی وەکو بەرپرسانی ئیداری، تەنیا یەک هونەرمەند لە مەراسیمی نوێژکردن و بەخاکسپاردنی چاوشین بەشدار بوو، ئەوەش گلەیی گەورەی خزمەکانی بوو.
کامەران عوسمان، خوشکەزای عومەر چاوشینە و بە رووداوی گوت: "دوێنێ سەندیکای هونەرمەندان پەیوەندییان پێوەکردین، گوتیان بەیانی دێین بۆ بە خاکسپاردنەکەی و مەراسیمێکی شکۆداری بۆ ئەنجام دەدەین، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە نەمبینی لە بە خاکسپاردنەکەیدا هونەرمەندان بوون."
رزگار ئەمین، هاوڕێی عومەر چاوشین لەبارەی بەشدارینەکردنی هونەرمەندان لە مەراسیمی کۆچی دوایی عومەر چاوشین گوتی، "زۆر بەداخەوە، ئەوە بێوەفاییەکی زۆر گەورەیە لەنێو هونەرمەندانی کورددا کە ئاوها بکەن بەرامبەر هونەرمەندانی خۆیان، دەیشیانەوێت رێز لە خۆیان بگیرێت!"
عومەر چاوشین لە ژیانیدا حەوت جار ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، بەڵام لە هیچ کامیان منداڵی نەبوو، بۆیە لەدوای خۆی تەنیا ناوەکەی و کارەکانی مانەوە.
سەرچاوە: rudaw