هونەرمەند عومەر چاوشین، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دواییکرد.
ڕۆژی یەکشەممە 15-01-2023، نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هونەرمەند عومەر چاوشین لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.
نیاز نووری گوتی، "کاژێر 9:00ی دووشەممە تەرمی عومەر چاوشین لە مزگەوتی شێخ فەریدەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێدەکرێت و لەوێ لە رێوڕەسمێکدا بە خاک دەسپێردرێت."
لەبارەی هۆکاری کۆچی دواییەکەشییەوە، نیاز نووری گوتی، "تەمەنێکی زۆر کردبوو، هەروەها چەند ساڵێک بوو بەدەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند."
عومەر چاوشین، لە ساڵی 1942 لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی 1967 لە تیپی نواندنی سلێمانی بووەتە ئەندام. بەهۆی کەمی هونەرمەندی ئافرەت، لە ساڵانی شەستەکانەوە تاوەکو کۆتایی هەشتاکانیش، زۆربەی جار رۆڵی ئافرەتی بینیوە.
گرنگترین ئەو دراما و شانۆگەرییانەی کە عومەر چاوشین رۆڵی تێیاندا بینیوە: پیسکەی تەڕپیر، جەنابی موفەتیش، ژن بە ژن، ماوتە کاولی کەی، مامە خەمە، شایی خوێناوی، گۆڕهەڵکەن، مشتەی ناو هەمانە و چەندین بەرهەمی دیکە.
سەرچاوە: rudaw- سیران عەباس