شێوەکارێکی کورد یەکەمین پێشانگەی خۆی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە

یارا شێرزاد هەفتەی داهاتوو یەکەمین پیشانگەی شێوەکاری لە ئەڵمانیا دەکاتەوە و تاوەکو مانگی دووی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
یارا شێرزاد، شێوەکارە و نزیکەی دوو ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت و لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و هەروەها پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێری تەواوکردووە. گوتیشی، "پێنجشەممەی داهاتوو پێشانگەکە بە ناونیشانی هێز و هونەر دەکەمەوە".

ئەو شێوەکارە دەشڵێت، "ئەو وێنانەی لە پێشانگەکە نمایش دەکەین بەشێوەی جیاواز دروستکراون و پێشانگەکە تاوەکو مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت".

یارا شێرزاد روونیکردەوە، گرنگە دایک و باوکان گرنگی بە بەهرەی منداڵەکانیان بدەن، چونکە پاڵپشتیکردنی منداڵ هۆکاری دروستبوونی کەسێکی زیرەک و لێهاتووە لە هەر بوارێک کە منداڵەکە بەهرەی تێدا هەبێت.

 

سەرچاوە: rudaw- سەنگەر ستار