(شینبوونی بەرد) نوێترین بەرهەمی نووسەر (موحسین ئەحمەد عومەر)ەو لە دووتوێی (390) لاپەڕەی قەوارە مامناوەندیدا بە چاپی گەیاندووەو بڵاوكراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە نوێیەی نووسەر، بریتین لە پێنج كۆمەڵە كورتە چیرۆك لەگەڵ كورتە رۆمانێك، كۆمەڵەی یەكەم و دووەم لەگەڵ كورتە رۆمانی (فیلەكەی نادرشا) هەموویان لەتاراوگە نووسراون و پێشتر لە بەرگێكداو لە ژێر ناوی (سێبەری با)دا بڵاوبوونەتەوە، شاعیری گەورەی كورد مامۆستا (شێركۆ بێكەس) پێشەكی بۆ كۆمەڵەی دووەم نووسیوە.
نووسەر دەڵێ: كۆمەڵەی (تاریكی نیوەڕۆ) لە كوردستان نووسراون، دوا كۆمەڵە بەناوی (chaos)ە، بریتییە لە هەشت چیرۆك كە پێشتر بڵاو نەبوونەتەوەو بۆ یەكەمین جارە بڵاودەبنەوە، بەڵام چیرۆكی ( كۆكردنەوەی تەرزە)و چیرۆكی (ئەحمەدێ دایكێ)و چیرۆكی (یەكەم ماركسی كورد) لەم دواییەدا نووسراون.
مامۆستا شێركۆ بێكەس لە بەشێك لەپێشەكی ئەم كتێبەدا دەڵێ: (ژیان لەم چیرۆكانەدا، ژیانی گەمارۆ دراوە، گەمارۆ دراو لە هەموولایەكەوە، هەر لە گەمارۆدانی باهۆزی نەفرەتیی شەڕی ناوخۆوە تا دەگاتە سەر مەنجەنیقەكانی دەرەوەی خۆمان و تا وردوخاش بوون لە ئاوارەبوونداو تا كونەكانی زیندان و تا تابووتی مەرگی بە كۆمەڵمان، دڵنیایی و ئارام لەم چیرۆكانەدا بوون بە هەڵمی رووداوەكان و هەموو شتێ بە جێگەو كاتیشەوە، بە مرۆڤ و دەوروبەریشەوە، تێكڕا لە بازنەی ئاسایی خۆیان دەرباز ئەبن و ئەچنە زەمانێكی دیكەوەو باوەش بەو گەردوونەدا ئەكەن كە نیشتیمانی ئەفسانەو خەونن).
یەكێ لە جوانترین چیرۆكی نێو ئەم كتێبە چیرۆكی (یەكەم ماركسی كورد)ە كە بەراستی جێ پەنجەی نووسەر ئەوەندە دیارو جوانەو خوێنەر تا ئەوپەڕی چێژ سەرسام دەبێ.
بە ئومێدی سەركەوتن و بەرهەمی بەپێزتری نووسەر.
سەرچاوە: galawej