سەنتەری میترۆ: نابێت بە میزاجی حزبی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بکرێت

سەنتەری میترۆ نیگەرانی خۆی دەردەبرێت بەرامبەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک رۆژنامەنووسی کەناڵەکانی راگەیاندن لە شاری هەولێر و رایدەگەیەنێت، "ئێمە لە سەنتەری میترۆ ئیدانەی ئەو دەستگیرکردنەی ڕۆژنامەنوسانە دەکەین کە بەشێوەیەکی پیشەییانە کاری خۆیانیان کردووە".

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە ئازادی ڕۆژنامەنوسان رایگەیاند:  بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە شاری هەولیر ڕوویدا بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کارێکی پێچەوانەی بنەکانی یاسای کاری ڕۆژنامەوانییە لە هەرێمی کوردستان، هەروەک ئەو مامەڵەیەی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ئەنجامیاندا کارکردن بوو بە میزاجی حزبی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە سەنتەری میترۆ ئیدانەی ئەو دەستگیرکردنەی ڕۆژنامەنوسانە دەکەین کە بەشێوەیەکی پیشەییانە کاری خۆیانیان کردووە و ناکرێت میزاجی حزبی تێکەڵ بە کاری ڕۆژنامەوانی بکرێت و ڕۆژنامەنوسان دەستگیر بکرێن، بۆیە هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ کۆتایی هێنان بەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی دەزگا ڕاگەیاندنەکان.

 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم گوندی لوبنانی هەولێر، لەلایەن هێزکێکی ئەمنی زۆرەوە هێرشکراوەتە سەر ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخەرانی گردبوونەوەیەک کە بەینازبوون کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکەن بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو کارە بیرەوشتیانەی لەو گوندە دەکرێن کە لەگەڵ بەهاباڵاکانی کۆمەڵگای کوردی یەکناگرێتەوە.