سەرۆکی حکومەت و قاچاخچێتی نەوت..

 

لەتیف فاتیح فەرەج

 لەشوێنێکا بینیم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ کێ بەڵگەی هەیە کەقاچاخچێتی نەوت دەکەین بابیخاتە ڕوو، یان با پێمان بڵێت، لەڕاستیدا ئەم دەربڕینە لاستیکیە بۆ هەرکەس بشێ نابێت سەرۆکی حکومەت بیڵێت، لەبەر ئەوەی ئەوە دیار بێت یان نا کە قاچاخچێتی نەوت و جەوت و شتی تریش هەیە، بەڵام ئەو هەڵتۆقینە بەردەوامە دیارە کەلەپڕدا داهاتی هەندێ کەس و گروپ و دەستەو تاقم زیاد دەکات و کەسیش ڕێی پێ نادرێت لەسەرچاوەی داهاتەکە بکۆڵێتەوە.
 

بەڵێ لەساڵی نەوەدو یەکەوە قاچاخچێتی بەفافۆن و مس و شوێنەوارو نەوت و هەموو شتێکەوە دەکرێت و سەرۆکی حکومەتیش لەئێمە باشتر زانیاری وردی لایە، ئەرێ بێ زەحمەت قەت لەوەی پرسی ئەم هەموو دەوڵەمەندیە لەپڕە سەرچاوەکەی کوێیە، من داوا لەسەرۆکی حکومەت دەکەم هیچ نەکات، تەنها خەرجی یەک مانگی میدیاو هات و چۆو سەفەرو ئیفادو خەڵات و بەراتی دەورو بەری خۆی بڵاو بکاتەوەو بەراوردی داهاتی ئەو مانگەی بکات، تێدەگات چ بەهەدەر دانێک لەنزیکی خۆیەوە هەیەو چ قاچاخچێتیەکی تاڵانی پارەهەیە، من پێمخۆشە سەرۆکی حکومەت دەیەوێ بزانێ لەونزیکەی خۆی قاچاخچێتی نەوت هەیە یان نا، لێ پێمناخۆشەزانیاری لانەبێت لەوبارەیەوە، کاتێ سەرۆکی حکومەت زانیاری لانیە، کەواتە هالەکەی دەوری پێچەوانەی هەقیقەتی پێدەڵێن، وەک چۆن سی ساڵە پێچەوانەی هەقیقەت بەسەرکردەکانی تر دەگوترێ و دەگوترا لەمام جەلالەوە تا بارزانی بابی سەرۆکی حکومەت. 
 

چەند خەراپە سەرۆکی حکومەت لەبری لێکۆڵینەوەو دۆزینەوەی قاچاخچیەکان ، داوای بەڵگە لەخەڵکی دیکە بکات، لەکاتێکا ئەوەی بۆ ئەو فەراهەمە لەهێزی دەست و تین و تاو بۆ دۆزینەوەی ئەوانە، بۆ ئێمە ئەستەمە، هەرسەیری ئەو مەسرەفە زەبەلاحەی میدیا بێ دەسکەوتەکەی نزیکی خۆی بکات، تێدەگا ئەمە بەنەوت نەبێت بەهیچ بەڕێوە ناچێت، سەرۆکی حکومەت دەبێت لەئێمەو مانان زیاتر شتەکانی لێوە دیار بێت. دوا قسەم لەم کورتە نوسینەدا ئەوەیە سەرۆکی حکومەت دەزانێت هەرکەس بچوکترین ڕەخنە لەو دەوروبەرو دەست و پێوەندەی ئەو بگرێت، بەجنێو، قسەی ناشرین بەڕەگ و ڕەگەمایدا دێنە خوارەوە، بۆیە هەر نا لەبەر ئەوەی خۆمان لەسوکایەتی و جنێو بپارێزین زۆر جار هیچ ناڵێین، من خۆم زۆر جار لەهیچ و خۆڕا بەر لێشاوی جنێوو قسەی ناشرینی نزیکەکان و دەروێشەکانی ئەو کەوتوم.

سەرچاوە : سپی میدیا