سەدەیەک لە ئاڵۆزی؛ پرسی کورد لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە

 

د. بۆتان تۆفیق مەغدید
د. بۆتان تۆفیق مەغدید

 

 

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی پێدانی سەربەخۆیی بە گەل و وڵاتان، ئەولەویەت بە یەکپارچەیی خاک دەدات، نەک مافی چارەی خۆنووسین، هەر ئەمەش وایکردووە وڵاتانی کوردیان بەسەر دابەشکراوە، پشت بەو بڕگەیە دەبەستن و کوردیش باسی مافی چارەی خۆنووسین دەکات. لە کاردانەوەی ریفراندۆمی کوردستاندا لە ساڵی 2017 ئەمە بە روونی دەرکەوت.

بەشی مێژووی فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی لە رۆژانی (19-20ـی ئەیلوولی 2023) لە ژێر ناونیشانی (پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ له‌ سیڤه‌رەوە بۆ لۆزان، خوێندنەوەی دوای سەدەیەک لە دەرفەت و ئاڵنگارییەکان) رێکخست.

کۆنفرانسەکە بە بەشداریی کۆمەڵە ئاکادیمیستێکی شارەزا لە بوارە جیاجیاکانی وەک مێژوو، کۆمەڵناسی و یاسای نێودەوڵەتی، هەوڵێک بوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو دەرفەت و ئاڵنگارییانەی کە لەسەر پرسی کورد لە ماوەی (100) ساڵی رابردوودا لە پەیماننامەی لۆزان (1923) تاکو ئەمڕۆ هاتبوونە بەردەمی. کۆنفرانسەکە توانی نەک تەنها ئەکادیمیستی کوردی و عێراقی بۆ گەنگەشەی بابەتەکە کۆبکاتەوە، بەڵکو توانی ئاکادیمیستی بەناوبانگی جیهانیش لە وڵاتە جیاجیاکان کۆبکاتەوە، لەوانە ئێران، میسر، ئەمریکا، بەریتانیا، سوێد و ئوسترالیا.

سیاسەتێکی نەگۆڕ لە سەردەمی گۆڕانکارییە خێراکاندا 

لە شیکردنەوەی هەڵوێستی سەدەیەکی وڵاتە زلهێزەکان بۆ پرسی کورد، سیاسەتێکی نەگۆڕ بەدی دەکرێت. بە پلەی یەکەم سیاسەتی ئەو زلهێزانە لەسەر دوو بنەما سەری هەڵداوە، کە یەکەمیان بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان و دووەمیان پەیڕەوکردنی و پەسندکردنی یەکپارچەیی خاک (Regional Integrity) بەسەر مافی چارەی خۆنووسین (Self- Determination) لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورددا، ئەم سیاسەتانە لە سەدەی رابردوودا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر چارەنووسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێ هێشتووە.

ئەم سیاسەتەی وڵاتە زلهێزەکان، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دەستیپێکرد. کاتێک نەخشەی جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەردا هات. لە سەرەتادا پەیماننامەی سیڤەر کە لە ساڵی (1920) مۆرکرا، دانی بەوەدانا، کە پشتیوانی لە خواستەکانی سەربەخۆیی کورد دەکات، بەڵام ئەم پشتگیرییە تەمەنی کورت بوو. سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی تورکی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە بوو لەم سیاسەتەدا. زلهێزە گەورەکانی ئەوروپا کە ماندووبوون لە شەڕی یەکەمی جیهانی و لە خەمی دووبارە خۆبونیادنانەوەی ناوخۆییدا بوون، بۆیە زیاتر سەرقاڵی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان بوون، نەک مافی چارەی خۆنووسین، کە "وڵسن"ی سەرۆکی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکرد، بۆیە هەر زوو لە ژێر هەڕەشەکانی سەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی تورکیدا، ئەوروپییەکان پشتیان لەم بەڵێنانە کرد کە بە کورد درابوون. پاشان لە ساڵی (1923)دا پەیماننامەی لۆزان بووە جێگرەوەی پەیماننامەی سیڤەر، کە تێیدا بیرۆکەی کوردستانی سەربەخۆی بەتەواوی وەلانا.

پەیماننامەی لۆزان بوو بە بەردی بناخەی دروستکردنی چەند دەوڵەتێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لەوانە عێراق، سووریا و تورکیا، بەڵام ئێران گۆرانکاریی ریشەیی بەسەردا نەهات. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، دابەشبوونی کوردستان بەسەر ئەم چوار دەوڵەتەدا بە واژۆکردنی وڵاتانی بەشدار لە پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی (1923) بە فەرمی کەوتە واری جێبەجێکردن لە رووی سیاسی و یاساییەوە، هەرچەندە باشووری کوردستان لە دوای چەند ساڵێک و بەتایبەتی لە ساڵی (1926) بە فەرمی بە عێراقەوە لکێندرا، لەوەدا رەهەند و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی زۆر بە ئاشکرا بەدی دەکرێت. لە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق و بەتایبەتی نەوتی کەرکووک، کە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گوڕانکارییە لە سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیدا، کە پێدەچێت ئەفسەرانی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی تەنانەت پێش پەیماننامەی لۆزان بڕیاریان لەسەر ئەم بابەتە دابێت. 

ئەم بنەما ئابوورییە، دواتر دەبێتە بەشێک لە سیاسەتێکی فراوانتر، کە بریتییە لە پەسندکردنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی تازە دروست بوو (Regional Integrity) بەسەر مافی چارەی خۆنووسین (Self-Determination)، کە پێیوابوو سەقامگیریی سیاسی و سنووری ئەم وڵاتانە زامنی کارکردنی کۆمپانیاکانی نەوتی رۆژئاواییەکانە، لە ئێران و عێراقدا لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە بەردەوامی دەدات بە گەیشتنی ئەم کاڵا ستراتیژییە بۆ بازاڕەکانی جیهان. 

هەر لەو کاتەوە دەوڵەتە زلهێزەکان، سەرەڕای جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکانیان، لە لیبڕاڵ و دیموکرات لە رۆژئاوادا و مارکسییەت لە یەکێتیی سۆڤیەت و پابەندبوونی بۆچوونەکانیان بە پرەنسیپی یەکپارچەیی خاک بەسەر خواستەکانی کورددا بۆ مافی چارەی خۆنووسین لە زۆربەی وێستگە مێژووییەکانی سەدەی رابردوودا دەربڕیوە. 

لەو ماوەیەدا دەوڵەتە زلهێزەکان بە بیانووی پاراستنی یەکگرتوویی خاکی ئەم چوار وڵاتە، کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکرابوو رەچاوی پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانیان کردبوو، بۆیە بەردەوام دژایەتی بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی کوردییان کردووە. هەرکاتێک شۆڕشێک یان بزووتنەوەیەکی کوردی هەوڵی دابێت مافی چارەی خۆنووسین بەدەست بهێنێت لە هەر یەک لەم چوار دەوڵەتەدا، زلهێزەکان دەستوەردانیان کردووە بۆ پاراستنی دۆخی ئەم دەوڵەتانە و بەشداربوون لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەکە یان لانیکەم بێدەنگییان هەڵبژاردووە لە ستەمکاریی کە بەرامبەر بە کورد کراوە لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە. بۆ نموونە بەریتانیا، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت هاوکار و هاوڕابوون لە پشتیوانیکردنی شای ئێران و رووخاندنی کۆماری مەهاباد لە ساڵی 1946دا. ئەو سێ زلهێزه سەرەڕای ناکۆکی ئایدۆلۆژی و سیاسی قوڵیان لەگەڵ یەکتریدا، دژی ئەم کۆمارە گەیشتن به رێککەوتن. 

رۆژئاواییەکان، یەکێتیی سۆڤیتیان رازی کرد، کە پشت له دۆزی کورد بکات، لەهەمان کاتدا بەریتانیا و ئەمریکا هاوکاریی ئێرانیان بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان کرد. لە کاتێکدا هەر سێ زلهێزەکە ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکی زۆر لەنێوانیاندا هەبوو، بەڵام هاوڕابوون لە هاوکاریکردنی ئێران لەو کاتەدا، چونکە هەر سێ زلهێزەکە بەرژەوەندییان هەبوو لە کۆنترۆڵکردن و بگرە دەستەبەرکردن و دەست گەیشتن بەو یەدەگە نەوتییەی کە لە ئێران دۆزرابووەوە.

سیاسەتی پاراستنی یەکگرتوویی خاک، کە لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکان پیادە دەکرا، رەنگی دایەوە لە سەر جیهانبینی و بڕیاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆمەڵەی نەتەوەکان و دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان، کە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانییان بەسەر مافی چارەی خۆنووسین پەسند کرد و کردیان بە بنەمای سەرەکی لەپێشینەی سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئەم بنەمایە، هەمیشە لە بەردەم خواستەکانی گەلی کورد لە ماوەی سەدەی رابردوودا ببووە کۆسپێک، بۆ نموونە هەروەک چۆن د. مایکل گەنتەر ئاماژەی پێدا، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی تایبەت بە مافی چارەی خۆنووسین لە مادەکانی یەکەم، بڕگەی دووەم و مادەی 55 دەدات. 

لە هەمان کاتدا ئاماژە بە یەکپارچەیی خاک دەدات لە مادەی دووەم، بڕگەی چوار لەم جارنامەیەدا. مافی چارەی خۆنووسین لەم جارنامەیەدا، ئاماژەی بە مافی گەلێک بۆ هەڵبژاردنی فۆڕمی حکومەتی خۆیان داوە، کە زیاتر بە واتای مافی دەوڵەتان دێت بۆ پاراستنی سنووری خۆیان، نەک گەلان، هەرچەندە کورد زیاتر باس لە خاڵی مافی چارەی خۆنووسین دەکات، چونکە دەکرێ وەک بنەمایەک وەربگیرێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان. بەڵام دەوڵەتە زلهێزەکان و ئەو دەوڵەتانەی کە کورد تێیدا دەژین، زیاتر بەندەکانی پەیوەست بە یەکپارچەیی خاک زەقدەکەنەوە، چونکە گەرەنتی بەردەوامی یەکگرتوویی خاکیان پێ دەدات. بەڵام گەر پرسیارەکە ئەوە بێت کامیان بنەما سەرەکییەکەیە؟ ئەوا د. مایکل گەنتەر پێیوایە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەی پێدانی سەربەخۆیی بە وڵاتان و گەلانی داگیرکراودا، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بۆ ئەم پرسیارە دایەوە. 

لە بڕگەی دووەمی ئەم بڕیارنامەیەدا هاتووە، کە هەموو گەلان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە و لە بڕگەی شەشەمدا هۆشداری دا لەوەی کە "هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی بەشێک یان تەواوەتی یەکێتیی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتێک لەگەڵ ئامانج و بنەماکانی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان ناگونجێت." ئەم لێکدانەوە یەکلاکەرەوەیە یان "بڕگەی پاراستنە" کە ئەولەویەت بە یەکپارچەیی خاک دەدات نەک مافی چارەی خۆنووسین. هەروەها لە چەندین بۆنەدا ئەم تیڕوانینە دووپاتکراوەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن "بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری نێوان دەوڵەتان، کە بەپێی رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی پەسند کراوە و بە لێکدانەوەی دەسەڵاتدارانەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت.

یاسای هێلسنکی ساڵی (1975)، کە سنوورەکانی ئێستای ئەوروپای ناساند. لە ئەنجامی جەنگی جیهانیی دووەمەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دانی بەم لێکدانەوەیەدا نا. لە ساڵی 1993، کۆنفڕانسی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڤییەنا بەڕێوەچوو، هاوڕا بوو، بەتایبەتی کاتێک مافی چارەی خۆنووسینی راگەیاند، "نابێت وەک رێگەدان یان هاندانی هەر کردارێک لێکبدرێتەوە، کە بە تەواوی یان بەشێکی، ئەندامەکانی خاکی پارچە پارچە بکات یاخود تێکبدات و هەڕەشەی لە یەکپارچەیی  یەکێتی سیاسیی دەوڵەتە سەروەر و سەربەخۆکان بکات." 

ئەم تێگەیشتنەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامی ئەوەمان دەداتەوە، کە بۆچی نە کۆمەڵەی گەلان و نە نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ساڵی (1990) تەنانەت بۆ یەک جاریش ناوی کوردیان نەهێناوە. تەنانەت دامەزراندنی ناوچەیەکی سەلامەت بۆ کورد لەلایەن زلهێزەکانی رۆژئاوا لە ساڵی (1991)دا ئاماژە نەبوو بە گۆڕانکاری لەم سیاسەتەدا، چونکە گرنگیدانیان بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکە بێ گۆڕانکاری مابووەوە. سەرەڕای دامەزراندنی ئەم ناوچە ئارامە، زلهێزەکان بەردەوام بوون لە پەسندکردنی یەکپارچەیی خاک بەسەر مافی چارەی خۆنووسینی کورددا.

پشتگیریکردنی سیاسەتی یەکپارچەیی خاک، جارێکی دیکە لە دوای گشتپرسیی ساڵی (2017)ی باشووری کوردستانەوە بە روونی دەرکەوتەوە، کە سەرکردەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەولەویەتیان بە یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان دا، نەک خواستەکانی کورد بۆ مافی چارەی خۆنووسین. ئەم وڵاتە زلهێزانە، نەک رێگەیان لە حکومەتی عێراق نەگرت، بگرە سەرەڕای ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییەکانیان لەگەڵ ئێران، چاوپۆشییان لە میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران کرد، تاکو کۆنترۆڵی شاری کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت بکەن، دوای ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام درا. ئەوەی جێگای سەرنجە، "تێریزا مەی"، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا، دوای ئەم رووداوانە بووە یەکەم سەرکردەی رۆژئاواییەکان سەردانی عێراق بکات و شانبەشانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق وەستابوو و پشتیوانی شانشینی بەریتانیای بۆ یەکگرتوویی خاکی عێراق راگەیاند. 

جگە لەوەش، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگری کرد لەسەر لابردنی هەر ئاماژەیەک بۆ مافەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراق، کە لە بەیاننامە فەرمییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، کە پاش ئەم رووداوانە دەرچوو. ئەوەی شایەنی باسە، پێش ئەم پاڵپشتییەی، حکومەتی عێراق و بەریتانیا گەیشتبوونە لێکتیگەیشتنی سەرەتایی کە مافی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە کۆمپانیای (British Petroleum) بەریتانی بدرێت.

دەکرێ بڵێین کە بەرژەوەندیی ئابووری و یەکپارچەیی خاک، دیارترین و نەگۆڕترین سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان بوو بەرامبەر بە خواستی چارەنووسی کورد لە ماوەی سەدەی رابردوودا. ئەم نەگۆڕییە نابێ بە مانای بێ ئومێدی لێکبدرێتەوە لە گەیشتنی کورد بە مافی چارەی خۆنووسین، بەڵکو دەبێ کورد وانە لە مێژوو وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت چۆن خۆی لەگەڵ ئەم سیاسەتە نەگۆڕەی زلهێزەکان بگونجێنێت. 

سەرچاوە : ڕووداو