سەباح عەبدولڕەحمان

شانۆکار و نووسەری شانۆو دەرهێنەر و ئەکتەر، هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1945 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایك بووە، پاش ساڵێك چوونەتە گەڕەکی کۆڵانی عارەبان، خوێندنی سەرەتایی لە هەولێر تەواو کردووە، لە ساڵی 1961 کە حکومەتی ئەوسای عێراق دەستی کردووە بە بۆردومان کردنی کوردستان، لە هەولێر خۆپیشاندانێك کراوە کە حیزبی شیوعی عێراقی سەرپەرشتی کردووە و لە ژێر ناونیشانی ئاشتی بۆ کوردستان بووە، ناوبراو بەشداری تیا کردووە و فەرمانی دەستگیر کردنی بۆ دەرچووەو چۆتە بەغدا لە ماڵی پلکێکی لە ناوچەی )الکاظمیة( نیشتەجێ بووە. سەباح عەبدولڕەحمان کە دەچێتە بەغدا ساڵێکی خوێندنی لێ دەڕوات و پۆلی دوو و سێی ناوەندی لەوێ تەواو دەکات و ساڵی 1963 دەچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، هەر لە کازمییە بە سەلاح قەسەب ئاشنا دەبێت و زیاتر خولیا و عیشقی تەمسیل و شانۆ دەبێت و ئەویش هانی دەدات، چوار ساڵ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەگەڵ هاوتەمەن و هاوپۆلەکانی وەکو )نزار السامرائي، فوزیە عارف، فوزیە الشندي، بهجت الجبوري(، بەشداری لە سێ کاری هونەری دەکات ئەویش ئەمانەن )یۆلیۆس قەیسەر، هاملێت، دەهالیز( کارەکانی لەسەر دەستی هونەرمەندە گەورەکانی عێراقی بووە لەوانە )حمید محمد جواد، جعفر السعدی، صاح القصب(، خۆ ئەو کات بە دەگمەن قوتابی کورد دەیتوانی بە زمانی عەرەبی نواندن بکات، بەڵام ناوبراو چونکە پۆلی دوو و سێی ناوەندی لە بەغدا خوێندبوو بۆیە زمانە عەرەبییەکەی زۆر باش و ڕەوان بووە، دەوری سەرەکیشیان داوەتێ لەم کارانەی باسمکردن.
سەباح عەبدولڕەحمان پاش تەواو کردنی پەیمانگای هونەرە جوانەکان دەچێتە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان هەر لە بەغدا ساڵیك دەخوێنێ، بەڵام لە بەر سەختی بژیوی ژیان و حەز کردنی بە کار کردن یەکسەر دەگەڕێتەوە هەولێر، لە ساڵی 1968 دەبێتە مامۆستا لە شارۆچکەی رواندز.
سەباح عەبدولڕەحمان هێشتا هەر قوتابی سەرەتایی بووە حەز و ئارەزووی لە نواندن )تمثیل( بووە، هەموو رۆژی پێنج شەممەکان لە قوتابخانەکان کورتە تەمسیل کراوە لەسەر دەستی مامۆستای زمانی عەرەبی، چونکە ئەو کات خوێندن بە زمای عەرەبی بووە، ناوبراو بەشداری تیا کردووە، بۆ یەکەمین جار لەگەڵ گروپێك قوتابی کە مامۆستای دەرهێنەری شانۆیی ڕەوانشاد )صفوت الجراح( پێکیهێنابوو چۆتە سەر شانۆی هۆلی گەل لە هەولێرو بەشدار بووە لە شانۆگەری )هەر دەژین( کە بۆ ماوەی چوار رۆژ نمایش کراوەو خەلکێکی زۆری شاری هەولێر و قوتابیان ئامادە بووینە.
پاش بەیاننامەی ئاداری ساڵی 1970 لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی تر بەشدار بووە لە دامەزراندنی یەکەم تیپی هونەری هەولێر، لە ساڵەکانی 1971، 1972 تا 1978 یش زۆربەی بەرهەمەکانی شانۆ و شانۆگەری هەر هەمووی هی تیپی هونەری هەولێر بوو، یەکەم زنجیرەی تەلەفزیۆنی کە لە بەغدا تۆمار کراوە و لە تەلەفزیۆنی کەرکوك نمایش کراوە زنجیرەی )فاڵچی( بوو کە لە نووسینی نووسەری كوردپەروەر حەمە کەریم رەمەزان هەورامی و دەرهینانی سەباح عەبدولڕەحمان بووە.
سەباح عەبدولڕەحمان زیاتر لە )100( بەرهەمی هونەری هەیە لە دەرهێنان و نووسین و وەرگێڕان و تەمسیل کردن و خاوەنی )5( دەقی شانۆگەریە و دەیان وتار و لیکۆلینەوەی لەسەر شانۆ و شانۆگەری لە رۆژنامەو گۆڤارە کوردیەکان بڵاوکردۆتەوە، گرنترین کارەکانی ئەمانەن )فاڵچی، مارەیی، مەسەلەی شارێك، چڵپاو، لاس و خەزاڵ، گەمەی خەونە ئازارەکان، مەم و زین، تەنها تاقیکردنەوە، چارەڕەش، پێشانگای تەرمەکان، بەرەو خۆر، گۆرانیەك لە باوەشی تاریکیدا، مەمی ئاڵان، ژوان، پەپوو، چیرۆکی کۆن، ڕووتە و چوورچە، سواڵکەر، ڕووباری ژیان، هەبوو نەبو، هەور و ساماڵ، مەرزیەو کاکەمین چەندانی تر(.
سەباح عەبدولڕەحمان ساڵێك بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر بووە چەند پرۆژەیەکی باشی لە بواری شانۆ جێبەجێکردووە، بەڵام لە بەر هەڵویستە کورد پەروەریەکەی زوو دووریان خستۆتەوە، ئەو سێیەم هونەرمەندی شانۆیی هەولێر بووە کە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی شانۆ و شانۆگەری خوێندووە و لە ناو هەولێریەکان بە )معلم الاجیال( ناسراوە و یەکەم دەرهێنەریش بووە کە زنجیرە درامای بەرهەم هێناوە و یەکەم هونەرمەند و دەرهێنەر بووە کە )تصویر خارجی( وێنە گرتنی دەرەکی بۆ دراماکانی کردووە، ماوەیەك پسپۆر بووە لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستاش خانەنشینە.
سەباح عەبدولڕەحمان خاوەنی پرۆژەی نەتەوەیی شانۆیە، ئەم پرۆژەیەی بە فەرمی پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کردووەو دراوەتە لایەنە پەیوەندی دارەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە بۆیە ئەو نیگەرانە و گلەیی و گازاندەی زۆرە بە هیوام نا ئومید نەبێت لە هەولەکانی بۆ باشتر کردنی وەزعی شانۆ و شانۆگەری لە هەولێر بە تایبەتی و لە کوردستانیش بە گشتی. سەباح عەبدولڕەحمان تۆزێ بە تەمەن داچووە، بەڵام هێشتا زۆر گورج و گۆڵە و لە 2/ 2/ 2022 لەگەڵ هاوڕێکانی شاعیر و نووسەر عەبدولڕەحمان فەرهادی و شاعیر و نووسەر نازم دڵبەند لە چلەی هونەرمەند زرار رواندزی ئامادە ببوون و دیارە وێنەیەکیان چرکاندووە وا وێنەیەکم هاوپێچ کردووە.
بیرەوەریەکانم لەگەڵ هاورێی دێرینم کاك سەباح عەبدولڕەحمان دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی 1977 بە سەرەوە کە لە ئەمیندارێتی گشتی رۆشنبیری لاوان سەرۆکی بەشی )تألیف و تعضید و نشر( بووم، هەموو ئەو شانۆگەریانە بە لای ئێمەدا هاتوون و مۆڵەتمان پێداون و چەندین جاریش دەقی شانۆگەریم ناردووە بۆ سەباح عەبدولڕەحمان و ڕەوانشاد تەلعەت سامان و ئەحمەد سالار و جەلیل زەنگەنە لە سلێمانی ئەوانیش وەکو پسپۆر )خوێندوویانەتەوە و بڕیاری مۆڵەت دانی لەسەر دراوە، بە ڕاستی ئەگەر زیادە ڕۆیی نەکەم لە نووسینەکەم دەڵێم: )ساڵەکانی 1977 تا 1986 بە )عصر الذهبی( بە چەرخی زێڕینی شانۆ و شانۆگەری کوردی دەژمێردرێت(.

 

 

سەرچاوە؛ خۆم و ئەستێرە گەشەكان/نەجمەدین عەزیز سمایل