سێزدەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت

سێزدەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن (LKFF) بەڕێوەدەچێت، تێیدا ئەو فیلمە کوردییانە پێشاندەدرێن کە لە 2021 و 2022 بەرهەمهاتوون، بەتایبەت ئەو فیلمانەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، دەرفەتی بڵاوکردنەوەیان پێنەدرا.
فیستیڤاڵەکە لە 23-30 ئەیلوولی 2022 لە لەندەنی بەریتانیا بەڕێوەدەچیت و ئامادەبووان دەتوانن لەرێگەی بلیتەوە فیلمە کوردییەکان ببینن و لە نزیکەوە چاویان بە ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمەکان بکەوێت، لە دوایین رۆژیشیدا رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان بەڕێوەدەچێت.

شلێر مەردۆخی، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵ، بە رووداوی راگەیاند، فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند دەزگا و ناوەندێکی دیکە بەڕێوەدەچێت و بەشێکی بودجەکەی تەرخانکردووە، تێیدا 31 فیلمی کوردی پێشاندەدرێن کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بەرهەمهاتوون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکەم خولی فیستیڤاڵ بەر لە 21 ساڵ دەستیپێکرد و بەهۆکاری جیاواز چەند ساڵێک بەڕێوە نەچووە و ئەمساڵ سێزدەمین خولی بەڕێوەدەچێت و لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

چالاکییەکانی فیستیڤاڵ لە سینەما ریۆ، ڤیو و پرنس چارلیس لە لەندن بەڕێوەدەچن.

لە خولی ئەمساڵدا 31 فیلم بەشدارن، لەوانە 15 فیلمی بڵند و 16 کورتەفیلم، لەم دوو بەشەدا، بەشێک لە فیلمەکان بەڵگەنامەیین و لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵ، حەوت خەڵات لە حەوت بواردا دەبەخشێت.

خەڵاتەکان بریتین لە خەڵاتی رۆژەزێڕ بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی مەمەد ئاسکۆی بۆ باشترین بەڵگەفیلم، خەڵاتی یڵماز گونای بۆ باشترین کورتەفیلم، خەڵاتی تەها کەریمی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی کور، خەڵاتی تایبەتی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو.

لە نێو فیستیڤاڵدا دوو پانێل بەڕێوەدەچن، پانێلی یەکەم لەبارەی مێژووی سینەمای کوردی و ئاستەنگەکانیەتی و پانێڵی دووەم لەبارەی ژن لە سینەمای کوردیدایە.

 

سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق