سیناریۆکانی دەرو دراوسێ وخۆکوژی کورد

 

 

 

 

 

 

لەتیف فاتیح فەرەج

ڕەنگە جوانترین خائین لەمێژوی کورداحەسەن خەیری بێت، هەرهیچ نەبێت دانی بەوەدا نا کە خیانەتی لەگەلی خۆی کردوە، با ئەتاتورکیش ڕاستی لەگەڵ ئەو نەکردبێت، لێ کە دوو وەزیری دوو دەوڵەتی عێراق و تورکیا یەکی کوردی باشورو یەکی کوردی تورکیا هەرچەند لەڕیشەی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە لەسەر پرسی لەشکرکێشی بۆسەر کوردو بەتیرۆریست ناساندنی لایەنێکی نێو بزاوتی خەباتی کوردی کۆبونەوە دەکەن،کەسیان ناڵێن نابوو دەرهەق گەلی خۆمان واباین، ئەمە بابەتێکە جێگەی هەڵوەستەیە،لێ لەوە بەئازار تر ئەوەیەدەرو دراوسێ لەهەموو لایەکەوە گرەو لەسەر کەوتنی کورد دەکەن کوردیش گرەو لەسەر خستنی یەکتر بەتایبەت لەهەرێمی کوردستان.

لەمەودای چوار ساڵی ڕابردودا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش لەهەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لەهەوڵی لێبڕاوانەدابووبن بۆ نەمانی هەرێم بەو جۆرە کاریان کردوە، ڕێکنەخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوام کێشە دروستکردن بۆ یەکخستنی پێشمەرگە، ناکۆکی نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێم، بەپۆلیسی کردنی دام و دەزگا حکومیەکان، زاڵکردنی حزباندن لەناو حکومەتا بەئاوەزی ئەمنیانە،هەموو گرەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی بێ ئیرادە بۆ شکستی هەرێم، نەبونی ئاوەزی  چاکسازی ڕاستەقینە،، هەموو ئەمانە بەردەوام دۆخێکیان دروستکردوە کەترسی ئەوەت هەبێ ئەمڕۆ نا سبەی ئەم هەرێمە لەبەریەک هەڵوەشێتەوە، لەکاتێکا وڵاتانی دەوروبەریش ئەوانەی کوردستان و کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، بەردەوام سەرقاڵی پیلانی لەمەنگەنە دانەوەی دۆزی کوردان.

لەماوەی بەرێدا پەیوەندیەکانی عێراق و تورکیازۆر چونە سەرەوەو لەبواری ئاسایشی دوولایەندا کۆمەڵێک ڕێکەوتنیان واژوو کرد، عێراق چووە ژێر باری ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە قەدەغە کراو ناوبەرێت،کار گەیشتە ئەوەی تورکەکان بڵێن عێرا بەشداری شەڕی ئەو حزبە دەکات ، هاوشانی تورکیا ئەو شەڕە دەکات، سەبارەت سوریاش تورکیا هەنگاوی زۆری نا بۆ ئەوەی دانیشتنی نێوان ئەسەدو ئەردۆغان بەڕێوە بچێت، یەشار گولەری وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت هیچ لەمپەرێک لەنێوان ئێمەو سوریادا نیە بۆ دانیشتن، ئەسەد وێڕای واڵا کردنی دەرگای دانیشتن، لێ سورە لەسەر کشانەوەی سوپای تورکیاو میلیشیاکانی لەناو خاکی سوریا، ئەمە بۆ تورکیا ئەستەمە، بەڵام ناکاتە ئەوەی لەمەشدا هەڕەشە لەسەر ڕۆژئاواو هەرێمی کوردستانیش نەبێت، گرفتی سەرەکی ئەوەیە کورد ئەم هەنگاوانە بەچاوی ئاوەز ناخوێنەوە.

ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەهەرێم و ناکۆکیەکانی نێوان ڕۆژئاواو پارتی و هەوڵی بەردەوامی تورکیا بۆ درووستکردنی شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان پارتی وپارتی کرێکاران، تۆمەتبارکردنی بەردەوامی یەکێتی بەهاوکاری کردنی ئەو پارتەوڕەنگە بۆ تورکیا ئەوەش ڕونبووبێتەوە کە پێشمەرگە نایەوێت شەڕی کرێکاران بکات،یان زانیاری ئەوەیان هەبێت کەوەزارەتی پێشمەرگە یەکێتی وپارتیشی تیایەو وەزیرەکەش یەکێتیە ئامادەنین لەگەڵ پارتی پێکەوە شەڕی کرێکاران بکەن، ئەمەش تورکیای لەیەکێتی دەهری کردوەو ڕەنگە ناردنی درۆنە زەبەلاحە ساروخ هەڵگرەکەی سەر کەرکوکیش بەشێک بێت لەو دەهری بوونەوخستنە خوارەوەکەی بۆ تورکیا شۆکێکی گەورە بوو،تورکیا دەیەوێ هەرچۆنێک بێت یەکێتیش تێوە گلێنێت، بۆئەمەش دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری یەکێتی بۆ ئەو شارە دەیەوێت کەرکوک بەدەردی سلێمانی بەرێت، ئەمە بۆ چونێکەو قسەی لە بارەوە دەکرێت مەرجیش نیە وابێت، کێشە ئەوەیەلەنێو ئەم شڵەژاویەی ناوچەکەو دنیادا ئاوەز دارانی کورد لەدۆخی نەبووندان و کەس نیە تەدبیری حاڵی کورد بکات.

بەگشتی هێشتا لایەنە سیاسیە سەرەکیەکانی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان، ئەو هێڵە سەرەکیەیان نەدۆزیوەتەوە کە لانی کەم بتوانن لەسەری بوەستن و لەم گرژیەی ناوچەکەی گرتوەتەوە بیر لە گەمی دەربازبوون بکەنەوەو خۆ لەبەردەبازی ئەم و ئەو ڕزگار بکەن.

سەرچاوە : خەندان