'مینا و نەورەسەکە' چیرۆکێکی پڕ لە خەیاڵە بۆ منداڵان، لە نووسینی سیروان رەحیم، چیرۆکنووس و فیلمسازی کوردە و لە دووتوێی کتێبێکدا لە وەشانخانەیەکی ئەڵمانیا بە زمانی ئەڵمانی چاپ و بڵاوکرایەوە.
کتێبەکە بە کۆمەڵێک نیگاری تایبەتی مینا رەحیم، رازاوەتەوە و وێنای بەشێکی چیرۆکەکە کراوە و کتێبەکە تایبەتە بەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ هەشت ساڵ.
سیروان رەحیم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتێک چیرۆکەکەی نووسیوە، چەندین جار بەسەریەکەوە و هەندێ جاریش بڕگەکانی بۆ مینا خوێندووەتەوە، مینایش تێبینی خۆی پێداوە، بەو جۆرە کاریگەریی چێژ و سەلیقەی مینایش ئاوێتەی تەواوی چیرۆکەکە بووە.
پەرتووکەکە لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی ئێنگەلسدۆرفەرە لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا و خوێنەری ئەڵمانی دەتوانێت لە رێگەی ماڵپەڕی وەشانخانەکەوە کتێبەکەی دەستبکەوێت.
پوختەیەکی چیرۆکەکە:
مینای بچوک و ژیر لە بەر کانیاوی گوندەکەی داپیرە و باپیرەی خۆی نەورەسێک دەناسێت. لە نێو کەشی خەیاڵئامێز و سەرسامکاری سرووشتدا هاوڕێیەتییەکی خێرا لە نێوان نەورەس و کچەکەدا ساز دەبێت.
هانا هاوڕێیەکی زۆر نیزیکی مینایە، بۆیە نەورەسەکە دواتر هانایش دەناسێت.
نەورەس و مینا تەواو هۆگری یەکتر دەبن.
ئێوارەیەک مینا و هانا لە دارستانێکدا پیاسە دەکەن، بەدەم قسەوە ئاگایان لە کات نامێنێت و وردە وردە تاریکی دارستان دادەپۆشێت. هەر دوو کەنیشک رێگەی گەڕانەوە نادۆزنەوە، نەورەسەکە فریایان دەکەوێت. پێشاندانی هێزی باڵادەستی باڵندە و ئاژەڵ، هێزێک لە سەرووی هێزی مرۆڤەوە، لەو دۆخەی چیرۆکەکەدا یەکجار کاریگەر بەرجەستە کراوە، تاکو مرۆڤ بزانێت ئەوان چییان پێدەکرێت و مرۆڤیش خۆی دەتوانێت چی بکات.
نەورەسەکە بەسەریاندا دەفڕێت، رێگەی دەرچوون لە دارستانەکە دەدۆزێتەوە و چاوساخیان دەکات. لەوێدا هاوکات هێزی نەورەسێک و گیانی هاوڕێیەتیش بەشێوازێکی تایبەت خراوەتە بەردەستی خوێنەر.
سەرچاوە : ڕووداو