زەردەخەنەی ئەبەدی پێر لاگەرگڤیست دەکرێتە کوردی

زەردەخەنەی ئەبەدی کتێبێکی نوێی نووسەری جیهانی پێر لاگەرگڤیست ە و لەلایەن وەرگێڕی کورد کەریم تاقان ە وە کراوە بەکوردی و ناوەندی کەپر بڵاوی دەکاتەوە. 
وەرگێڕی ڕۆمانەکە، کەریم تاقانە دەربارەی کتێبەکە دەنووسێت:
پێر لاگەرکڤیست پاییزی ساڵی 1919 دەست بە نووسینی "زەردەخەنەی ئەبەدی" دەکا و لە مانگی حەوتی ساڵی 1920دا لێی دەبێتەوە.
لاگەرکڤیست بەم کارەی، پێ دەنێتە قۆناغێکی تازەی هونەری گێڕانەوەوە. خۆیشی لە نامەیەکدا کە ساڵی 1920 بۆ بڵاوکارەکەی، نووسیوە، ئاماژە بەم ڕاستییە دەکا: "ئەم چیرۆکە مەزنترین کاری منە کە تا ئێستا کردبێتم. ئەمە سەرەتای قۆناغێکی تازەی نووسەریی منە، ئەگەر بۆم هەبێ هێندە بە شکۆوە بدوێم..."
زەردەخەنەی ئەبەدی بەم جۆرە دەست پێ دەکا:
"هەبوو نەبوو، چەند مردوویەک هەبوون، پێکەوە لە شوێنێکدا لەنێو تاریکایی دانیشتبوون؛ لە کوێ، نەیاندەزانی؛ ڕەنگە لە هیچ کوێیەکدا، دانیشتبوون و قسەیان دەکرد، بۆ ئەوەی ئەبەدییەت تێبپەڕێ."
مردووان کە ڕۆژگارێک لەسەر ئەم دنیا خاکییەدا ژیاون، ئێستا لە شوێنێکدا کە بۆ خۆیشیان نازانن کوێیە، دانیشتوون و باسی ژیان و تاسە و ئەوین و سەربردەی خۆیان دەکەن، ئەو دەمەی کە لەسەر خاک بوونە. پرسیار لە ناخیاندا دەورووژێ: ئێمە بۆ زیندووین؟ ژیان و مەرگ چین؟ ئەوین چییە؟ بۆچی خواوەند وەڵامێک ناداتەوە؟
دەگەڕێن و دەگەڕێن، بە دوای خواوەنددا.
زەردەخەنەی ئەبەدی کتێبێکی ئاسان نییە، بەڵام پێشنیاز دەکەم ئەوانەی کە ئەهلی کتێب و چیرۆک و فەلسەفەن، بیخوێننەوە.
بەشێک لە کتێبەکەوە:
من لە دایک بووم تا حوکمی تەواوی زەوی بکەم. لە تازەلاویمدا بە سواری ئەسپ وڵاتەکەم گەڕام. هاوین بوو، ڕۆژ ڕووناک و درەوشاوە بوو، هەموو شتێکم لێوە نزیک بوو، هەموو مرۆڤێک، هەموو درەخت و گوڵێک، هەموو شتومەکەکانی زەوی، هەموو شتێکم لە لا بوو. ئەودەم تێگەیشتم ژیان هەموو شتێکە، ژیان نەبێ، هەموو شتێک هیچوپووچە. ژنێکم هێنا، کوڕێکی بۆم هێنایە دنیاوە، شێوەی لە من دەچوو، ئەویش قەرار بوو بژیێ. گەلی خۆمم کۆ کردنەوە، دامن بە گژ ئەوانی دیکەدا، هەمووانم فێری ژیان و مردن کردبوو. هەموومان لە بەر هەتاودا تێدەکۆشاین، ئێمەی براوە، ئێمەی دۆڕاو. هەموومان خۆشیی ژیانمان دەبینی و دەمانزانی سەرەتایەکی هەیە و کۆتایییەک. پاڵەوانان خوێنیان لێ دەڕژا؛ زیندوو، مردووی لە بیر دەکرد.
بەیانییەک بوو، زەنگی جەنگ لێ درابوو. سواری ئەسپەکەم بووم و کەوتمە پێش گەلی خۆم، بەبێ کڵاوزرێ، بەڵام بە چەکی درەوشاوەوە. پیاوێک شمشیری بە سینگمدا کرد، دەرمهێنا و هەستم کرد دەمرم. لە حاڵێکدا خوێنم لێ دەچوو، درێژەم بە خەبات دا بۆ ئەوەی دوایین جەنگ و دوایین ساتی خۆشی ژیانم نەدۆڕێنم. بەگوڕتر لە هەمیشە، لە بەر ئەو خۆرە درەوشاوەیەدا، دەجەنگام. کوڕێکی گەنج بەرەو ڕووم هات، وەک خۆم ئازا بوو، دامپاچی. کوڕە کەوتە سەر عەرزەکە و خەریک بوو گیانی دەربچێ، ئەوکات ڕووی بۆ لام وەرگێڕا و تا ماوەیەک بە سەری سووڕماویەوە تەماشای کردم. ڕق لە چاوی تاریدا نەبوو، بەڵام بە ئێرەیییەوە سەیری ئەو کەسەی دەکرد کە بە پیریی ئەو ژیانە دڵڕفێنەوە دەچوو، لە حاڵێکدا خۆی هەموو شتێکی جێ دەهێشت و دەمرد. سینگم ڕووت کرد و برینە گەورە و دەمکراوەکەم پێشانی دا. ئەوکات لێم تێگەیشت و بە دەم زەردەخەنەوە مرد.
بەڵام کە هەستم کرد مەرگ نزیک دەبێتەوە، تەکوتەنیا لە جەنگ و هەراکە دوور کەوتمەوە. بەسەر ئەسپەکەمەوە و بەو برینەوە کە خوێنی لێ دەچۆڕا، بە مەزرا دڵڕفێنەکەدا تێپەڕیم. گوڵەکان و درەختەکانم بینین، چیاکان و هەموو ڕێگەکانم بینین، هەموو ئەو گوندە ڕووناکانەی نێو دۆڵەکانم بینین، باڵندەکانیش، کە بەسەر سەریانەوە دەخولانەوە. هەموو شتێکم لێوە نزیک بوو، هەموو شتێکم لە لا بوو. ئەودەم تێگەیشتم ژیان هەموو شتێکە، تێگەیشتم بێ ژیان، هەموو شتێک هیچوپووچە. من بە پێوە مردم، لە حاڵێکدا تەماشای دەوروبەری خۆمم دەکرد.
بێدەنگ بوو. پاشان گوتی:
بەو حاڵەیش، ئەوە تەواوی ماجەراکە نەبوو.
خۆشیی ژیانیش، خۆشیی من نەبوو. خۆشیی ژیان تار و پێچاوپێچ بوو، وەک خۆشیی ژیانی من نەبوو. من مرۆڤێک بووم وەک هەموو ئەوانی دیکە، هیچ شتێکم لەوان زیاتر نەبوو.

 

سەرچاوە: galawej