دکتۆر شادمان عەزیز کەریم
جیهان پێشكەوتنێكی سەرسوڕهێنەر بەخۆیەوە دەبینێت، زیرەكی دەستكرد رۆژ بەڕۆژ لەهەموو بوارەكانی ژیاندا زیاتر دەردەكەوێ، دكتۆر شادمان عەزیز كەریم، توێژەر لەزانكۆیAlliant International ی سانتیاگۆ - كالیفۆرنیای ئەمەریكا دەڵێت "زیرەكی دەستكرد كە بەشۆڕشی چوارەمی پیشەسازی ناودەبرێت لەگەڵ خۆیدا دەمانبات، مرۆڤ بۆ ئەوەی بەشێك بێت لەم سیستەمە پێویستە هەر لەئێستاوە هەوڵبدات لێی تێبگاتو سوودی لێببینێت".
شۆڕشی پیشەسازی چوارەم
د.شادمان عەزیز كەریم، كە توێژەرە لەزانكۆی كالیفۆرنیای ئەمەریكا، لەپێناسهی زیرهكی دهستكرد-دا بە"ئاوێنە"ی راگەیاند "زیرەکی دەستکرد، کۆمەڵێک هاوکێشەی ماتماتیکییە کە لەڕێی کۆمپیوتەر یاخود سۆفتوێرێکی کۆمپیوتەرەوە ئەم هاوکێشە ماتماتیکییانە بیردەکەنەوە وەکو هۆشمەندی مرۆڤ، ئەم سۆفتوێرانە لەبری مرۆڤ، یان وهك مرۆڤ بیردهكهنهوه".
ئەو ئاماژە بەوە دەكات مێژووی سەرهەڵدانی زیرەكی دەستكردو دروستكردنی ئامێری زیرەك دهگهڕێتهوه بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیستەم کە بۆ یەکەمجار ئالان تورین سیستمی تورینی دانا، لەو رۆژگارەدا كە هێزە گەورەكانی جیهان بەتایبەتی ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیا لەزۆرانبازییەكی گەورەدا بون، لەئەمەریكا کۆمپیوتەرێک دروستکرا کە ئەم کۆمپیوتەرە بووە یەکەم کۆمپیوتەری دنیاو کێشەکەی سێ تەن بوو، مەبەست لەدروست کردنیشی یەکەمجار بۆ کاری هەواڵگری سەربازییو خوێندنەوەی کۆدی ئەڵمانییەکان بوو لەجەنگی دووەنی جیهانیدا، شادمان وتی "هەرچەندە کێشە زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە لهکوێوه یەکەمجار زیرەکی دەستکرد داهێنرا، چونکە هەوڵێکی هاوکات هەبوو لەبەریتانیاو لەئەمریکاشەوە بۆ بەرهەمهێنانی، لەبەرئەوە زۆر قورسە بڵێین لەکوێوە یەکەمجار سەریهەڵدا، تەنانەت هەندێ لەتوێژەران سەرەتاکانی سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد دەگەڕێننەوە بۆ یۆنانی کۆن".
وتیشی "بەڵام ئەوەی بهردهستهو هەیە ئالان تورینە کە سیستەمی تورینی داناوە، لە ساڵی 1950دا وتارێكی نوسیو دەڵێ "کاتێ هاتی ئامێرێک قسەی کردو مرۆڤ نەیزانی کێیە"! وەک ئەوەی لهوسهری هێڵی ئاسیاسێلو كۆڕهك-ەوە کەسێک قسهت لهگهڵ دهكات".
شادمان باس لەوە دەكات كە زیرەكی دەستكرد دەمێكە كاری لەسەر دەكرێت، كە زیاتر تۆژینەوەكان جەغت لەوە دەكەن یەكەمجار لەساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردودا بوو لەبەریتانیاو ئەمەریكا، بەڵام ئەوكات ئەتوانرا زۆر شتی گەورە بەرهەمبهێنێت، حكومەتەكانی بەریتانیاو ئەمەریكا رایانگەیاند كە پارە لەو بوارەدا خەرج ناكەن، ئەو وتی "بەڵام لەماوەی ساڵانی نێوان 2010 بۆ 2012 ئەوەندە داتا بەرهەمهاتوە لەدنیادا كە یەكسانە بەوەی هەمو مرۆڤایەتی لەسەرەتای دروستبونی مرۆڤەوە تا ساڵی 2010 بەرهەمی هێنابوو، بۆیە دوای ئەوەی ساڵی 2012 كە ئەو هەمو داتایە بەرهەم هات وتیان پێویستە هاوكێشەی كۆمپیوتەری بۆ بهێنینن، بۆیە گەڕانەوە بۆ زیرەكی دەستكردو وردە وردە زیرەكی دەستكرد لە2015دا بایەخێكی گەورەی پێدرا كە لەمونتەدای داڤۆس هاتن وشەیەكی تریان داهێنا بۆ مرۆڤ، ناوی مرۆڤیان لەهۆمۆساپییەنەوە گۆڕی بۆ فۆنۆسایپییەن، هۆمۆكەیان گۆڕی بۆ فۆنۆ (تەلەفون)، وەك ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی تری بونەوەر كە جیاوازییەكی زۆر گەورەی هەیە لەگەڵ مرۆڤەكانی پێشتری وەك هۆمۆسەپییەن، چیتر ئێمە هۆمۆسەپییەن نین بەمانا سادەكەی، بەڵكو ئێمە فۆنۆ سەیپەینین، لەبەرئەوەی هەمو شتێكمان گرێدراوە بەتەلەفونو مۆبایلەكەمانەوە، ئیتر ئایفۆن بێت یان سامسۆنگو هواوی بەرنامەی زۆری تیایە كە هەمو شتێكمان لەڕێگەی ئەو تەلەفونەوەیە، گەڕانمان، هەڵسوكەوتمان، بازاڕكردنو سەرگەرمیمان، ئەمە وایكرد بایەخێكی زیاترو تێگەیشتنی زیاتر هەبێت بۆ زیرەكی دەستكرد".
شادمان ئەوەش روندەكاتەوە كە زیرەکی دەستکرد بەشۆڕشی پیشەسازی چوارەم ناودەبرێت، کە دوا داهێنانی مرۆڤهو لەدوای ئەمەوە مرۆڤایەتی ناتوانێ هیچ داهێنانێکی دیکە بەبێ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بکات، ههر داهێنانێكی دیكه بكرێت بههۆی زیرهكی دهستكردهوه دهكرێت كە ئامێرە زیرەكەكان توانای بیركردنەوەو خێراییو پێشبینیكردنیان لەتوانای زەینو ئەقڵی مرۆڤ زیاترە، ئەو وتی "ئێستا زیرەكی دەستكرد لەهەموو بوارێکدا بهكاردههێنرێتو کاری پێدەکرێت، هەر لەپیشەسازیو بازرگانیو بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانەوە بگرە تا دەگات بەبوارەكانی تەندروستیو پەروەردەو فێركردنو هەواڵگریو سەربازیی".
زیرەكی دەستكرد: شۆڕشێك لەبواری ئابوری-دا
شادمان باس لەوە دەكات كە زیرەكی دەستكرد، لە بواری بازرگانییدا شۆڕشو گۆڕانکارییەكی گەورەی بەدیهێناوە، كاریگەریی بەئەندازەیەكە كە پێشبینی دەكات لەئێستا بەدواوە هەر كۆمپانیایەك لەبوارەكانی بازرگانیو پیشەسازییدا زیرەكی دەستكرد بەكارنەهێنن، جا ئیتر بەكارهینانی رۆبۆت بێت وەكو میكانیك، یاخود بەكارهێنانی سۆفت وێر بۆ بیركردنەوەو بڕیاردان لەبواری ماركێتینو لەبواری بەرهەمهێنانو فیدباكی كڕیاردا، بەجێدەمێننو لەكار دەكەون، ئەو وتی "لەئێستاوە ئەوە یەكلایی بوەتەوە، بۆیە هەمو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانو بوارەكانی تر كە زیاتر پەیوەندییان هەیە بەبواری بازرگانیو فرۆشتنەوە ناچارنو بەدەست خۆیان نییە كە زیرەكی دەستكرد بەكاربهێنن، ئەگینا تەواو دەبێت بڕۆنو كۆمپانیاكەیان دابخەن".
شادمان ئەوە روندەكاتەوە كە پێویستە لەسەر بازرگانو پیشەسازكارانو خاوەن كارانی كوردستان درك بەوە بكەن لەسەرتاسەری جیهاندا رۆژ بەرۆژ كۆمپانیاكان زیاتر زیرەكی دەستكرد بەكاردەهێنن كە كارئاسانییەكی زۆریان بۆ دەكات لەگەشەدان بەكارەكانیانو بەرز كردنەوەی كوالێتی بەرهەمەكانیانو پێشخستنی توانای كارگێڕییو پاشەكەوت كردنی كاتو داهاتیانو رێكخستنی كاروبارەكانیانو زیادكردنی رێژەی بەرهەمهێنان، لەبەرئەوەی رێژەی برشیاردانی هەڵە بەپشت بەستن بەزیرەكی دەستكرد زۆر كەمترە بەراورد بەپشت بەستن بەمرۆڤ.
ئەو وتی "لەئێستا بەدواوە هەموو كارو بازرگانیو پیشەسازییەك پێویستی بەداتایە، هەموو كۆمپانیایەك بیر لەوە دەكەنەوە بەهۆی ئەو داتایانەوە كە دەستیان دەكەوێ كاڵاكانیان بەرهەمبهێنن، بۆ نمونە كۆمپانیایەكی تایبەت بەپۆشاك لەئەمەریكا هەیە هەشت ساڵ لەمەوبەر كچێك لەژێرزەمینەكەی ماڵی خۆیانەوە دایمەزراندوە، ئێستا ساڵانە 800 ملیۆن دۆلار بەس قازانج دەكات بەهۆی بەكارهێنانی زیرەكی دەستكردەوە، دەزانێ چ پانتۆڵێك بۆ كڕیارەكانی باشە، پۆشاكت بۆ دەنێرێتە ماڵەوە، ئەگەر بەدڵت نەبو دەینرێیتەوە، كە دەینێریتەوە پێیاندەڵێیت بۆچی ناردوتەوەو هۆكارەكەی دەستنیشان دەكەیت، لەدواتردا هەمو ئەو كەسانەی ناردویانەتەوەو قسەیان كردوە، هاوكێشەیەكی ماتماكیكی لێكدەدەنەوەو بیر لەوە دەكەنەوە چی بۆ تۆ باشە بۆت بهێنن؟ ئنجا كە بۆت دەنیچرن نایگكەڕێنیتەوە".
شادمان جەغت لەوە دەكات كە هەموو بوارەكانی بازرگانیو پیشەسازی لەشێوازی كاركردنی كلاسیكییانەوە پێویستە بگۆڕێن، ئەو وتی "چەند كۆمپانیایەكی بچوك هەن لەسانتیاگۆ كە من كاریان لەگەڵ دەكەم بۆ تێزی دكتۆراكەم، هەموویان دەیانەوێ بۆ بەرهەمهێنانیان پشت بەرۆبۆت ببەستن، لەپەنا ئەوەشدا دەیانەوێ لەرێكخستنی كارو چۆنیەتی بەرهەمی داهاتوویاندا پشت بەزیرەكی دەستكرد ببەستن لەبری ئەوەی كۆمەڵێك ستاف بێت كۆببنەوەو بڕیار بدەن، بەڵكو كۆمپیوتەرەكە بیر لەوە دەكاتەوە كە چی بكرێتو بڕیارێكی راستتر دەدات، چونكە زیرەكی دەستكرد رێژەی هەڵەی 2% كەمترە لەمرۆڤ، بەرەو باشتریش دەڕوات".
وتیشی "زیرەكی دەستكرد وادەكات بەرهەم چاكتر بكرێت، كاڵای بێ بایەخ دروست نەكرێت، كاڵایەك بێت كە خواستی لەسەر بێتو كوالێتی بەرزو بەدڵی كڕیار بێت".
ئەم توێژەرە ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا لەزۆربەی بازاڕەكانی بۆرسەدا چیتر ئەو دەڵالانە پێویست نین كە پێشتر ئاگایان لەبازاڕ بوو پێشنیاریان دەكرد كە تۆ پشكی چ كۆمپانیایەك بكڕیت، لەئێستادا وردە وردە ئەو دەڵاڵانە كاریگەرییان كەمتر دەبێتەوەو خۆیان پشت ئەستورن بەو سیستەمی زیرەكی دەستكردە، ئەو وتی "چیتر باوی ئەوە نەما كە دانیشین گوێ لەهەواڵ بگرن، بیرمە كە ماستەرم دەخوێند دەربارەی كارگێڕی كار، شەوان دادەنیشتم بەدیار كەناڵەكانەوە تا بزانم هەواڵ چییەو بازاڕی ئەوروپا چی لێدێ، چونكە هەندێك پشكم دەكڕیو دەفرۆشت وەك پڕۆژە، شەوانە دادەنیشتم بەدیار هەواڵەوە بۆ ئەوەی بزانم چی دەبێت بۆ ئەوەی بڕیار بدەم، ئێستا باوی ئەوە نەماوە، زیرەكی دەستكرد بەپێی لێیدەكۆڵێتەوەو پێتدەڵێت چی باشە بیكڕیت".
وتیشی "ئێستا ئەپێك هەیە پێیدەڵێن رۆبن هود كە دایئەبەزێنی، لەڕێگەی ئەم ئەپەوە خۆی پێتدەڵێت چ پشكێك لەمڕۆدا باشە بیكڕیت، هۆكارەكانیشیت پێدەڵێت بۆچی باشە بیكڕیت، كە كلیكی لەسەر دەكەیت دەوبات بۆ هەموو ئەو شیكاریانەی كە ئەنجامدراون لەو بوارەدا. لەیاهو فەیتال - دارایی یاهو، كە دەچیتە سەر سایتی یاهو شوێنێكی هەیە تایبەتە بەبازاڕی بۆرسەوە، پێش پێنج ساڵ پێشنیاری بۆ دەكردیت كە پشكی فڵان كۆمپانیا بكڕیتو پێیدەوتیت بۆچی باشە، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك راڤەكاری تیایە كە پێتدەڵێن لەئیكسۆنی بكڕە باشەو بۆچی، یان ئەگەر لەوی نایكڕی لەبرێتیش پترۆلیۆم پشك بكڕی باشترە بۆ نمونە، واتە ئەلتەرناتیڤەكانیشت دەدەنێ بەوردی. هەر یاهو فەینال خۆی ئەم گۆڕانكارییەی كردوە لەئێستاداو كۆمەڵێك ئاسانكاریت بۆ دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری راست بدەیت چونكە بۆرسە زۆر گرنگە بڕیاری دروست بدرێت".
زیرەكی دەستكرد پیشەو كار دەگۆڕێت
شادمان باس لەوە دەكات كە داهێنانی تەكنیكو تەكنەلۆجیای نوێو زیرەكی دەستكرد، پیشەو كارە باوەكانی ئێستای مرۆڤی لەبەردەم چەندین سیناریۆی جیاوازدا راگرتوە، ئەو وتی "ئێستا لەدنیای پیچشكەوتوودا پرسیارەكە ئەوەیە ئەم پیشەو كارانەی هەن زیاتر بەئاڕاستەی پوكانەوەو پشت بەستن بەرۆبۆتو زانستی كۆمپیوتەردان؟ ئەو هەلومەرجەی كە تەكنەلۆجیاو رۆبۆتو زیرەكی دەستكرد بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئابوری جیهان دروستیكردوە لەوە ئاڵۆزترە لەوەی تەنها بڵێین رۆبۆت جێی مرۆڤ دەگرێتەوە. بەڵام بەدڵنیایی سەبارەت بەپیشەو كار سێ روداو بەڕێوەن: یەكەم، هەندێك لەئیشو پیشەكان لەدەست دەدەینو لەناودەچن. دوەم، زنجیرەیەك كاری نوێ سەرهەڵدەدەن. سێهەم، زنجیرەیەك لەپیشەو كار دەگۆڕێن. چ پیشەو كارێك لەناودەچێتو چ پیشەو كارێك سەرهەڵدەدەن، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هێزی مرۆییو بۆ ئەوەی تا چ رادەیەك دەتوانین خۆمان لەگەل تەكنەلۆژیای ئێستاو ئەو تەكنەلۆژیایەی دەتوانێت كاریگەری گەورە لەسەر ژیانی ئێمە هەبێت بگونجێنین".
وتیشی "لەبواری پیشهو کاردا، ئەگەر بیری لێ بکەینەوە شۆڕشی پیشهسازی لهناوهڕاستی سهدهی ههژدهوه کە گهشهی كرد، جۆرێك لهرۆبۆت دروستكردن بونی ههیه، بۆ نمونه كه یهكهمجار تراکتۆر داهات كاری جوتیاریی كهمكردهوه، ئەوەی پێشتر بە 50 جوتیار دەکرا بەتراکتۆرێک ئەنجامدەدرا لەكاتژمێرێكدا، بەڵام لەهەمان کاتدا پیشهی شۆفێریی تراکتۆری هێنایە ئاراوە. لەئێستاشدا زیرەکی دەستکرد کۆمەڵێک پیشەی نوێ دروست دەکاتو کۆمەڵێک پیشەی زۆریش لەناودەبات ".
شادمان ئاماژە بەوە دەكات ئەو پیشانەی زیرەكی دەستكرد دروستی دەکات زیاتر كار كردن دەبێت بەئەقڵ لەرێگەی هاوكێشهی ماتماتیکیو سۆفتوێرەوە، ئەو وتی "پێشتر شۆڕشە پیشەسازییەكان ئەو كارو پیشانەیان لەناودەبرد كە پێویستیان بە كارامەییو شارەزاییەكی زۆر نەبو، بەڵام زیرەكی دەستكرد تەنها بەوەوە ناوەستێ كە ئەو كارو پیشانە كەم دەكاتەوەو رۆبۆت دەخاتە شوێنی مرۆڤەوە، بەڵكو كاریگەری لەسەر پیشەكانی وەك پزیشكیو پارێزەرییو رۆژنامەنوسیی مامۆستایی زانكۆش دەبێت، كۆمەڵێك كار هەبوە كە پیچشتر واماندەزانی هەر بەمرۆڤ دەكرێ ، بەڵام لەڕاستیدا زیرەكی دەستكرد بەشێوەیەكی باشتر دەیانكات، چونكە توانای پێكانی ئەوەندە وردە كە لەسەرو توانای مرۆڤەوەیە، بۆ نمونە رێژەی هەڵە لای مرۆڤ 5%ە چەند زیرەك بێت لەهەر بوارێكدا، بەڵام لای زیرەكی دەستكرد لەخوار 3%ەوەیە".
ئەمەریكاو كوردستان: زیرەكی دەستكردو بانكو پارەی كاش
شادمان كە ساڵانی ژیانی دابەش بوە بەسەر كوردستانو ئەمەریكادا، ئاماژە بەگرنگترین جیاوازی نێوان ئەمەریكاو كوردستان دەكات لەسیستەمی بانكیدا، كە هۆكارێكی گەورەی گەشەنەكردنی ئابوری كوردستانە، ئەو وتی "ئەو جیاوازییە زۆر زۆر گەورەیەی بەدیم كردوە لەئەمەریكاو كوردستاندا پەیوەندی هەیە بەو سیستمە بانكییەی لەكوردستان نیمانە، ئەمەش وایكردوە كوردستان زۆر زۆر لەدواوە بێت، چونكە كە ئێمە سیستەمی بانكیمان نەبو ناچارین هەمو شتێك بەكاش بكڕین كە لەئێستادا كەمتر بەم شێوەیە مامەڵە دەكرێت لەجیهاندا، لەبەرئەوە هەڵسوكەوتی ئێمە زیاتر هەڵسوكەوتێكی تۆمار نەكراوە، لەكاتێكدا ئەوەی من ئێستا تیایدا دەژیم لەئەمەریكا هەڵسوكەوتێكی زۆر تۆمار كراوە، كاتێك هەڵسوكەوتی مرۆڤەكان تۆماركراو بێت لەبوارەكانی بازرگانیو ماركێتینو گەڕانو هەموو ئەو بوارانەی كە مرۆڤ رۆژانە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكات، ئەم زیرەكی دەستكردە دەتوانێت بێت كۆمەڵێك پێشبینیت بۆ بكات، كوالێتی ژیانت بەشێوەیەكی باشتر بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر وەكو ئەوەی لەكوردستان هەیە بوارەكان تۆمار نەكراو بێتو داتا نەبێت، كە ئێمە لەكوردستان داتا بەرهەم ناهێنین، بەڵكو كۆمەڵێك قەرەباڵغییە كە دەیكەین، ئەم داتا بەرهەم نەهێنانە وامان لێدەكات كە دواجار لەدواوە بین، چونكە زیرەكی دەستكرد نازانێ چیمان لەگەڵ بكات، داتایەكمان نەداوە پێی تاوەكو بێت پێشبینیمان بۆ بكات، ئەمە كێشە زۆر زۆر گەورەكەیە. كە بەبڕوای من كوردستانو ئەو شوێنانەی داتا بەرهەمناهێنن قەیرانیان توش دەبێت لەئایندەدا".
بازاڕی ئۆنلاین
شادمان کە لەزانكۆی كالیفۆرنیا دکتۆرای خوێندوە، ئاماژە بەوە دەكات كە بازاڕێكی ئۆنلاینی هەیە لەڕێگەیەوە خەڵك كاڵای لێدەكڕێت بەبێ ئەوەی ئەو لەماڵی خۆی هیچ بكات، شادمان وتی "بەیانیان كە هەڵدەستم كۆمەڵێك نامەم بۆ هاتوە دەڵێن ئەوەندە شتت فرۆشتوەو دواتر بمەوێ شتەكان بكڕمەوەو بینرێمەوە بۆ وێبسایتی ئەمازۆن، تەلەفونێك دەكەمو بازاڕەكەم پڕ دەكرێتەوەو دیسان دەستدەكرێتەوە بەفرۆشتنی".
ناوبراو باس لەوەش دەكات كە وێڕای ئەوەی كاتێكی زۆری بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەهەمانكاتیشدا كڕیار لەبازاڕی ئۆنلاین-دا بژاردەی زۆری لەبەردەستدایەو وەك ئەوە نییە تۆ بڕۆیت بۆ دوكانێك دو سێ جۆری كاڵایەكت لەبەردەستدا بێت، ئەو وتی "بۆ نمونە كە تۆ لەگۆگل-دا سێرچ دەكەیت بەجارێك زیاتر لە200 بژاردەت بۆ دێ بۆ كاڵایەك، وەك ئەوە نییە كە شتێك دەكڕی لەدوكانێكو خاوەن دوكانەكە پێتدەڵێ ئەمە ئێستا خەڵك هەمووی ئەمە دەكڕن، تۆش نازانی تا چەند قسەكەی راستە، بەڵام لەم بازاڕە ئۆنلاینەدا ئەگەر بتەوێ شتێك بكڕیت، هەزار كەس لەوانەی كە كڕیویانەو خراپ بووە دێن كۆمێنتی لەسەر دەنوسن، توانجی خراپی لێئەدەن، كە توانجی خراپیان دەربارەی نوسی لەسێرچدا دەرناكەوی، كەسێك كە گەڕانێك دەكات بەدوای شتێكدا دەرناكەوی لەبەرئەوەی خراپیت دەچێتە ژێرەوە، لەبەرئەوە ناچاریت كوالێتی كاڵاكەت باش بكەیت وەكو فرۆشیار شتەكەت باش بكەیت بۆ ئەوەی خەڵك سەرنجی باشی بداتێو بۆ بنوسێ بۆ ئەوەی دواتر دەربكەوێت تا قازانجێكی زیاتر بكەیت".
شادمان ئاماژە بەوە دەكات ئەو خەڵكەی لەئەمازۆن كاڵات لێدەكڕن، فرۆشیار كاتێك شتەكانی دەنێرێت بۆ ئەمازۆن لەوێ خۆیان هەمووی بەپێی براندو كوالێتیو ئابڕوو ناوبانگ رێكدەخەنەوە، ئەو وتی "بەپێی بەو سیستەمەی كە خۆیان هەیانەو زۆر ئاڵۆزە كاڵاكان دادەنێن بۆ نمایش كردن، بۆ نمونە من چا دەفرۆشم، براندی چاكەم بەناوی چای كالیفۆرنیایە، ئەم چایە كۆمەڵێك پێكهاتەی هەیە بەجارێك 200 كەسی تریش چا دەفرۆشنن ئەگەر كەسێك بچێت نیو كیلۆ چا بكڕێت لەناو ئەم 200 فرۆشیارەدا كامیان هەڵبژێرێت، هەموومان پارە دەدەین بەئەمازۆن بۆ ئەوەی بمانخاتە لاپەڕەی یەكەمەوە، بەڵام بەتەنها ئەوە بەس نییە، بەڵكو چەند كەس كڕیویەتی، چەند كەس سەرنجی باشی لەسەر نوسیویو پێنج ئەستێرەی پێداوین، ئەمانە هەمووی هۆكارە بۆ ئەوەی بچینە لاپەڕەی یەكەمی ئەمازۆنەوە".
وتیشی "بۆ نمونە كەسێك چایەكم لێبكڕێتو كیسەكەی تۆزێك تێكچوە كوالێتییەكە، ئەو شتێكم بۆ بنوسێ من خێرا دانەیەكی تری بەخۆڕایی بۆ دەنێرم، تەنها بۆ ئەوەی شتی خراپم بۆ نەنوسێ هەندێجار پارەكەشی بۆ دەگێڕمەوە، ئەمە ئەو كێشانەیە كە لەبازاڕی ئۆنلایندا توشمان دەبێو ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە چۆن كڕیار رازی دەكەیت، لەكاتێكدا بازاڕی تر وانین، زۆر كێشەی نییە رازی بێت یان رازی نەبێ، بەڵام لەبازاڕی ئۆنلایندا زۆر زۆر گرنگە كە كڕیار رازی بێت".
شادمان ئەوە روندەكاتەوە كە بەهۆی زیرەكی دەستكردەوە لەبواری بازاڕ كردنو كاڵا كڕیندا گۆڕانكارییەكی گەورە رویداوە كە وەكو جاران چیتر پێویستت بەكارتی بانكی نییە دەدرا لەئامێرێك، بەڵكو ئێستا هەر لەڕێگەی تەلەفونەكەتەوە پارە دەدەیتو شت دەكڕیت، ئەو وتی "لەوەش نوێتر، ئێستا ئەمازۆن هەشت بازاڕی تازەی دروست كردوە كە دەڕۆیتە ناوەوە كامێرا زیرەكەكان سەیری دەموچاوت دەكەن تۆ شتەكانت هەڵدەگریو دەڕۆیتو پارە نادەیت، ئەو كامێرایانە وێنەت دەگرێو لەڕێگەی وێنەكانتەوە دەوناسێتەوەو حسابە بانكییەكەت دەزانێو دەیخاتە سەر حسابی ئەمازۆن".
وتیشی "وێنەكان ئەوەندە كوالێتییان بەرزە كە بەئاسانی دەناسرێنەوەو چارەسەری ئەوەی كردوە هەڵە نەكات لەناسینەوەی دەموچاوەكاندا، رەنگە كارتی بانكییەكەی من لێم ون بێت كەسێكی تر بتوانێت بەكاربهێنێت چونكە كۆدەكەی تیایە، بەڵام بەهۆی دەموچاوەوە كەس ناتوانێت پارە لەحسابی من دەربكات، چونكە دەموچاوی من هەڵە ناكات، ئەمەش لەبواری دزیو سیكۆریتیدا بەپێشكەوتنێكی زۆر گەورە دادەنرێت".
كۆمپانیاو وڵاتانی باڵادەست لەبەرهەمهێنانی زیرەكی دەستكرد-دا
شادمان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كۆمپانیایانەی ئێستا لەدنیادا باڵادەستن ئەو كۆمپانیانەن زیرەكی دەستكرد بەرهەمدەهێننو زۆربەشیان ئەمەریكین یاخود چینیو كۆریو روسیو ئەوروپین، وەك كۆمپانیاكانی مایكرۆسۆفت، سامسۆنگ، كواڵكۆم، گۆگل، ئای بی ئێم، ئەمازۆنو فەیسبوكو عەلی بابا كە داتا بەرهەمدەهێنن، ئەو وتی "كۆڵەكەی زیرەكی دەستكرد هاوكێشەی ماتماتیكیو ئامارە، ئەوەی زۆر زۆر زیرەكە لەبواری ئاماردا روسیاو بەریتانیایە، ئەم دو وڵاتە لەبواری ئاماردا زۆر زۆر زیرەكن، لەبواری بەكارهێنانی ئاماردا بۆ زیرەكی دەستكرد، چین وڵاتێكی زۆر گەورەیە، یەكێك لەو هۆكارانەی كە وایكردوە چین زۆر پێشكەوتوو بێت لەبواری داتادا ئەوەیە لەچین تایبەتمەندی پاراستنی داتا نییە، لەئەمەریكا بەپێی یاسا زو زو وەزیری تەندروستی لەكۆنگرێس دەبینن بانگی دەكەنو رەخنەی لێدەگرن كە ئێمە داتا تایبەتەكانمان هەمووی لەبەرچاوە، لەئەمەریكا داتای تایبەتی مرۆڤەكان پارێزراوە، بەڵام لەچین ئەو شتە نییە، واتە خەڵكی چین كێشەی نییە زانیاریی تەندروستییەكەی لای خەڵك بێت یان نا، بۆیە وایكردوە چین زۆرترین داتای هەبێت، وایكردوە هاوكێشە دروست بكات لەنێوان ئەو داتایانەدا بەپێی ئامارو یاسای ئامار كە پێیدەڵێن كۆریلەیشن، كۆریلەیشن هاوتاییەكە لەنێوان ئەو رەفتارانەی من هەمە لەگەڵ هەزاران خەڵكی تردا كە وەكو من هەڵسوكەوت دەكەن، ئەگەر ئەو كۆریلەیشنە دروست ببێت بەواتایەكی تر داتای زۆر هەبێت لەبوارەكەدا، كۆریلەیشنەكە بڕیاری دروستر دەدات، چین ئەو وڵاتەیە كە زۆر زۆر لەپێشەوەیە كە خەڵك كێشەی نییە لەگەڵ داتاداو ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرە".
عەلی باباو هواوی
شادمان پێیوایە كێشەی چین تا حەوت هەشت ساڵ لەمەوبەر ئەوە بووە كە هیچ كۆمپانیایەكی نەبوو تەمەنی 20 ساڵ بێت، ئەو وتی "لەچین كۆمپانیاكان دروست دەكران، كۆمەڵێك شتیان بەرهەمدەهێناو لەناودەچون، متمانەو ئابڕوی كۆمپانیا گرنگ نەبوو بەلای چینەوە، بەڵام لەئەمەریكا كە تەمەنی سەربەخۆیی 300 ساڵێكە كۆمپانیاكانیان تەمەنیان زیاتر لە150 ساڵە، ئەمە زۆر گرنگە. لەچین بەمدواییە بیر لەوە كرایەوە بەهۆی زیرەكی دەستكردەوە شتێك بەرهەمبهێنن كە زیاتر لەكەسەكانەوە نزیك بێت كە منو تۆی بەكاربەر بیر لەوە بكەینەوە ئەم شتە بەتایبەت بۆ ئێمە دروستكراوە، ئەمە وا دەكات چیینییەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە كۆمپانیاكانیان كوالێتی باشتر بێتو ئابڕو بۆ كۆمپانیاكانیان دروست بكەن. لەكۆمپانیا زۆر گەورەكان لەو بوارەی كە داتا بەرهەمدەهێنێت كۆمپانیای عەلی بابا-یە، كە شێوازی مامەڵەكردنو كڕینی خەڵك لەكۆی دنیادا كۆدەكاتەوەو لەچین كار بەو داتایانە دەكەن بۆ ئەوەی بزانن لەبواری بازرگانیدا چی ئاڕاستەی خەڵك بكەن".
وتیشی "هواوی كۆمپانیایەكی گرنگی دیكەی ئەمڕۆی چینە كە ئەمەریكا كێشەی هەیە لەگەڵی، هواوی تەنها مۆبایل بەرهەم ناهێنێ، بەڵكو یەكێكە لەو كۆمپانیانەی كە مۆبایل یەكێكە لەسادەترین بەرهەمەكانی، هواوی كۆمپانیایەكی گەورەی لێكۆڵینەوەیە، كۆمپانیایەكی گەورەی بەرهەمهێنانی داتاو بیرۆكەیە بۆ ئایندە، لەبواری بازرگانیدا بیرۆكەی بازرگانی پێشكەش دەكات، بەڵام ئەوەی هواوی قەتیس كراوە لەشوێنێكی دنیادا كە پارەی زۆر لێنییەو بەوڵاتانی كەمدەرامەت ناودەبرێن، كە پارەشی زۆر لێنەبو بازرگانی ناتوانێت بەرهەمی باشی هەبێت، هواوی یەكێكە لەپڕ فرۆشترین مۆبایلەكانی دنیا كە خەڵكێكی زۆر بەكاریدەهێنن، هاوڵاتییەكی ئاسایی هندستان ئەگەر بیەوێ ئایفۆنێك بكڕێ ئەبێ ساڵێك پارەی بۆ كۆبكاتەوە، بەڵام دەتوانێ زۆر بەئاسانی هواوییەك بكڕێت، كێشەكەش لەوەدایە ئەو كەسەی لەهندستانە پارەی ئەوەندە زۆر پێنییە تا بتوانێ بەرهەمی زۆر بكڕێت، ئەمە ئەو گرفتەیە كە روبەڕوی هواوی بوەتەوە".
شادمان ئاماژە بەوە دەكات لەبەرامبەر كۆمپانیای هواویدا كۆمپانیای كوالكۆم هەیە كە كار لەسەر بەرهەمهێنانی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم دەكات، كە هێشتا بەتەواوەتی بەرهەمنەهاتوە، بەڵام لەچین ئەڵێن ئێمە بەرهەممان هێناوە.
نەوەی پێنجەم-ی ئینتەرنێت
شادمان باس لەوە دەكات كە نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت خێراییەكەی بەئەندازەیەكە كە جێی سەرسوڕمانە، شادمان وتی "بۆ نمونە لەبەریتانیا پزیشكێك لەرێگەی ئینتەرنێتەوە نەشتەرگەری دەكات بۆ كەسێك لەمالیزیایە یان لەوڵاتێكی ترە، ئەو ئینتەرنێتەی لای دكتۆرەكە ئەوەندە خێرایە راستەوخۆ پەخش دەبێت ئەوە نییە بڵێی لەسەدا یەكی چركەیەك دوادەكەوێت، دواكەوتنێكی وای تیا نییە كە هەستی پێبكەیت یان پێوەرەكەی هەستی پێبكات، خێرایی ئەم ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەمە سەرسوڕمانێكی زۆر دروست دەكات".
وتیشی "ئینتەرنێتی ئێستا چەند پۆینتی چركەیەك دوادەكەوێت – مەبەستم لەئینتەرنێتی كوردستان نییە، مەبەستم لەئینتەرنێتی خێرای ئێستای ئەمەریكایە، ئەم نەوەی پێنجەمە ئەوە ناهێڵێ، دەرفەتی هەڵەی بچكۆلەش نایەڵێتو لەسەدا یەكی چركەیەكیش دواناكەوێت".
کوانتەمو زیرەكی دەستكردی زیرەكو زیرەكی دەستكردی گەمژە
شادمان ئاماژە بەوە دەكات كە كوانتەم پێشكەوتووترین جۆری كۆمپیوتەری ئێستایە، ئەو وتی "كۆمپیوتەرێك هەیە لەنبراسكا پێیدەوترێت زیركترینو خێراترین كۆمپیوتەری دنیا، ئەم كۆمپیوتەرە وەك هیچ كۆمپیوتەرێكی تری دنیا نییە، بەڵام كاتێك كۆمپیوتەری كوانتەم دروست كرا بەراورد كرا بەو كۆمپیوتەرەی نبراسكا، كۆمپیوتەری كوانتەم دەتوانێت شتێك بكات بەماوەی 100 چركە كۆمپیوتەرەكەی نبراسكا بەماوەی 10 ساڵ دەیكات".
شادمان باس لەوە دەكات كە كوانتەمو زیرەكی دەستكرد لەو بوارانەن كە داهاتووی دنیا دادەڕێژن، ئێستا ناسا ئەم كۆمپیوتەری كوانتە-ە بەكاردەهێنێت بۆ ئاشكرا كردنی نهێنییەكانی بۆشایی گەردونو هەسارەكانی دیكەو رێكخستنی جوڵەی كەشتییە ئاسمانیەكانو نیشتنەوەیان، ئەوەش روندەكاتەوە كە ئەو رۆبۆتانەی ئێستا دەنێردرێن بۆ هەسارەكان جۆرێك لەزیرەكی دەستكردیان هەیە پشت بەتەكنەلۆجیای كوانتەم دەبەستێت، كە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرمان پێكردنی لەزەوییەوە خۆی لەسەر هەسارە دوورەكانەوە یان لەبۆشایی گەردوندا توانای چارەسەركردنی گرفتەكانی خۆی هەیە بەخێرایی.
ئەو وتی "پێویستە ئەوە بزانین كە دوو جۆر زیرەكی دەستكرد هەن، یەكێكیان زیرهكی دهسنكردی زیرەکەو ئەویتریشیان زیرهكی دهستكردی گەمژەیە. زیرەکی دەستکردی زیرەک ئهوهیه كه خۆی بیر دەکاتەوە، کۆمەڵێک هاوكێشهی ماتماتیکی تێدایە کە بیر لەداهاتوو دەکاتەوەو پێشبینی بۆ داهاتوو دهكات، بۆ نمونە دەچێتە مۆبایلەکەی تۆوەو سەیر دەکات سێرچت بۆ چی کردووە؟ چیت کڕیوە؟ حەزت لەچییە؟ لایکی چیت کردووە لهسۆشیال میدیادا؟ هەمووی کۆدەکاتەوەو بیری لێدهكاتهوه بۆ ئهوهی بزانێ كاراكتهری تۆ چۆن چۆنییه، كۆمهڵێك پێشبینی دهكاتو دەینێرت بۆ کۆمپانیاکان، زۆر بەسادەیی زیرەکی دەستکرد بیردەکاتەوەو دەگات بەدەرئەنجامێک کە پێشتر ئینسان پێی نەگەیشتوە".
وتیشی "زیرەکی دەستکردی گەمژە ئەوەیە كە ناتوانێ بیر بكاتەوە، بۆ نمونە ئتومبێلی بێ شۆفێر یان ئەو ڕۆبۆتانەی لەکۆمپانیاکان کار دەکەنو یەک کار دوبارە دەکەنەوە بهههمیشهییو هیچ پێشبینییهكیان نییهو چاکسازی لەبوارەکەی خۆیاندا ناکەنو یەک شت دەکەن، ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر زیرهكی دهستكردی گهمژهیه، چهند كامێرایهكو رادارێكهو كاری تهنها لێخۆڕینه، بهرنامهی بۆ دانراوه، بۆ نمونە ئەگەر 5 نەفەر و 1 نەفەری دی لەملاولاو ناچار بوو لەیەکێکیان بدات، ناتوانێ بیر لەوە بكاتەوە كە لەکامیان بدات، ئهبێ بهرنامهی بۆ ئهمهش دابنرێ، چونكە خۆی ناتوانێ بیر بكاتهوه، جیاوازی نێوان زیرهكی دهستكردی زیرهكو گهمژه ئهوهیە كە یەکێکیان لەهۆشو بیركردنهوهمانەوە بۆ راییكردنی ئیشوكارەكان نزیکەو یەکێکیشیان تەنها کار ڕادەپەڕێنێت".
زانکۆکانی كوردستان بەكەڵكی دنیای ئەمڕۆ نایەن
شادمان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو زانكۆیەی ئەو لێیدەخوێنێ - Alliant International – تایبەتمەندە لەبواری سەركردایەتی سایكۆلۆجیو لێكۆڵینەوەی داتا-دا، ئەو وتی "یەكێك لەخاڵە سەرنجڕاكێشەكانی ئەم زانكۆیە ئەوەیە دوای هەموو كۆرسێك لەپەیوەندیدان لەگەڵ خوێندكارەكان، لێرە نایەن هەڵسەنگاندن هەر بۆ مامۆستاكان بكەن، بەڵكو كۆی سیستمی خوێندنەكە هەڵدەسەنگێنن، هەموو ساڵێك كۆمەڵێك بڕیاری تازە دەدەنو هەموو ساڵێك كۆمەڵێك گۆڕانكاری دەكەن، من لەماوەی ئەم سێ ساڵەی كە لەم زانكۆیەدام تا ئێستا دوو جار گۆڕانكاری لەپرۆگرامی خوێندنەكەماندا كراوە".
وتیشی "كۆمەڵێك رەهەندی جیاواز هەیە لەپەروەردەو فێركردنی دنیادا، ئەمڕۆ زانكۆكانی دنیا بەئاڕاستەیەكدا دەڕۆن كە چیتر هەر پرۆگرامو پاكێجێك فێری خوێندكار نەكەن، من لەم زانكۆیەی كە ئێستا دكتۆرای تیا دەخوێنمو وانەشی تیا دەڵێمەوە، پێش دو ساڵ دەیانوت ئەوەی خوێندكار لەقۆناغی یەكدا فێری دەبێت لەقۆناغی سێدا یان كە دەردەچن كۆن دەبێو بەسەردەچێت، بەڵام ئەم پایزە بەهەمو ئەوانەیان وت كە وانە دەڵێنەوە خوێندكار فێری هیچ مەكەن چونكە ئەوە نەما كە بڵێین لەساڵی یەكەمدا فێری دەكەینو لەساڵی سێهەمدا یەسەردەچێت، بەڵكو هەر لەساڵی یەكەمدا بەسەردەچێت، لەجیاتی ئەوەی تۆ خوێندكار فێری كۆمەڵێك پرەنسیپو رێسا بكەیت فێری بكە چۆن فێر بێت، ئەمە بنەماكەیە، واتە بایەخی زانكۆكان گۆڕاوە بۆ ئەوەی كە خوێندكار فێر بكەن چۆن فێر ببێت. چونكە ئەو زانیارییانەی كە پێیدەڵێنو دەبێت وا بكات كاتێك لەزانكۆ دەردەچێتو دەچێتە شوێنی كارەكەی هەمووی بەسەرچوە، كۆمەڵێك زانیاریو شتی نوێ داهاتون، بۆیە گرنگ ئەوەیە فێری لێكۆڵینەوەو ریسێرچی بكەیت، چۆن بتوانێت توێژینەوە بكات".
شادمان جەغت لەوە دەكات كە زانكۆكانی ئێستای كوردستان بەم دۆخەوەی كە تیایدان بەكەڵكی دنیای ئەمڕۆ نایەن، ئەو وتی "ئیتر زانكۆكان نابێت دانیشن پرۆگرامێكی خوێندنی دیاریكراو بهێنن فێری خوێندكاری بكەن وەكو ئەوەی كە ئێستا دەكرێ، پێویستە ئیتر خوێندكار فێر بكەن كە چۆن خۆی فێر بكات، رۆژانە شتەكان لەهەموو بوارەكاندا دەگۆڕێت، ناكرێ ئەوەی كە ئێمە فێری بوینو لەبەرمان كردوە بێین ئەوە بڵێینەوەو دوبارەی بكەینەوە هەر شتێك كە بەخوێندكاری دەوترێتەوە تازەترین پرۆگرام ساڵێكی بەسەردا دەڕوات كۆن دەبێت، ساڵو دو ساڵ بۆ ئەو شتانە زۆر زۆرە لەئێستادا كە هەمو چركەیەك سەدان زانیاری نوێ دەڕژێنە هەمو كایەكانی ژیانەوە، بیست لەمەوبەر یان تەنانەت دە ساڵ لەمەوبەریش ساڵێك یان دو ساڵ زۆر نەبو، ئێستا ساڵێك یان دو ساڵ زۆر زۆرە، بۆ نمونە لەتیۆرەكانی سەركردایەتیدا كە ئێستا من ئیشی لەسەر دەكەم، لەمانگی یەكدا كە من شتێك دەنوسمەوە، ئەگەر لەمانگی دە چاپم نەكردبێت بەسەرچوە ئەبێ بێم بیگۆڕم".
وتیش "ناكرێت خوێندكارێك بهێنی یەكجار شتێكی فێر بكەیتو یەكجار هەر بڕوا هەمان شت بكاتەوە، ئەوا بەمجۆرە دەرەقەتی گۆڕانكارییەكان نایەت، چونكە هەموو شتەكان بەسەردەچێت، ئەبێ لەبری هەموو ئەم شتانە بیچن فێری بكەن چۆن ریسێرچ بكات، خۆی قێر بكاتو لەفێربونی بەردەوامدا بێتو زانیارییەكانی نوێ بكاتەوە، ئەمە پێویستی بەوەیە وانەی خوێدنەكە بگۆڕێت، بۆ لێكۆڵینەوەو فێربونو ریسێرچی بەردەوام".
شادمان ئاماژە بەوە دەكات كە زیرەكی دەستكرد ئاستی پەروەردەو فێركردنو كوالێتی خوێندن بەرزتر دەكاتەوە بەوەی بەرەو خوێندنی ئۆتلاین دەڕۆین، ئەو وتی "لەبری ئەوەی ناچار بین مامۆستایەكمان هەبێت دانیشین لەكلاسدا وانە بڵێتەوەو، زۆر پێشكەوتووش نەبێت، مامۆستایەكی ئۆنلاینمان هەیە كە لەبوارەكەی خۆیدا زۆر وردە، دەرفەتی هەڵەی زۆر كەمە، ئەم مامۆستایە كوالێتییەكەی زۆر بەرزترە لەوەی لەكڵاسدا، بۆ نمونە من ئەگەر كێشەم لەگەل تێگەیشتنی وانەیەكیشدا هەبێ دەچم لەدەرەوەی كلاس لەئۆنلاین مامۆستایەك دەبینم بۆ ئەوەی لێی تێبگەم كە وانە بەهارڤارد دەڵێتەوەو دەتوانم ئەو زانیاریانەم دەستبكەوێ كە لەهارڤارد هەیە".
وتیشی "تێزی دكتۆراكەم لەسەر پەیوەندی نێوان سەركردایەتیو زیرەكی دەستكردە، سەركردە ئەو كەسەیە كە بڕیارە دروستەكە دەدات، ماناكەی ئەوەیە روئیایەكی هەیەو بەكۆمەڵێك خەڵك دەڵێ با ئەو ئیشە بكەینو من هاوكارتانم بۆ ئەوەی بگەین بەو ئامانجە، ئەوەی كە من كاری لەسەر دەكەم ئەو بوارەیە باشو خراپانەیە بەمانای كەمو كورتییەكەی لەبواری بڕیارداندا، زیرەكی دەستكرد چ رۆڵێكی هەیە لەوەدا؟ زیرەكی دەستكرد ئێستا بەشێكی دانەبڕاوە لەژیانمانو سەركردەی باش ئەو كەسەیە چۆن بتوانێت ئەم زیرەكی دەستكردە بەكاربهێنێت بۆ بەرەو پێش بردنی بڕیارەكانو بەرەو پێش بردنی گەیشتن بەئامانجەكاندا، ئیتر ئەمە لەبواری كۆمپانیادا بێت یان لەبواری بازرگانیدا بێت یان لەبواری سیاسیو تایبەتیو هەمو بوارەكانی تردا، گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانێت بڕیار بداتو سود لەزیرەكی دەستكرد وەربگرێت، چونكە سەركردایەتی بوارێكی تەمەڵە لەراستیدا، هێشتا سەركردایەتی زیرەكی دەستكردی بەكارنەهێناوە".
زیرەكی دەستكرد: رەشبینیو هیوا
توێژەران سەبارەت بەزیرەكی دەستكرد بەسەر دو بەرەدا دابەش بوون، بەرەیەكیان رەشبینن دەربارەی ئایندەی جیهان لەسایەی زیرەكی دەستكردداو بەرەكیشیان گەشبیننو بەهیواوە لەئایندەی مرۆڤو جیهان دەڕوانن كە بەهۆی زیرەكی دەستكردەوە ژیان لەهەموو بوارەكاندا باشتر دەكات.
شادمان واتی "ئەوانەی رەشبینن بەرامبەر بەداهاتووی مرۆڤو جیهان لەسایەی زیرەكی دەستكرد-دا پێیانوایە ئهم شهپۆلی تەكنیكو تەكنەلۆجیایە دنیا بهرهو گۆڕانكارییهكی ریشەیی دهبات، لایەنە خراپەکەی ئەم شۆڕشە ئەوەیە كه ئیتر مرۆڤ هیچ تایبهتمهندییهكی تایبەت بەخۆی نامێنێو ناتوانێ خاوهنی تایبهتمهندی خۆی بێت، ههموو نهێنیو تایبهتمهندییهكانی لەلایەن ئهو کۆمپانییانهی زیرهكی دهستكرد بهرههمدههێنن وەكو گۆگڵو هاوشێوەكانی دەبێت، ئەم كۆمپانیانە دهست دهگرن بهسهر ههموو شتێكی ئێمهدا، هەر ئێستا ههموو ئەم قسانەی ئێمە لەڕێگەی ڤایبەرو فەیسبوكو سۆشیال میدیاوە دەیكەن ئەگۆڕێ بۆ کۆدو دەبێتە زمانی ئینگلیزیو دەزگا هەواڵگرییەكان دەزانن ئێمە باسی چی دەکەین كه قسهكردنێكی ئاساییه".
وتیشی "ركهبهریی دهكوژێو مۆنۆپۆلی زیاد دهكات، دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ كۆمپانیا گەورەكان تا مرۆڤ ئاڕاستە بكەن، هەموو پەیوەندی کۆمەڵایەتیش بەتواوی دهگۆڕێ، ئهگهر رابمێنین لهفهیسبوك پهیوهندی كۆمهڵایهتی زۆر گۆڕی، بهڵام ئهم شۆڕشهی داهاتوو لەمەش زیتار ئەیگۆڕێو ئێستا پێشبینی كردنی زەحمەتە كە ئهیگهیهنێ به چ شوێنێك؟".
شادمان ئاماژە بەوە دەكات كە پێشبینی دەكرێت لەساڵانی داهاتوودا سەدان هەزار كەس بەهۆی زیرەكی دەستكردو رۆبۆتە زیرەكەكانەوە كارەكانیان لەدەستبدەن، نەك ئەو پیشانەی كە پشت بەهێزو بازوو دەبەستن بەڵكو ئەو پیشانەش كە بەئەقلو زیرەكیو هوشیاری دەكرێن، وەك پارێزەرییو پزیشكی، رۆژنامەنووسیو مامۆستای زانكۆ، لەزۆر بواردا زیرەكی دەستكرد جێ بەپیشەكان لێژ دەكات، مەگەر ئەوانەی دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریانەدا بگونجێنن.
بەڵام لەبەرامبەردا بەشێك لەتوێژەران بەگەشبینییەوە لەداهاتووی ئەم گۆڕانكارییانە دەڕوانن لەسایەی زیرەكی دەستكرددا، شادمان وتی "لەبواری تەندروستیدا زیرەكی دەستكرد شۆڕشێكی زۆر زۆر گەورەیە، بۆ نمونە تاكو ئێستا دەچین بۆ لای پزیشك پێتدەڵێت نەخۆشییەكەت ئەمەیە، بەڵام زیرەكی دەستكرد پێت نەك نەخۆشیو چارەسەرت بۆ دیاریدەكات، بەڵكو پێشت دەڵێًت ئاگات لەخۆت بێت پێنج ساڵی تر توشی ئەم نەخۆشییە دەبیت".
وتیشی "ئەم پێشبینییە بۆ كۆمپانیاكانی بیمەی تەندروستی زۆر گرنگە، چونكە دەیانەوێ پارەت تیا سەرف نەكەن كە نەخۆش دەكەویت، دەیانەوێ تەنها پارە كۆبكەنەوە، بۆ ئەوان زۆر زۆر گرنگە كە بەخەڵك بڵێن واز لەم رەفتارانەت بێنە زیانت پێدەگات".
شادمان ئەوە روندەكاتەوە كە لەبواری لێكۆڵینەوەدا، تۆژینەوەی زانستی زۆر زۆر دەگۆڕێت، چونكە هاوكێشە ماتماتیكییەكان كۆریلێكشنی تازە دەدۆزنەوە، كە دۆزیانەوە داتای زیاتریان لەبەردەستدایە وردتر دەبن لەهاوكێشەكاندا، ئێستا هەر هاوكێشەیەكی ماتماتیكی كە لەئاماردا دەكرێت لە5%ی هەڵەیەـ بۆیە كاتێك كە دەڵێین 100% لەڕاستیدا 95%ە، ئەو وتی "ئەگەر بمانەوێ ئەم رێژەی 95%ە بكەین بە97% تێچووی زۆری دەوێت، واتە رێژەی هەڵە 2% كەم بكەینەوە، چونكە دەبێت هەزاران داتا كۆبكەینەوە، بەڵام بەهۆی ئەم زیرەكی دەستكردەوە نزیك دەبینەوە لە 99% بڕیاری راستو دروست واتە، چوار پۆینت بەرەو ئاڕاستەی راستتربوندا دەڕۆین".
كوردستان لەدەرەوەی گۆڕانكارییەکانی جیهاندایە
شادمان جەغت لەوە دەكات كە ئەم بواری زیرەكی دەستكردە لەگەڵ خۆیدا دەمانبات جا ئێمە پێمانخۆش بێت یان نا ئەو ناوەستێو دەڕوات، ئەو وتی "ئێمە ناتوانین رەوڕەوەی زیرەكی دەستكرد بوەستێنین، مرۆڤ بۆ ئەوەی بەشێك بێت لەم سیستەمە، پێویستە هەر لەئێستاوە هەوڵبدات لێی تێبگاتو سوودی لێببینێت".
وتیشی "جیهان بەرەو گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە دەروات، كۆمەڵگەی كوردی لەدەرەوەی ئەم گۆڕانكارییانەی جیهاندایە نەك هەر خۆی بۆ ئامادە نەكردوە، ئێستا جیهان بەم تەكنەلۆژیایە تەنراوو داگیركراوە، كۆمەڵگەی كوردی هێشتا تێناگات، كوردستان لەهیچ بوارێكدا نەیتوانیوە تێكەڵ بەدنیای زیرەكی دەستكرد بێت، لەبازرگانیو پیشەسازیو پەروەردەو فێركردنو لەهەموو بوارەكاندا لەدەرەوەی هاوكێشەی ئەم گۆڕانكارییانەدایە"
سەرچاوە: ماڵپەری ئاوێنە