زیرەکی دەستکرد

 

سەردەشت عەزیز



(1)

زیرەکی دەستکرد زۆر بەخێرایی گەشەدەکات، ئەم زانستە سەرەڕای ئەوەی سوودی زۆرە بەڵام مەترسیشی هەیە بەتایبەت بۆ وڵاتە دواکەوتوەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکان زۆر بەچڕی کار لەسەر ئەم زانستە دەکەن و ملیارەها دۆلاریان بۆ تەرخانکردوە.
 

هەوڵئەدەم بەپێی توانا زنجیرە بابەتێک بەزمانێکی سادە لەسەر سەرجەم لایەنەکانی ئەم زانستە بنوسم بۆ ئەوەی هیچ نەبێت تێبگەین ئەم زانستە چیەو چۆن کاردەکات و چۆن دەتوانین وەک تاک سودی لێوەربگرین.
 

زیرەکی دەستکرد چیە؟
 

زیرەکی دەستکرد بەشێکی زانستی کۆمپیوتەرە، کە بریتییە لە سیستەم  یاخود بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری کە هەوڵدەدات لاسایی مرۆڤ بکاتەوەو ئەو کارانە بکات کە پێویستی بەزیرەکی مرۆڤە. 
 

زیرەکی دەستکرد لاسایی مرۆڤ دەکاتەوە لە فێربون، بیرکردنەوەو جیاوازی کردن لەنێوان شتەکانداو هەروەها چارەسەری کێشە. توانای هەیە لەزمانی مرۆڤەکان بەشێوەیەکی مانادارو سودبەخش تێبگات.
 

دوای ئەوەی زیرەکی دەستکرد لەمرۆڤەکانەوە فێرکرا پاشان ئەم زیرەکیە دەگوازرێتەوە بۆ ئامێرەکانی دیکە وەک چەکی سەربازی و رۆبۆت و ئامێری پزیشکی و دەیان جۆر ئامێری تر.
 

ئەم پرۆسەی فێرکردنی زیرەکی دەستکردە لەمرۆڤەوە بۆ ئامێرو بەرنامەکان دەگاتە ئاستێک کە زیرەکی دەستکرد بتوانێت وەک کەسێکی شارەزا  توانای شیکاری و بڕیاردانی هەبێت بۆ نمونە پشکنینی پزیشکی و دەستنیشانکردنی چارەسەرو هۆکار.
 

جۆرەکانی زیرەکی دەستکرد

زیرەکی دەستکرد بەگشتی دوو جۆرە:
 

١- سنوردار: ئەم جۆرەیان بۆ کارێکی تایبەت دروستکراوەو و لەو بوارەدا شارەزا کراوە، بۆ نمونە ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێر، ئامێری ناسینەوەی دەمووچاو و پرسیارو وەڵام و نوسین.
 

٢- بێ سنور یان گشتی: ئەم جۆرەیان تا ئێستا گریمانەیەو زانست پێی نەگەیشتوە کە بریتیە لەوەی زیرەکی دەستکردێک دروست بکرێت کەلەزۆر بواری جیاوازدا شارەزابێت و بەتەواوی نزیک بێتەوە لەمرۆڤ.
 

نمونەی زیرەکی دەستکرد

١- درۆنی سەربازی.
 

٢- چات جی پی تی: بەرنامەیەکە لەهەر بوارێکدا پرسیاری لێدەکەیت بەجۆرێک وەڵامدەداتەوە وەک پسپۆڕێکی ئەو بوارە بێت.
 

٣- مۆبایل: بۆ نمونە کاتێک تەنها بەدەموچاوی خۆت دەکرێتەوەو دەتناسێتەوە.
 

٤- ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێر
 

٥- ڕۆبۆت
 

٦- بەشێک لەکارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ نمونە دەزانێت تۆ ئارەزووی چ جۆرە ڤیدیۆ یان پۆستێک دەکەیت.
 

٥- نمونەی زیرەکی دەستکرد لەئێستادا زۆر زۆرن زۆربەی بوارەکان زیرەکی دەستکردی پێگەیشتوەو لەداهاتویەکی نزیکیشدا شتی سەیرتر لەم زانستە دەبینین.

سەراوە : سپیمیدیا