زمانی کوردی بۆ وەرگێڕانی "تویتەر"یش کارا کرا

کۆمپانیای گووگڵ لەڕێی وەشانی نوێی وەرگێڕی گووگڵ ''گووگڵ ترانسلەیتەر'' بەنیازە لەگەڵ تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕێککەوتێنک بکات بۆ زیادکردنی زمانی کوردی لە سیستمی وەرگێرەکەیدا.
بەپێی ئەو تایبەتمەندییە، لەمەودوا دەتوانی تەنیا بە کلیکێک هەموو تویتەکانی ناو تویتەر وەربگێڕی بۆ زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی.

بۆکان حەسەن ئەحمەد دامەزرێنەری کۆمەڵگەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ''وشە'' گوتی، ئێستە لە وەشانی نوێی وەرگێڕی گووگڵ دەتوانرێت لە زمانەکانی تر بۆ کوردیی ناوەندی لە ڕێگەی کامێرای ڕاستەوخۆ یا ئەپلۆدی وێنە و وێنەگرتنی وێنەیەک، دەتوانی وەرگێڕان بۆ کوردیی ناوەندی بکەیت.

بەگوتەی بۆکان، پێشتر ئەم سیستمە نەبوو بۆ زمانی کوردی، بەڵام زیاد کراوە.

لەبارەی پێوەندییەکانی نێوان گووگڵ و تویتەر، ئەو گەنجە کوردە گوتی، پێوەندی نێوان گووگڵ لەگەڵ تویتەر ئەوەیە کۆمپانیای گووگڵ بۆ وەرگێڕانی هەموو تویتەکانی پشت بە وەرگێڕی گووگڵ دەبەستێت، زمانی کوردی شێوەزاری سۆرانی زیاد کراوە بۆ وەرگێڕی گووگڵ، بەڵام تا ئێستە گووگڵ و تویتەریش پێوەستیان نەکردووە بۆ تویتەکانیان بۆیە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێک بکەون و پێوەستبن بەیەکەوە، چونکە ئێمە لەم ماوەیەدا لەگەڵ گووگڵ و تویتەریش قسەمان کردووە بەم زووانە وەرگێری کوردی زیاد دەکەن.

ئەم وەرگێڕانەیش زۆر ئاسانە تەنیا هەر لە خوار تویتەکەوە بە کلیککردن وەرگێرانەکە دەیکەیت، جا هەر زمانێک بێ بە ئاسانی بۆت وەردەگێڕێ، ئەمەیش سیستمی نوێ کە گووگڵ لەگەڵ تویتەر دابینی دەکەن.

لە ماوەی رابردوودا کۆمپانیای گووگڵ وەرگێرانی کوردی ناوەندی بۆ وەرگێری گووگڵ زیاد کرد کە ئەمە بووە جێ دڵخۆشی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستاندا، ئێستەیش خەریکی زیادکردنی وەرگێری کوردین بۆ تویتەکانی تویتەر.

 

 

سەرچاوە: wishe