رۆڵی گۆرانی لە زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی

 

 

 

 

 عەباس مەحمود

 

گۆرانی و موزیک، رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە زیندووهێشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زمان و پەیوەستکردنی بە کەلتور و هەستەوەری مرۆڤەوە. گۆرانییەکان وەک ئامرازێکی هەستەوەری کاردەکەن کە زمان و کەلتور پێکەوە گرێدەدەن.  هۆنراوە و شیعری گۆرانییەکانیش جگە رەنگدانەوەی مێژوو، ئەفسانە، باوەڕ و هەستەکانی کۆمەڵگەن، پەیوەندییەکی هەستەوەریین و وا لە نەوە نوێکان دەکەن، پەیوەندییەکی سروشتییان بەرامبەر بە زمانی دایک هەبێت.
 گۆرانییەکان رێگەیەکی باش و کاریگەرن بۆ فێربوونی زمان، بەتایبەتی بۆ منداڵان و گەنجان و رێکخستنی زمانی گۆرانییەکان (وەک ریتم) یارمەتی بیرەوەری دەدات و هۆنینی گۆرانی وەک فێرکارییەکی بێ ماندووبوونی مێشک کار دەکات.  گۆرانییەکان بەتایبەتی ئەو گۆرانییانەی کە هی سەدەی رابردوون، دڵخوازی نەوەکانی پێشووتر بوون، لەئێستادا بە شێوەیەکی گشتی لەڕێگەی سۆشیالمیدیایەوە، دووبارە بەئاسانی لەبەر دەستی نەوەی نوێیە و وا لە گەنجان دەکەن، پەیوەست بن بە زمانی خۆیانەوە.
گۆرانییە کوردییەکانی رۆڵێکی ئیجگار گەورەو سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی زمانی کوردی و بەتایبەتی لە سەدەی رابردوودا، بەهۆی دابەشکردنی زۆرەملێی جوگرافیای کورد بەسەر چەند وڵاتێکەوە، زمان و فەرھەنگ و کەلتوری کوردستانی لەو وڵاتانە تا هەنووکەش لە هەندێک لە پارچەکانی کوردستان قەدەغەیە. هەربۆیە گۆرانی رۆڵێکی بێ وێنەی بینیوە لە پاراستنی زمان و نەتەوەکەمان و بەشێکی زۆری ئەم ئەرکە پیرۆزەش، لە زیندووهێشتنەوەی زمانی نەتەوەکەمان لە ئەستۆی گۆرانیبێژە نیشتیمانپەروەرەکان بووەو  هاندەربوون بۆ بەکارهێنانی زمانی دایک و رۆڵێکی چالاکانەی بینیووە لە زیندووکردنەوەی زمانی نەتەوەکەمان.
لەهەمانکاتدا رۆڵیان بینیوە لە پاراستنی جیاوازییەکانی زمانی کوردی لە شێوەزارە جیاجیاکان و بەزیندوویی هێشتنەوەیان و بەردەوامی پێدانیان و یارمەتی زیندووکردنەوەیان داوە. بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێم وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و لەپێناو پاراستنی زمان و نەتەوەکەمان، نەک لەم سنوورە بگرە لە باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات و خواروی کوردستان، بە ماددی و مەعنەوی، هانی ئەو گۆرانیبێژە میللی و بەناوبانگانەی گەلەکەمان بدات، بۆئەوەی بیریان لای بژێوی ژیان نەمێنێت و تەنیا خەمی  زمانی کوردی و شێوەزارەکانی جیاجیاکانی بن و لەو رێگەیەوە خزمەتی گەلەکەمان بکەن. هەروەها لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕی زانستی زمانەوانییەوە، دەبێت سانسۆرێک بۆ شیعری گۆرانییە نوێیەکان دابنرێت و پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، بۆئەوەی ئامرازێک بن بۆ زیندووهێشتنەوەی زمان، نەک وەکو هەندێک لە گۆرانیە نوێیەکان، کە بەداخەوە بوونەتە هۆی تێکدانی زمان و شێوەزارەکان و نەیانتوانیوە لەسەر رەچەڵەک و رەسەنایەتی گۆرانییە کۆنەکان بەردەوام بن.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ