محەمەد شوكری لە كتێبی (ژیانم یەكبینە دڵشكان بوو) كە دەقی دیمانەیەكی درێژە لەگەڵیدا سازكراوە. دەڵێت:(كە رۆمانی نانی رووتم نووسی، هیچ دەزگایەكی نێو خۆی وڵات ئامادە نەبوو بۆم چاپ بكات، بگرە بە رۆمانێكی زۆر سادە و نا هونەریشیان دەزانی و دەیانگوت تۆ بێ شەرمانە ژیانی خۆت كردۆتە رۆمان، بۆیە رۆمانەكەم چاپ نەكرا، بەڵام كاتێ هاوڕێیەكی فەرەنسیم، رۆمانەكەی وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسی، ئیدی بە جۆرێك دەنگدانەوەی هەبوو، كە من نەك لەسەر ئاستی وڵاتەكەم و نیشتمانی عەرەبی، بگرە لەسەر ئاستی جیهانیش ناسرام و پێشوازییەكی گەورە لە رۆمانەكەم كرا) رەنگە ئەمە نموونەیەكی بەرجەستە و دیار بێت، بەوەی كە چۆن زۆرجار وەرگێڕەكان دەبنە هۆكاری بە ناوبانگبوونی نووسەرێك، نەك بەرهەمەكەی خۆی بە زمانی نەتەوەیی. بێگومان كەس ناتوانێ نكۆڵی لەوە بكات، كە وەرگێڕان رۆڵێكی سەرەكی لە ناساندنی بەرهەمی نووسەران، بە تایبەتیش ئەوانەی بە هەر هۆكارێكەوە بێت بۆیان نەلواوە بە زمانی دایكییان بنووسن، دەگێڕێت. بۆیە گەلێك جار دەبینین، نووسەرێك بە ئەندازەیەك دەناسرێ و دەبێتە ناو، كە لە ماوەیەكی زەمەنی كورت و لە رێگەی وەرگێڕانی نووسینەكانی، دەخوێنرێتەوە كە رەنگە پێشتر كەس گوێی لە ناویشی نەبوو بێت. بۆیە وەرگێڕان، پردی ناساندن و پەڕینەوەی كەلتوور و فەرهەنگ و نووسەرانی گەلانە بە دنیا و بە یەكتریش. بەداخەوە گەلێك جار، رۆڵی وەرگێڕەكان لەو ناساندنەدا، نادیدە دەگیرێت و پەراوێز دەخرێن. یاخود كاتێ رۆماننووسێك، بەهۆی یەك رۆمانی بڵاوكراوەیەوە، لە رێگەی وەرگێڕانی رۆمانەكەیەوە، ناوی بڵاو دەبێتەوە و دەناسرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەگەر خودی وەرگێڕەكە نەبووایە، ئەو هێندە نەدەناسرا. نموونەی بەرجەستە و دیار لە نێوەندی ئەدەبی كوردی لەم رووەوە زۆرن، كە دەتوانین ئاماژەیان پێ بدەین. بۆ نموونە: ئەگەر وەرگێڕێكی جواننووسی وەك ( سەباح ئیسماعیل) نەبووایە، بە ئاسانی (جان دۆست) لە نێو خوێنەرە كوردەكانی ئەم بەشەی كوردستان نەدەناسرا. تەنانەت ئەگەر ئەو وەرگێڕە نەبووایە، من هەرگیز نەمدەتوانی رۆمانی (مارتینی بە ختەوەر) بە زمانی كوردی بخوێنمەوە، كە جگە لە كوردی هیچ زمانێكی دیكە نازانم.
خوێنەر سەراسیمە دەبێت
وەرگێڕ بە شێوەیەك ئەو رۆمانە و (ئەوانی دیكەشی) كردوونەتە كوردی، خوێنەر كە دەیخوێنێتەوە، وا هەست دەكات رۆمانەكە لە بنەڕەتدا بە كوردی نووسراوە. هەموومان رۆڵی ئەو وەرگێڕە، لە ناساندنی جان دۆست بە خوێنەری كوردی دەزانین و دەناسین، كەواتا نابێ لە پەراوێزی خەڵاتكردنی ئەو رۆماننووسەدا، كەس وەرگێڕی بەرهەمەكانی بە بیر نەبێت، یاخود رۆڵەكەی نادیدە بگرن. لەم ساڵانەی دواییدا، (دەمیرتاش) لە رێگەی چیرۆكەكانییەوە زۆر لەنێو خوێنەرانی كورد ناسرا، هەمووشمان دەزانین دەمیرتاش كە بەداخەوە ئێستا لە زیندانی توركەكانە، ناتوانێت بە كوردی بنووسێت، بەڵام لە رێگەی (فەرهاد چۆمانی) یەوە، چیرۆكە جوانەكانی دەمیرتاشمان خوێندنەوە. چۆمانی، بە جۆرێك ئەو بەرهەمانەی كردۆتە كوردی، كە خوێنەر سەراسیمە دەبێت، بەو زمانە پەتی و جوان و بێ گرێ و گۆڵ و كوردانەی، ئەو وەرگێڕە گەنجە هەیەتی. گەلێك جار، بە حوكمی ئەو ستەم و داگیر كارییەی تورك لە ئێمەی كردووە، جۆرێك لە رق و دیدگایەكی شۆفێنیمان بەرامبەر بە نەتەوەی تورك و فەرهەنگەكەی لا دروست دەبێت، بەڵام كاتێ رۆمانێكی ئەلیف شەفیق دەخوێنینەوە كە (فەرهاد چۆمانی) وەریگێڕاوە، بەبێ ئەوەی پێی بزانین زمانی توركیمان خۆش دەوێت. بە هەمان شێوە، ئەگەر وەرگێڕانەكانی (ئازاد بەرزنجی) نەبووایە، كەس خالید حوسێنی نەدەناسی و بە نەهامەتییەكانی گەلی ئەفغانی ئاشنا نەدەبوو. ئەگەر (شەفیق حاجی خدر) نەبووایە، ئەستەم بوو (قادر دانساز) لە نێو خوێنەری كورد بەو شێوەیە بناسرێت و رۆمانەكانی بخوێنرێنەوە، یاخود ئەو هەموو زانیارییانەمان لە بارەی گەلی جوولەكەوە هەبێت، كە دەیان كتێبی لە بارەی مێژوو و ژیانی سیاسی جوولەكەكان وەرگێڕاوە. ئەمانە و دەیان نموونەی دیكەش، كە رۆڵی وەرگێڕەكان لە ناساندنی نووسەر و بەرهەمەكانییان دەردەخەن. كەچی بە داخەوە زۆر جار هەوڵ و شەونخوونی و ماندووبوونی وەرگێڕەكان ون دەكرێت و نووسەر بە جۆرێك وەسفی خۆی و بەرهەمەكانی دەكات، وەك ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بەو شێوەیە ناسرابێت و بە ناو و دەنگ بووبێت. لە زۆر لایەنی دیكەش، ستەم لە وەرگێڕەكان و كایەی وەرگێڕان دەكرێت.
سەدیق سەعید رواندزی
2022-04-18
سەرچاوە: knwe