فوئاد سدیق
كۆمەڵگای كوردی بریتییە لە كۆمەڵگای زارەكی، لە كۆمەڵگای زارەكیشدا بە دەگمەن داهێنەری لێ دروستدەبێت، چونكە مرۆڤەكان لە كۆمەڵگای زارەكیدا لە بانگەشەی مۆدێرن تێناگەن، لە تابلۆكان تێناگەن، لە ئۆركسترا تێناگەن، كۆمەڵگای زارەكی بریتییە لە كۆمەڵگایەكی نەریتی تەنیا بە چاو دەیبینێت، بە مێشك بیری لێ نەكردۆتەوە.ئەمڕۆش جیهانی تەكنۆلۆژیا كۆمەڵگای زارەكی تارومار كردووە، ژاوە ژاوێكی خستۆتە ناوی، كورد گوتەنی: سەگ ساحێبی خۆی ناناسێتەوە. زمانی قسەكردن دیاردەیەكی دەنگیی راگوزەرە، ئەو بیرۆكەیەی ئەگەر مانایەك ببەخشێت، لەلایەن ئەو كۆمەڵگا زارەكییە بە ئاسانی بە كوفر دادەنرێت.
هێشتا فەلسەفەی سروشتی ئایۆنی لە دایك نەببوو، هێشتا ئەفسانە تاكە فیكری مرۆڤایەتی بوو، كۆمەڵگاكان بەتایبەت لە میسر كە یەكێك لە پێشكەوتووترین وڵاتی شارستانی بوو، كەچی بۆ چارەسەركردنی نەخۆش دەهاتن بۆئەوەی نەخۆشەكە چاك ببێتەوە،دەیانگوت نەخۆش پێویستە خواوەند ئاشت بكاتەوە، یان میسرییەكان كاتێ بە دوژمنێك نەوێرابوونایە ناوی ئەو دوژمنەیان لە پەرداخێكدا دەنووسی و لە ئاهەنگێكی ئایینیدا شتیان پێدەخواردەوە،ئینجا بە پێ دەیانشكاندو وایاندەزانی بەم كردەوەیان زیانیان بە دوژمن گەیاندووە. لەوەش زیاتر لە كۆمەڵگا نەریتییەكانی پێش هاتنی فەلسەفە، ئەگەر كەسێك بیویستبا بزانێت هاوسەرە دووگیانەكەی كچێكی دەبێت یان كوڕ، چۆلەكەیەكیان دەگرت و سەریان دەبڕی بۆئەوەی شامانەكە سەیری ریخۆڵەكانی بكات (شامان: وزەی رۆحە بۆ جیهانی فیزیكی بە مەبەستی چارەسەركردن ) یان ئەگەر ئاسكێكی گەورە بكەیتە قوربانی بۆ خوداكان ئەوا لەوانەیە كوڕت ببێت نەك كچ، خۆ ئەگەر كچی بوو، ئەوكات دەیانگوت ئاسكەكە زۆر گەورە نەبوو !! بۆیە كچی بوو.
هەر لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 بە دواوە، چەندین ئەفسانەی دیكەی لەمشێوەیە لەناو كۆمەڵگای كوردی سەریانهەڵدا. وەك بابەتەكەی شیری تەگە(بانگەشەی ئەوەیان كرد تەگەیەك شیر دەدات، شیرەكەشی بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەكانی چاو چارەسەرە، ئیتر خاوەنی تەگە، بەمە پارەیەكی یەكجار زۆری بۆخۆی كۆكردەوە!!)، یان ئەو كچەی چوو بۆ ئاسمان و بە چاوترووكانێك دوای چەند هەفتەیەك لە حەوشەی ماڵەكەی خۆیان نیشتەوە!! چەندین بابەتی دیكە.
رۆشنبیرێك بەرهەمی ئەم كۆمەڵگایە بێت، تەنیا دەتوانێ رۆمانێكی پەخشانئامێز بنووسێت،مۆسیقاژەنێك بەرهەمی ئەم كۆمەڵگایە بێت، تەنیا دەتوانێت شمشاڵ بژەنێت. دەرهێنەری فیلمێك بەرهەمی ئەو كۆمەڵگایە بێت، تەنیا دەتوانێت خۆی بكاتب ە فیلم لەبەرچاوی خەڵكەكەی. بۆیە بەدەگمەن رۆمانمان هەیە، بە دەگمەن شاعیری جوانمان هەیە، بە دەگمەن رەخنەگرو لێكۆڵەری بەتوانامان هەیە،بەدەگمەن مۆسیقا ژەنێكی جوانمان هەیە، بەدەگمەن دەرهێنەرێكی جوانمان هەیە. ئاخر لەبەر ئەوەیە كاتێك ڤیستیڤاڵێكیش دەكرێت، ئەو ڤیستیڤالە زۆر سەقەت دەبێت. بڕوانە ئەو ڤیستیڤالەی بۆ گۆڤاری رامان كرا، بابەتەكانی ئەو ڤیستیڤالە ئەوەندە سەقەت بوون، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی هیچ بەرهەمهێنانی فیكریان نەبوو، ئەوانەی شیعری جوانیان نەبوو، ئەوانەی لێكۆڵەرێكی بەتوانا نەبوون، ببوونە هەوێنی ئەو ڤیستیڤالە. لەكاتێكدا ئەو ڤیستیڤالە دەبوو، كەسانی پسپۆری بۆ بوارە جیاجیاكان بانگ بكردایەو، بەرهەمی نوێیان پێشكەش بكردایە، بەڵام هیچ بەرهەمێكی نوێی تێدا پێشكەش نەكرا. بۆیە ئەو ڤیستیڤالە نەك هەر چارەسەرێكی پێ نەبوو، بەڵكو جارێكی دیكە كۆمەلێك قەیرانی دیكەی قووڵكردەوە. لەبەر ئەوەیە تا ئێستاش دۆخی ڕۆشنبیرانی کورد بە سەقەتی باسی لێوە دەکرێ و ئەم پرسە بۆتە مسۆگەرترین و شێواوترین پرس. گەلی برادەرینە ئێمە پێویستمان بە سەكۆی سەرشانۆكان نییە، پێویستمان بە شاشەی تیڤییەكان نییە، پێویستمان بە بڵندگۆی گوتاردان لە كەناڵە زۆرو زەوەندە بێتام و ناشیرنەكان نییە. ئەمانە كاریان گەوجاندنی خەڵك و بەلاڕێدابردنی خەڵكە تینووەكەیە، كە بەدوای وشەی جواندا دەگەڕێن.
ئێمە پێویستمان بە تیۆر هەیە ، پێویستمان بە پرۆژەی فیكریی هەیە، چیتر پێویست ناكات ئەوانەی 6-7 كتێبیان چاپكردووە، بەڵام بەهای فلسێكی سووتاویان نییە، وەك رۆشنبیر خۆیان نیشانبدەن و خۆیان بكەن بە ریش سپی ئەم كۆمەڵگا نەریتییە. كۆمەڵگای نەریتی بەكەسانی شۆڕشگێر بەهۆش خۆی دێتەوە، نەك بە نیشاندانی بچمی ناشیرینی خۆیان بۆ خەڵك.
ئەوانەی ساڵانە رۆمانمان بۆ دەنووسن، ئەوانەی ساڵانە دیوانێك بەناو شیعرمان بۆ دەنووسن(هەندێكیان ساڵانە رۆمانێك و دیوانێكیش و بگرە زیاتریش دەنووسن!!)، ئەمانەن كە سیمای كتێبخانەی كوردیان زۆر ناشیرن كردووە، ئەمانەن زیانیان بە چەمكی رۆشنبیر گەیاندووەو شێواندوویانە.
لەم رۆژانە برادەرێك نامەیەكی بۆ ناردووم، بۆی نووسیوم 14 كتێبم چاپ كردووە، دەمەوێ بیگەیەنمە دەستت. نەمزانی چی بۆ بنووسم، بۆیە وەڵامم نەدایەوە، چونكە یەكەم: نایانخوێنمەوە، دووەم: هەرزەكارێكە بەو تەمەنەوە چۆن 14 كتێبی نووسی !!. ئێستا بۆتە مۆدێل ژمارەی كتێبەكانت چەندە؟! ئەمە چ كارەساتێكە... باسی ئەوە ناكرێت ئەوەندە ساڵە خەریكی نووسینی، چ بەرهەمێكی فیكریت داهێناوە!.
ئێمە تووشی كۆمەڵێك قەیرانی رۆشنبیریی، قەیرانی ئەخلاقی، قەیرانی شوناس،تەنانەت لەجیاتی قەیران دەتوانم بڵێم تووشی ئیفلیجی ئەخلاقی هاتووین، لەنێو ئەم هەموو قەیرانە قووڵانەدا، ئاسان نییە، رێگایەكی راست و رەوان بدۆزینەوە، لەكاتێكدا تەمتومانێكە چاو چاو نابینێت. ئێستا فەیسبووك و ئەو وێبسایتانەی بە حساب خەڵكی خوێنەوار بەڕێوەی دەبەن، بەشێكیان بوونەتە سەكۆیەك بۆ ستایشكردنی دزو مافیاو گەندەڵەكان.ئەمەیە قەیرانی گەورە. نوخبەو خوێنەواری كورد گەمژەن، ئەوەندەی ئەوان بۆ پیاهەڵگوتن لێیدەزانن، بەدبەختێكی نەخوێندەوار كە لە شێخەڵا توورو كەرەوز دەفرۆشێت لێی نازانێت، تەنانەت پێی شەرمە بە دزو گەندەڵێكیش دا هەڵبڵێت. ئەی بەناو نوخبەی كوردی(كە ئابڕووی نوخبەشتان بردووە، تۆ بۆ وادەكەی!!). لە هیچ سەردەمێكدا دزو گەندەڵ بە تێكۆشەر ناوی نەبراوە، ئێستا نوخبەی كوردی ئەو كەتنەشی خستە سەر كەتنەكانی دیكەی. ئەم رووخانە ئەخلاقییە بە ئاسانی چاك نابێتەوە. كۆی كۆمەڵگای ناشیرن كردووە.
با بێینە سەر ئەو خاڵەی، ئێمە لەناو ئەو رووخانە فیكری و ئەخلاقییەدا، چیمان كردووە بۆئەوەی بەسەر قەیرانەكاندا سەربكەوین! ئەگەر شتی زۆر باش كراوە، ئەدی ئەم هەموو قەیرانە چییە یەك لەدوای یەك بە كۆمەڵ یەخەی ئەم میللەتەی گرتووەو تا دێ قەیرانەكان زیاتریش قووڵدەبنەوە .
ئێمە تا ئێستا قوتابخانەیەكی كولتووری نووسراومان نییە. كوا ئەو گرووپە فیكرییانەی كە پێشبڕكێی یەكدی دەكەن، ئێمە تا ئێستا یەك گرووپمان نییە رێچكەیەكی نوێی فیكرییان گرتبێتە بەر،ئەگەر بڕوامان بە گرووپبەندیش نەبێت، خۆ كەسیش نەیتوانیوە بە تەنیا بووبێتە دامەزرێنەری رێچكەیەكی فیكریی. هیچ تیۆرێكمان بۆ گۆڕینی كۆمەڵگا بۆ سیستەمی سیاسی نەبووە، تا توانای وشیاركردنەوەی كۆمەڵگاشمان نەبێت ، كە ئەوە ئەركی نوخبەی رەسەنە، نابێت گلەیی لە كەس بكەین.
سەرچاوە : خەندان