
رووماڵی رووداو بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کریستیان دیموکرات-ئەڵمانیا: دەمانەوێت کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بهێنین
ئەندامێكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا: گەمژەییە داوا لە سووریاییەکان بکرێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
پارتەکانی ئەڵمانیا لە بانگەشەی هەڵبژاردن کێبڕکێ لەسەر تووندکردنی سیاسەتی کۆچبەری دەکەن
بەربژێرێکی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان ـی ئەڵمانیا: دەرکردنی هەموو کۆچبەران لە وڵاتەکەمان، گێلایەتییە
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا پێنج رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا و 12 کورد لەسەر لیستی جیاجیا بەربژێرن. پەیامنێری رووداو دەڵێت، گەنجان زیاتر پارتە چەپەکانیان لا پەسندە.
رۆژی چوارشەممە 19-02-2025، لە بووڵتەنی کاژێر 21:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشیکرد، بە هاوکاریی پەیامنێران لە شوێنە جیاجیاکانی ئەڵمانیاوە، چەندین مژاری گەرمی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا خرانەڕوو.
23ـی شوبات هاووڵاتییانی ئەڵمانیا بە کوردانی دیاسپۆرانشینەوە، دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. 12 بەربژێری کورد لەنێو ئەو دەیان بەربژێرانەدان کە دەیانەوێت یەکێک لەو 630 کورسییە پڕبکەنەوە کە ئەمجارە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا پێکدەهێنن.
''سبەی وادەی پۆست کۆتایی دێت''
هێمن عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەوانەی بە پۆست دەنگدەدەن، دەبێت هەر ئێستا، بچن دەنگەکانیان بخەنە سندووقەکانی پۆستەوە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە دەزگای پۆستی ئەڵمانیا (دۆیچە پۆست) رایگەیاندووە، هەر دەنگێک تاوەکو سبەی پێنجشەممە، (واتە تاوەکو 5 کاژێری دیکە) نەخرابێتە سندووقی پۆستەوە، فریای ئەوە ناکەون کە بگەیەندرێنە دەست کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان.''
بەمەش ئەو دەنگانەی دوای ئەوکاتە دەخرێنە سندووقی پۆستەوە، دەفەوتێن. ئەوکات دەنگدەرانی بە پۆست، ناچارن رۆژی دەنگدان وەکو دەنگدەرانی دیکە بچنە بنکەکانی دەنگدان و لەوێ یان پۆستەکەیان بخەنە سندووقی دەنگدانەوە، یان لە بنکەکە وەک کەسانی دیکە دەنگ بدەن.
ئەم بڕیارەی دۆیچە پۆست نیگەرانیی زۆری لێ کەوتووەتەوە. شتێفان برویشلە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی بەرلین رەخنەی تووندی لەو بڕیارە گرتووە و دەڵێت، ''ئەوە کێشە دەنێتەوە.''
''رێژەی تاوان پەیوەندی بە ژمارەی کۆچبەرانەوە نییە''
یەکێک لەو مژارانەی کە بانگەشەی هەڵبژاردنی لەنێوان پارتەکان گەرمتر کردووە، پرسی کۆچبەرانە. لە چەند هەفتەی رابردوودا کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەکرێت، زوو زوو کۆچبەرێک بە چەقۆ یان بە ئۆتۆمبێلەکەی هێرش دەکاتە سەر خەڵک لە ئەڵمانیا و میدیاش گەورەی دەکاتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە بە گوێرەی داتاکان، ئەوانەی لە ئەڵمانیا تاوان دەکەن، زۆرتر ئەڵمانییەکانن نەوەک کۆچبەران.
لە رووماڵەکەدا ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو، زانیاریی گرنگی لەسەر جیاوازیی نێوان داتاکانی پۆلیسی ئەڵمانیا و چەند لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە ''تاوانکاری''ـی کۆچبەران خستەڕوو.
ئاڵا شاڵی لە دووسڵدۆرفەوە دەڵێت، لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵانی 2018 تاوەکو 2023 لە ناوچە جیاجیاکانی ئەڵمانیا کراوە دەریدەخات، ''بەهیچ شێوەیەک زیادبوونی تاوان پەیوەندیی بە زیادبوونی کۆچەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شوێنی نیشتەجێبوونەوە هەیە.''
وەک ئاڵا شاڵی دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە کە ''ئەو کۆچبەرانەی دەچنە ئەڵمانیا، زیاتر لەو ناوچە قەرەباڵخانە دەژین کە زیاتر تاوانبارەکان لێی نیشتەجێن، بۆیە رێژەی تاوان بەرز دەبێتەوە و ئەو پرسە پەیوەندیی بە ژمارەی کۆچبەرانەوە نییە.''
AFD لەنێو گەنجان پارتی سێیەمە
دامەزراوەی فۆرزا بۆ راپرسی هەندێک داتای سەرنجڕاکێشی لەسەر گەنجان و رای ئەوان لەسەر پارتەکانی ئەڵمانیا بڵاوکردووەتەوە. لەو داتایانەدا دەردەکەوێت کە هەرچەندە گەنجان زۆرتر دەنگ بە پارتە چەپەکان دەدەن، بەڵام پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، لە ریزبەندەکەدا بە پلەی سێیەم دێت و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی گەنجانی ئەڵمانیا ئەو پارتە هەڵدەبژێرن.
دوو ملیۆن و 300 هەزار گەنج بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبن. پەیام سەربەست لە بەرلین چووەتە نێو گەنجانی کورد و ئەڵمانی و، گفتوگۆی لەگەڵ کردوون. پەیامنێری رووداو هۆکاری شکانەوەی گەنجان بە لای پارتە چەپەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، ''نەوەی نوێ زۆر گرنگی بە بابەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە دەدەن، بۆیان گرنگە کە پڕۆژە هەبێت و بزانن وڵاتەکەیان لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان دەبێت چۆن هەنگاو بنێت.''
پرسێکی دیکەی گرنگ کە هۆکاری نزیکبوونەوەی گەنجە ئەڵمانییەکانە لە پارتە چەپەکان، پرسی کۆچبەرانە. وەکو پەیام سەربەست گوتی، ''ئەوان دوو بەشن، گەنجە ئەڵمانییەکان پێیان وایە بۆ پاراستنی رەنگاوڕەنگی و هەمەجۆریی (نەتەوەیی) وڵاتەکەیان، بوونی کۆچبەر گرنگە، هەروەها بەشێکیان گەنجە کۆچبەرەکانن کە لە ئەگەری سەرکەوتنی راستڕۆکان، لە داهاتووی خۆیان دەترسن.''
''بەربژێری سەرەکیی یەکێک لە پارتەکان کوردە''
لە درێژەی بووڵتەنەکەدا زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو ئاشکرایکرد کە سەرۆک یان بەربژێری سەرەکیی یەکێک لە پارتە ناسراوە بەشدارەکانی هەڵبژاردن، کوردە.
ڤۆڵت پارتێکی ئەوروپییە کە لە زۆر وڵات بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و سەرکەوتووش بووە. ئەو خانمەی بەربژێری یەکەمی ئەو پارتەیە لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا ناوی مارال کوهێستانییە. ماراڵ کوهێستانی، بەربژێری سەرەکیی پارتی ڤۆڵتە، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤیسبادنە و کوردی خوڕاسانە.
''دەنگی کریستیانەکان زیاد دەکات و دەنگی پارتی دەسەڵاتدار کەم دەکات''
بە گوێرەی دوایین راپرسیی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، یەکێتیی کریستیانەکان 31٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت کە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو دەنگەکانیان 7٪ زیاد دەکات.
هەر بەگوێرەی دوایین راپرسی، سۆسیال دیموکراتەکان کە پارتی دەسەڵاتدارن، دەنگێکی زۆریان لەدەستداوە و لە 25٪ـەوە دەنگەکانیان گەیشتووەتە 16٪.
بە گوتەی زنار شینۆ، دۆخی پارتی سەوز بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بە 13٪ هەر وەکو خولی پێشوو دەمێنێتەوە، هاوکات چەپەکان نزیکەی 7٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان 12 کورد بەربژێرن
بەپێی زانیارییەکان 12 کوردی دیاسپۆرا لەسەر لیستی جیاجیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بەربژێرن.
- سەردار یوکسەل، یەکێک لەو بەربژێرانەیە کە لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان SPD بەربژێرە و لە ساڵی 2010ـوە پەرلەمانتاری نۆردراین-ڤێستڤاڵنە.
- بەربژێرێکی کوردی دیکە بە ناوی عەلی ئارتان تۆپڕاک لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتەکان بەشدارە کە هاوکات سەرۆکی رێگەپێدراوی جڤاکی کوردییە لە ئەڵمانیا.
- یەکێکی دیکە لە بەربژێرە کوردەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، قاسم تاهیر ساڵحە لەسەر لیستی سەوزەکان. ئێستا قاسم ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانییایە.
- گیوکای ئاگبلوت، بەربژێری چەپەکانە و ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیایە.
- چرا ئەحمەد، لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان بەربژێرە کە گوتەبێژی پارتەکەیەتی لە ناوچەی میولن.
- فەرات گۆچاک، بەربژێرێکی دیکەی کوردە لەسەر لیستی چەپەکان کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بەرلینە.
- ئیوزگە کاداح لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان بەربژێرە و ئەندامی جڤاتی شارەوانیی فێردنە.
- میرزە ئێدس، بەربژێری چەپەکانە و ساڵی 2024 بووەتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی لە دۆیسبورگ.
- هەمزە ئاتیلگەن، بەربژێری سۆسیال دیموکراتەکانە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. سەرۆکی پەرلەمانی گەنجانی ناوچەی نۆردنهام بووە.
- دیار ئاگیو، بەربژێری چەپەکانە، ساڵی 2017 وەکو گەنجترین سیاسیی ئەڵمانیا بەربژێر بووە.
- حوسێن کەنعان ئایدن، بەربژێری چەپەکانە و کوردێکی عەلەوییە.
- ماراڵ کوهێستانی، بەربژێری سەرەکیی پارتی ڤۆڵتە، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤیسبادنە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا رۆژی 23ـی شوباتی 2025 بەڕێوەبچێت؛ 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەیان هەیە و 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن.
لەم هەڵبژاردنەدا، 45 پارت رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی 5٪ تێپەڕێنن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت. لە خولی بیستەمینی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، حەوت پارت نوێنەریان هەیە ئەوانیش:
- سۆشیاڵ دیموکرات (SPD)
- پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP)
- پارتی سەوز
- پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD).
- پارتی دیموکراتی کریستیان (SCU)
- یەکێتی کریستیان دیموکرات (CDU)
- پارتی چەپی ئەڵمانیا
سەرچاوە : ڕووداو