دەوڵەتمەرد چییە؟ ئایا ئاغای قاسملوو دەوڵەتمەرد بوو؟!

 

 

 

 

مانی ڕەحیمی

 

 

دەوڵەتمەرد بە کەسێک دەوترێت کە لە پۆستێکی دەوڵەتیدا لە کاروباری دەوڵەتداری بەشداری ڕاستەوخۆ و چالاکانەی هەیە و ڕۆڵی ئەو گرینگە بۆ هەڵسووڕاندن و زیندووهێشتنەوەی دەوڵەت. دەوڵەتمەردی بەرجەستە بە کەسێک دەوترێت کە ڕۆڵی بنچینەیی هەبێت لەو دەوڵەتەدا، بۆ نموونە پۆستە بەرزەکانی وەک سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، وەزیر، سەرۆک پاڕلمان یان ئەندام پارلمانەکان کە ڕۆڵی کلیلییان هەیە، یان سەرۆکی کۆڵەکەکان، پلانڕێژەکان، دامەزرێنەرانی دەوڵەت یان حکومەت، ڕێبەرانی شۆڕشی بە مەرجێک دواتر دەسەڵات بگرنە دەست. سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنێک کە هەوڵی دەستاودەستی حکومەت دەدات کە خۆی ڕۆلی سەرەکی تێدا هەبێت وەک سەرۆک وەزیر یان شتی لەم چەشنە و سەرۆک و دامەزرێنەری دامەزراوە و ئێدارات و ڕێکخراوە سەرەکی و گرینگەکان کە بۆ ئاسایش و پاراستنی دەوڵەت گرینگن. ئاغای قاسملوو لە هیچکام لەمانەدا بەشداری بۆ نەکرا، بەڵام هەوڵێکی گرینگی دا بۆ ئەوەی بچێتە ناو دامەزراوەیەکی گرینگی جومهوری ئیسلامی وەک مەجلیسی خوبرەگانی جومهوری ئیسلامی ئێران کە دەنگیشی هێنایەوە، و بوو بە نوێنەر لە "مەجلیسی خوبرەگانی جومهوری ئیسلامی ئێران" و دەبووایە بچێتە سەر پۆستەکەی لە تاران. وەک یەکەمین ئەرکی، بەشداریکردن لە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی بۆ جومهوری ئیسلامی ئێران بوو. بەڵام نەیانهێشت بچێتە سەر پۆستەکەی و ویستیان دەسبەسەری بکەن کە ئەویش بەو هۆیە نەچوو بۆ تاران و لە جومهوری ئیسلامی قاچاغ بوو. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بڵێن ئاغای قاسملوو دەوڵەتمەردێکی ئێرانی بوو کە ئەرکەکەی ئەرکی دەوڵەتداری لە یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی جومهوری ئیسلامی ئێران بوو کە ڕۆڵی کلیلی لەو دەوڵەتەدا هەبوو. ئەویش توانی ئەو ئەندامەتییە بەدەست بهێنێت و ئێرانیش مەنداتی یاسایی نەبوو کە ئەو ئەندامەتییەی لێ بستێنێتەوە مەگەر بە هێزی قەهرییە نەبێت. بۆیە ئاغای قاسملوو لەڕاستیدا هەتا چوار ساڵ ئەندامی قاچاغبووی مەجلیسی خوبرەگانی جومهوری ئیسلامی ئیرانی داگیرکەر بوو کە توانای چوونە سەر پۆستەکەی لێ زەوت کرابوو. بەڵام پرسیار ئەویە کە ئایا دەوڵەتمەردێکی بەرجەستە بوو وەک ئەوەی کە وتەبێژی حیزبەکەی دەیڵێت؟! دەوڵەتمەردی بەرجەستە بەکەسێک دەوترێت، کە ئەگەر بوونی نەمێنێت بۆشاییەکی وەها هەست پێ بکرێت کە پڕکردنەوەی ئاسان نەبێت و تەنیا بە کەسێک لە ئاستی خۆیدا کە ئاستێکی باڵا بێت پڕ بکرێتەوە. بۆ نموونە رەزا پەهلەوی بۆیە بەرجەستە نییە کە توانای پڕکردنەوەی جێگای باوکی نییە. ڕەیسی بۆیە بەرجەستە نەبوو، چونکە توانای پڕکردنەوەی جێگای رەفسەنجانی نەبوو. خامنەیی بەرجەستە بوو چونکە توانای پڕکردنەوەی جێگای خومەینی و درێژەدان بە داگیرکاری و تاوانەکانی ئەوی هەبوو. خومەینی بۆیە بەرجەستە بوو لە دەوڵەتی ئێرانیدا، چونکە توانای فەرمانی شەڕی لەدژی ئێراق و جیهاد لەدژی کوردستانی هەبوو. ئاغای قاسملوو دەوڵەتمەردی بەرجەستەی ئێرانی نەبوو چونکە توانای نەبوو ببێتە بەنی سەدر یان ڕەجایی لە جومهوری ئیسلامییەک کە خۆی باوەڕی پێی هەبوو. ئەو نەیوێرا خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆک کۆماری ئێران، چۆن باوەڕی بەوە نەبوو کە لە ئاستی وەها پێگەیەکی بەرز لە جومهوری ئیسلامیدا بێت. مام جەلال دەوڵەتمەردێکی بەرجەستەی ئێراقی بوو چونکە هەم دەوڵەتسازی و هەم دەوڵەتداری بۆ دەوڵەتی داگیرکەری ئێراقی کرد و وێرای خۆی لەو ئاستەدا ببینێ کە بچێتە جێی سەدام دانیشێ و بە هۆی کوردبوونی، خۆی بە بچوک نەزانی. تەنانەت وەک هۆشیار زێباریشی پێ نەکرا کە خۆی بە شایانی پۆستی وەزارەتی دەرەوە ببینێت. واتا بەگشتی لە توانایدا نەبوو بە فارسەکان بڵێت کە دەوڵەتی ئێرانی دەبێ دەوڵەتێکی هاوبەش بێت و کورد سەرۆک کۆماری یان چەند جەمسەرێکی دیکەی دەسەڵاتی دەوێت و بە مافی خۆمانی دەزانێت. ئاغای قاسملوو قەبووڵی بوو کە ئێرانییەکان واتا فارس و تورک خاوەنی دەوڵەتی ئێرانی لە تاران بن و کورد لەوێ پێویستی بە پشکی دەسەڵات نییە. بەڵکو تەنیا چاوەڕوانی هەبوو کە ئەوان ئەوەندە "دێموکرات" بن کە خودموختارییەکی ساکار لە ناوچەی جاف و موکریان بەناوی کوردستانەوە تەحەمول بکەن. تەنانەت بە خودگەردانیش ڕازی بوو. هەڵبەت ئاغای قاسملوو بە سڕینەوەی ڕێبازی سەربەخۆییخوازیی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر دەوڵەتی ئێرانی لابرد کە ئەمە دەوڵەتی ئێرانی بەهێزتر کرد. دواتر، ئاغای قاسملوو بەشداری کارای کرد لە ڕژیم چەینجی گوادەلۆپێ کە شای لابرد و خومەینی هێنا؛ ئەمە هەمان میکانیزمی ڕژیم چەینجی بێمەترسی بوو کە ئێران هەڵنەوەشێت. هەڵبەت ئێران وەک نەخشەکەی پشیلەسفەتە، ئەگەرنا ڕۆڵی ئاغای قاسملوو بەقەد ڕۆڵی ڕەزا میپەنج بۆ دامەزران و پاراستنی دەوڵەتی ئێرانی گرینگ بوو.