دەنگدان گەمەیەکی گەپئامێز

 

 

موعتەسەم نەجم

 هەندێک جار میللەتی دواکەتوو بۆ مێژساڵ زادەی قەیران دەبێت و لە دۆخێکی چەقبەستودا دەمێنیتەوە، ڤایرۆسی دژە پێشکەوتن جەستەی دەتەنێت و بەچالاکی بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەمێنێتەوە. لە بڕسی هەڵبژاردندا و لە سەر ئەم بنەمایە ئێمەی کورد مۆدێلێکی گەپئامیزمان داهێناوە. 

 چیرۆکی هەڵبژاردن وەک ئاوازێکی نەسازی لێهاتوە بە گوێبیستی مرۆ توشی قەڵسبوون دەبێت. 

 

دەرئەنجامی بێهیوابوونی خەڵک لە هەڵبژاردن و بەرجەستەبوونی نائومێدی لە گۆڕانکاری و گەیشتن بە پێشکەوتن سەدان گرێوگۆڵ لە دەرون و هەناومان دەخوڵقێت. لەم بازنەیەدا ئەم کەتوارە ئەو دۆخەی خوڵقاندوە بەشداریکردنی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار پاشەکشێ بکات. لە دوای ساڵی ١٩٩٢ ەوە بەشداری سیاسی هاوڵاتی کورد خول بە خول زیاتر کەم دەبێتەوەو پاشەکشێ دەکات. بێ بەهاکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و بێ سەنگکردنی دەنگی خەڵک، دەرئەنجامەکەی لە بەتاڵکردنەوەی دەسەڵات لە رەوایەتیەو دەست پیدەکات و لە کۆتایشدا دەبێتە مێردەزمەی هەموو پایەکانی ژیانکردن. 
 

ئەو دەمەی تاکی ئاسای کورد دەگاتە باوەرگەلێک روودان و روونەدانی هەڵبژاردن لە تەرازوی بەرژەوەندیەکانی ئەمدا هاوکێش بن، کرمەجوڵەی هەستی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە ئیفلیج دەبێت. کۆی پرۆسەکەیش لای ئەم دەبێتە سیناریۆیەکی قەشمەرجاری. ئەو کاتەی ئەم هەقیقەتە یەکانگیر دەبیت لە گەڵ قەیرانی دارایی و سیاسی حزبی دەسەڵاتدا دۆخەکە زۆر لەوەیش ئاڵۆزتر دەبێت، کە پێشبینی دەکرێت. لەم حاڵوبارەدایە سەرانی حزب دەپرسن، ئەرێ بۆ وا خەڵک لێمان توورەو نیگەرانە؟.

لە ساتێکدا خەستبوونەوەی ناکۆکی و پێکدادن و کێشە جیهانی و هەرێمایەتیکان و تۆخبوونەوەی دەستتێوەردان لە کار و باری وڵاتان، بە تایبەتی وڵاتانی جێناکۆک لە نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکانی وەک عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە ئەورۆدا بوونەتە گۆرەپانی ململانێ و پێکدادان و رکەبەرایەتی نێوان ئەمریکا و تورکیا و ئێران. لە هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاشکرا حزب و هێزە ناوخۆیەکان بە سەر ئەم لایەنانەدا دەبەش بوونە.  زۆر راشکاوانە تورکیا پشتگیری و یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات و بە هاوپەیمانێکی لۆکاڵی خۆی دەزانیت، لە بەرنبەریشدا ئێرانیەکان بەرگریی و پشتگیری و یارمەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەدەن. لەم بارودۆخەدایە نائومێدی لە دورینەوەی هیوا بۆ بەرجەستە بوونی گۆڕانکاری لە دۆخی چەقبەستوی هەرێم لە سفر نزیک دەبێتەوە. هەموو حزب و رێکخراوەکانی ئۆپۆسزیۆنیش لە گەڵ بەرزکردنەوەی دروشمی بیرقەدار، جگە لە ئاسن کوتان هیچیتریان بۆ نامێنێتەوە.  دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم لە قورە لینجەیەکدا چەقیوە زۆر ئەستەمە بە هەڵبژاردن بتوانرێت لێی دەربچێت. یەکێتی و پارتی تا ئەورۆ هەر یەکەیان خاوەن چوار فاکتەری بەهێزی مانەوەن، ئەوانیش(هێزی سەربازی تایبەت، پارەو دارایی، دەسەڵات و دامودەزگاکانی، پشتگیری و پاڵپشتی هەرێمایەتی).

 لە ماوەی پێشودا بە هۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی بەسەر یەکێتیدا هات، ئەم حیزبە جۆرێک لە پاشەکشێ و لاوازبوونی بە خۆیەوە بینی. پەرتبوون و ئینشیقاق لە لایەک و تێکچونی پەیوەندیە سیاسیەکانی و لاوازبوونی ئۆرگانیەکانی و لەقبوونی ستراکچەری بووە هۆی ئەوەی لاوازی و شڵۆقبوون لە تەواوی فاکتەرەکانی هێزی بدات. 

 

لە دوای هەڵبژاردنی خولی پێشوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە ئەم حیزبە گۆڕانکاری بەسەر ستراکچەر و ئاراستە و مۆدێلی سیاسی و بەرێوەبردنیدا هات. لە وەرچەرخانێکی گەورەدا بەرەو فۆرمی میراتی سیای رۆیشتوە.

لەم رێگایەوە توانی کۆنترۆڵی بەشێکی زۆر لە قەیران و کێشەکانی لە بواری رێکخراوەی حیزبی و کۆنترۆڵی ئەنارشیستی ناوخۆی خۆی بکات. جۆرێک لە فۆرم و مۆدێلی مەرکەزی و تاکرەوانەی لە بەرێوەبردنی حزبدا بەرجەستە بووە.

جۆرێک لە خۆکۆکردنەوەیشی لە بواری ئابووری و خۆکورجکردنەوەی لە بواری چالاکی رێکخراوەی و رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی لە بواری ناوخۆی و دەرەکی بەرجەستە کرد.

لە بواری هێزی سەربازیدا سودی لە ئەزمونی دامەزراندنی لەشکری لیوای تایبەت، کە مام جەلال لە ساڵانی ناوەراستی نەوەتەکاندا       دایمەزراند و توانی بەو هێزە شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی حەسم بکات و تەرازوی سەرکەوتن زۆر بە قورسیەوە بە لای خۆیدا دالەنگێنیت. لەو دەمەدا ئەگەر پارتی (٣١) ئابی نەکردایە دوور نەبوو لە کوردستانیش دەریان پەرینیت. لە ئەورۆدا دامەزراندنی هێزەکانی کۆماندۆ و دژە تیرۆر گیانی بە جەستەی لاوازی یەکێتیدا کردەوەتەوە. هاوکات جۆرێک لە رێزی سیاسی و هێزی ئابووریشی پێبەخشیوەتەوە. 

 

لەم حاڵوبارەدا هەموو هێما و نیشانە وئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن. دەرئەنجامی هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکاریەک لە نەخشەی سیاسی و فۆرمی بەرێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەرجەستە ناکات. شرۆڤەکردن بە بێ تەسلیمبوون بە عاتیفەی هەوەسبازی بەلای لایەنگیریدا، ئەوەی پێشبینی دەکرێت لە بواری گۆرانکاری تەنیا ئەوەیە، کە لە دوای هەڵبژاردن ئێران و یەکیتی بتوانن جارێکیتر واقعی پەنجا بە پەنجا جارێکیتر بە سەر واقعی سیاسی کوردیدا بسەپێنن. 

 ئەوەی راستی یەقینە و دەبێت سەرتەڵی کورد و خەڵکی عەوامیش خۆیانی لێ هەڵە نەکەن وبێکەنە پایەیەک لە پایە سەرەکیەکانی شەنوکەوکردنی سیاسی، هەڵبژاردن لە بارودۆخی وادا ئەستمە ببێتە بناغەی بونیادنانی دیموکراسی، بەڵکو دیموکراسی راستەقینە تەنیا لەو دەمانەدا بەرجەستە دەبیت، کە هەستی غەریزەی خەڵک دەبێت بە فامی ئاگاداری و وشیاربوونەوە و ئاشنابوونی عەقڵانی بە هەقیقەتی کێشەکان و چۆنێتی چارەسەرکردنی، ئەمەیش لە باردا بە تێهەڵکێشوونی عەقڵ و لۆجیک و جووت رۆیشتنیان لە گەڵ  خواستی چارەسەر و ریفۆرمخوازی راستەقینە بەرجەستە دەبێتەوە. لەم دەوەنەدا دەشێت بزنەرێیەک بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی راستەقینە.

سەرچاوە : سپی میدیا