نەوزاد شوانی
هاوپەیمانی دەستەڵاتی ستەمگەر و دامەزراوەی ئاینی( بە تایبەتی فۆرمە فەندەمێنتاڵەکەی) دیاردەیەکی مێژوویە لە فۆرمی جیاوازدا خۆی بەرجەستە کردووە و خۆی بەرهەمهێناوەتەوە. هەزاران ساڵ دەستەڵاتی سیاسی و ئاینی یەک دەزگا و دامەزراوە بوون و هەندێ کات هەردوو دەستەڵاتەکە لە یەک کەسدا بەرجەستە بوون. پەیامبەران، پاپاکان، خەلیفەکان، سوڵتانەکان، ئیمپراتۆرەکان و رابەری سیکت و تەریقەتەکان..هتد نمونەی ئەم یەکبوونەن. لە قۆناغەکانی دواتر لە پاش جیابوونەوەی دەستەڵاتی سیاسی و دەستەڵاتی ئاینی بۆ دوو دامەزراوەی جیاواز، ئەو هاوپەیمانیە لە هاوکاری و هەمئاهەنگی هەردوو دەستەڵاتەکە و پشت بەستنیان بە یەکتر یا بە هەژموونی یەکێکیان بەسەر ئەویتردا بەرجەستە بووە. وەک هاوپەیمانی دەستەڵاتی کلێسا و شا و ئەمپراتۆرەکانی ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەراست. کڵیسای کاتۆلیکی رەوایی ئەدا بە دەستەڵات و مافی خودایی شا و ئیمپراتۆرەکان و لەبەرمبەردا شا و ئیمپراتۆرەکان دەستەڵاتیکی فراوانیان خستبوە بەردەستی دەستەڵاتی ئاینی و دەستواڵاکرابوون لە کوکردنەوەی سامانی بێشومار و سەرکوتکردنی ئەوانەی گومانیان ئەخستە سەر دروستی بنەماکانی ئاین. دادگاییکردنی گالیلۆ و سوتاندنی جۆردانۆ برۆنۆ بە زیندوویی و سەدان هەزار تاوانی تر بەرهەمی هاوپەیمانی دەستەڵاتی ستەمگەر و کڵیسا بوون.
زیاتر لە نۆ سەدە، لە نێوان سەدەی پێنج و سەدی چواردەی زاینیی ( بەسەدەکانی ناوەراست یا سەردەمە تاریکەکان ناسراوە) لە یەکبوون یا هاوپەیمانی دەستەڵاتی ئاینی و دەستەڵاتی سیاسی ستەمگەر نمونەی هەرە گەورە و هەرە روونی جمکبوونی دەستەڵاتی ستەمگەر و فەندەمێنتالیزمی ئاینیە. ئەم قۆناغە بە بوژانەوە (رینیسانس) کۆتایی هات کە مانشێتە هەر گەەورەکانی دابڕینی ئاین لە سیاسەت و ناردنەوەی ئاین بۆ کڵیساکان بوو، بەوەش کۆتایی هێنان بە دەستەڵاتی بیسنوری ئەمپراتۆر و شاکان بە پاساوی مافی خودایی کە کڵیسا بۆیانی شەرعاندبوو. لە مێژووی روژهەڵاتدا میژوی حوكمڕانى تیۆکراسی ئیسلامی نمونەیەکی بیغەوشی یەکبوون یا هاوپەیمانی دەسەڵاتی سیاسی و ئاینیە. سەرەتا دەستەڵاتی ئاینی و دونیایی لە یەک کەسدا بەرجەستە ئەبێت لە سەردەمی پەیامبەر و چوار خەلیفەی یەکەم. دواتر لە سەردەمی ئەمەوی کە حوکمڕانی ئەبێت بە پاشایەتی (ملک عضوض) و عەباسیەکان، گوڕانکاری بەسەر حیکایەتی ئایندا ئەهێنرێت و سیرە و سوننەت ئەنوسرێنەوە بە پێی پێداویستی رەواییپێدانی دەستەڵاتی سەردەم. هەتا ئەگات بە کۆتایی دەستەڵاتی عوسمانیەکان لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو، یەکبوون یا هاوپەیمانی ئاین و دەستەڵاتی ستەمگەر بەردەوام بوو بە هەندێک گۆڕانکاری رووکەشیەوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتەکانی سەردەم بێ ئەوەی هیج گۆڕانکاریەکی گەوهەریی بەسەردا بێت. ئەم دیاردەیە لە جیهانی ئیسلامیدا بە پێچەوانەی ئەوروپا وجیهانی مەسیحیی بە شۆڕشیکی ناوەکی کوتایی نەهات وەک رێنیسانس، بەڵکو بە گەندەڵبوونی ئەو دەستەڵاتە لەناوەوە و فشار و ئاڵنگاری دەرەکی سیاسی و سەربازی و زانستی ئەوروپا، بە رووکەش کۆتایی هات بەڵام لە گەوهەردا بەشێوازی جیاواز بەردەوامبوو.
لە نێوەی یەکەمی سەدەی رابردوو و لە نێوان هەردوو جەنگەکانی جیهانی یەکەم و دووهەم لە گەڵ چربوونەوەی قەیرانی سەرمایەداری و سەرهەلدانی بزواتە فاشی و نازییەکانی ئەوروپا، جارێکی تر ئەم هاوپەیمانیە لە نێوان دامەزراوەی ئاینیی و ستەمگەریی ژیایەوە. بو نمونە پنیتۆ مۆسۆلینی مولحید و دژە کڵیسا بۆ ئەوەی ڤاتیکان بکات بە هاوپەیمانی خۆی، لە کڵیسا هاوسەگیری کرد و مندالەکانی لە کڵیسا تەعمید کرد و لە یەکەم وتاری پەرلەمانی لە پاش بوونی بە سەرۆک وەزیران لە ساڵی ١٩٢١ گوتی( لە ئێستادا تەنها بەهاگەلێکی گەردوونی لە رۆماوە سەرچاوە بگرێت بەهاکانی ڤاتیکانە). هاوپەیمانی کلێسای کاتۆلیکی ئیسپانی ودکتاتۆریەتی جەنەڕال فرانشیسکۆ فرانکۆ نمونەیەکی تری هامئاهەنگی وهاوچارەنووسی دەستەڵاتی ستەمگەر و دامەزراوەی ئاینیە. لە نێوان ١٩٣١ تا ١٩٣٦ یەکەم دەستەڵاتی دیموکراسی هەڵبژێراو لە ئیسپانیا هاتە کایەوە. لە سالێ ١٩٣٦ فرانکۆ کودەتاکەی بەرپاکرد بەسەر دەستەڵاتی دیموکراسیدا و لە ئانجامدا شەرێ ناوخۆ دەستی پێکرد تا سالێ ١٩٣٩ وسەرکەوتنی تەواوی فرانکۆ. کلێسای کاتۆلیکی ئیسپانی هەر لە سەرتاوە دژی دیموکراسیەت بوو، جونکە لە گەڵ بنەما و عەقیدەی کاتۆلیکیزمدا پێچەوانە بوو و دەستی برد بۆ بەرژەوەندیەکان و دەستەڵاتەکانی کڵیسا. ئەم هاوپەیمانیە نزیکەی ٤٥ ساڵ لە نێوان فرانکۆ و کڵیسای کاتۆلیکی بەردەوام بوو و هەردوو لایان بەرپرسیارن لەو هەموو تاوان و مرۆڤکوژییەی لەسەر دەستی ئەو هاوپەمانیە ناپیرۆزە کران. کودەتاکەی ئۆگەستۆ پینۆشیە دژی دەستەڵاتە هەلبژێراوەوکەی سلڤادۆر ئەیێندی لە چیلی لە سالی ١٩٧٣ نمونەیەکی تری هاوپەیمانی ستەمگەر و دیکتاتۆرەکانە لە گەڵ دەستەڵاتی ئاینیی و پەیوەندی لە گەڵ کلێسادا بە هەمان تەرزی دەستەڵاتەکەی فرانکۆ بوو.
هاوپەیمانی محەمەد بن سعود لە گەڵ محەمەد بن عەبدلوەهاب بۆ دروستکردنی شانشینی سعودیە نمونەیەکی تری بەرجەستەکەری هاوپەیمانی دەستەلاتی ستەمگەرو فەندەمێنتالیزمی ئاینیە. ئەم هاوپەیمانیە ئێستاش بەردەوامە و دۆزینەوەی نەوت لە نیمجە دورگەی عەرەب و کەڵەکەبوونی سامانێکی زۆر لەبەر دەستی ئەم هاوپەیمانیە کردوویەتی بە یەکێک لە سەنتەرکانی پشتگیری ئیسلامی سیاسی و سەلەفی و یەکێک لە سەرچاوەکانی پشتگیری ستەمکاران و تیرۆریزمی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم مۆدێلەی سعودیە کەم تا زۆر لە زۆربەی وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەب بەرهەمهاتۆتەوە و ئێستاش هاوپەیمانی میرنشینی قەتەر ویەکیەتی جیهانی زانایانی ئیسلام بە رابەری قەرزاوی و قەرەداخی نمونەیەکی تری ئەم هاوپەیمانیە ناپیرۆزەیە.
هاوپەیمانی رەجەب تەیب ئۆردەغان وبزاڤی خزمەتی فەتحوڵا گولەن نمونەیەکی تری پاوپەیمانی دامەزراوەی ئاینی و ستەمگەرییە. دەرکەوتنی ئەردوغان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی توکیا و جیهان لە ئەنجامی هاوپەیمانی و هاوکاری گولەن و بزاڤی خزمەت بوو. بزاڤی خزمەت ئەو هاوپەیمانە بە هێز و با نفوزە بوو کە ئەردوغان لە رێگایەوە توانی کۆتایی بە زیاتر لە هەشتا ساڵ لە باڵادەستیی دامەزاوەکانی سوپا و هەواڵگری و دەوڵەتی قووڵ بهێنێت و ملکەچیان بکات، بەلام دیارە ئەردوغان بە هاوپەیمانی دامەزراوەی ئاینی رازی نابێت و شەریک قبوولناکات و خوازیارە هەر خۆی وەک خەلیفەکان تەنها سێبەری خوا بێت لەسەر زەوی و هەموو دەستەڵاتەکان لە خۆیدا کۆبکاتەوە. پاشکۆیەتیی عەلی قەرەداخی و یەکیەتی جیهانی زانایانی ئیسلامی پێ باشترە تا شەراکەتی گوڵەن.
ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهاندا لە سایەی بڕەو وەرگرتنی شەپۆڵی پۆپۆلیزم جارێکی تر هاوپەیمانی سەرکردە تاکڕەو و ستەمگەرەکان بە ئاینەوە روحی ئەکرێتەوە بەبەردا. ئەوەتا کلێسای ئەرتەزۆکسی رووسی بە ئاشکرا پشتگییری ڤلادیمیەت پۆتین ئەکەن لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی دەستەڵاتی خۆی و بنیات نانەوەی ئەمپراتۆریەتی روسیی. لە بەرامبەردا پووتین هەموو بۆنەیەک ئەقۆزێتەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گەڕاندنەوەی نەتەوەی روسیا بۆ سەر بەهاکانی کلێسای ئەرتەزۆکسی و زۆر کات بە سنگی رووتەوە لە کەنار دەریا و دەشتودەر بە خاجەکەی سەرسینگیەوە وینە ئەگرێت و بڵاوی ئەکاتەوە. دۆناڵد ترامپ یەکیکی ترە لەو سەرکردە پۆپۆلیستانەی کە هەوڵی داوە ئاین وەک ئامرازێک بەکار بهێنێت بۆ گەیشتن بە خەونەکانی ولە زۆربەی گوتار و کردارەکانیدا رەنگیداوەتەوە و زۆرێک لە هەوادارانی کە سپی پێستی مەسیحین دروشمەکانی ترامپ بۆ گەراندنەوەی ئەمریکا بۆ سەر بەهاکانی ئەمریکا یا جارێکیتر مەزنکردنەوەی ئەمریکا لێکئەدەنەوە بە گەڕاندنەوەوی ئەمریکا بۆ سەردەمی دەستەڵاتی سپی پێستەکان و رۆڵی کڵیسا و ودامالێنی رەشپێستکان و لاتینەکان و ژنان لەو مافانەی لە چەند سەدە و دەیەی رابردوودا دەستەبەریان کردووە. مودی لە هیند نمونەیەکی تری ئاوێتەبوونی ستەمگەری و دامەزراوەی ئاینیی هندۆکیە.
شایانی ئاماژە پێدانە کە زۆربەی ئەو دەستەڵاتدارە ستەمگەر و خۆسەپێنانەی هەوڵئەدەن دامەزراوەی ئاینیی بکەن بە هاوپەیمانی خۆیان و لە بۆنەکاندا لاوک و حەیران ئەچڕن لە ستایشیاندا لە راستیدا هیچ بڕوایەکیان بە بنەماکانی ئەو ئاینە نیە، بەڵام دووڕوویی یەکێکە لە تایبەتمەندیە رەگداکوتاوەکانی ستەمگەریی و لە بەر هاوچارەنووسی بە لایانەوە نەنگیی نیە رؤلێ بڕواداری نەلەقیو بگێڕن. لە مێژوودا ئەم هاوپەیمانیە تەنها لە نێوان سەرکردە و بزواتی سیاسی هەلپەرست و بێ فیکر و ئامانجی سیاسی بالا ئەچنە ئەم هاوپەیمانیەوە لە گەڵ نوینەرانی ئاینی رووکەشی کە هیچ گرنگیەک بە لایەنی روحی ئاین نادەن و بە لایانەوە تەنها سروت و مەراسیم و رووکەشە. بە واتای لەمەسدا هاوشیوەن کە رووکەشی بابەتەکان بە لایانەوە بنەمایە و گەوهەر هیچ بەهایەکی نیە. دەستەڵاتی ستەمگەر گەندەڵە، کەرتی گشتی وێران ئەکات، قوتابخانە و نەخۆشخانە گشتیەکان بێ پارە و خزمەتگوزاەی ئەکات و خزمەتگوزاریەکان ئەخاتە دەستی کۆمپانیا و بزنسەکانی خۆی، لەلاشەوە باشترین پارجە زەویەکانی کەرتی گشتی ئەکات بە پەرستگا و مزگەوت و ئەیبەخشیت بە رابەری سیکت و تەریقەتەکان بیکەن بە تەکیە و ڤیلا بۆ خۆیان و دارودەستەیان. دەستەڵاتداران هەتا دارودەستەکانی خۆیان بە ١٠ عەریزە ناگەنە لایان، بەلام ئەمان خۆیان ئەچن بۆخزمەتی رابەری سیکت و تەریقەتەکان و دەستلەملانیان ئەبن وەک دوو هاوچارەنووس.
لە بەرامبەردا رابەرە ئاینیەکان و قەشە و مەلاکان کە بەردەوام لە ئاستی گوتاردا جەخت لەسەر رووبەروونوونەوەی بێدادی و زۆڵم و ستەمگەری ...... هتد ئەکەنەوە، بێشەرمانە لە بەر بەرژەوەندی خۆیان و سیکتەکانیان چاو لە هەموو ئەوانە ئەپۆشن و هەر هاوکاریەک پێویست بێت بۆ مانەوەی ستەمگەر و بەهێزکردنی ئەیکەن لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و ئامادەن ببن بە سەرباز لە ژێر رابەریاندا. لەم چوارجێوەشدا جێ لە ( واطيعوا اولى الامر منكم, امام غشوم خير من فتنة تدوم, السلطان ظل الله على الارض, ستون سنة من امام جائر خير من ليلة بلا سلطان ..... الخ) باشتر هەیە بۆ ئەم کارە؟ ئەم پارادۆکسە بە درێژایی مێژوو بەرهەمهاتۆتەوە. هەر لە هاوکاری ڤاتیکان و کڵیسای کاتۆلیکی بۆ فاشیزم و نازیزم لە ئەوروپا، هامئاهەنگی و چاوپۆشینی کڵیسا لە تاوانەکانی فاشێزم لە ئەمریکای لاتین، پشتگیری یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام و قەرزاوی و قەرداخی بۆ ئەردوغانی فاشؤئیسلامی و پاساودانی تاوانەکانی و هاوچارەنووسی کلێسای ئەرسەدۆکسی لە گەڵ پوتین و تەماهیکردنی مەسیحیە ئیڤانجلیکەکانی ئەمریکا لە گەڵ ترامپ و پشتگیری هیندۆکە پەڕگیرەکان بۆ مودی لە هیند.
وادیارە سەرۆک بافڵیش دوای بە میرات گرتنی دەستەڵات لە ناو حیزبی خێڵ و خێزانەکەی ئامادە نیە تەنها بەردەوامکەری سیاسەتی بەر لە خۆی بێت و خوازیارە مۆرکی خۆی بخاتە سەر سیاسەت و مێژووی حیزبەکەی. بۆ ئەم کارەش لە تەماهیکردن و خۆ نزیککردنەوە لە دامەزراوە ئاینیەکانی باشتر نەدۆزیوەتەوە، ئەگەر باشیش وردبینەوە ئەبینین سەرۆک بافڵ لە ناو سێکتە ئاینیەکاندا ئەوانەی هەڵبژاردووە کە یا فۆندەمێنتالی عیار بیستوچوارن، یا کەڵتن و لە سەر گوێڕایەڵی و ملکەچی رەها بۆ رابەرەکانیان بەندن.
سەرچاوە : سایتی ئاوێنە