دەروازەیەك لە مردنەوە بۆ ژیان

دانا رەئووف

حەوت کەس لە شوێنێکدا دەردەکەون، وەك ژوورێك وایه‌ بۆ چاوەڕوانی مردن. جلەکانیان لەیەك ده‌چن، ره‌نگیان وه‌کو ره‌نگی گونییه‌ وایه‌ و شێوه‌یان رێك له‌ شێوه‌ی جلوبه‌رگی ژاپۆنییه‌کان ده‌کات، وەك بووکەڵە دێنە ژوورەوە و هەر وەك بووکەڵە‌ش دەڕۆن و دەجووڵێنەوە. هەر یەك لەم کارەکتەرانە ژماره‌یه‌ک به‌گه‌وره‌یی به‌سه‌ر پشتییه‌وه‌یه‌، کە تەمەنی دیاریدەکات؛ بۆ نموونە کچە سیانزە ساڵییەکە ژمارە 13 بەسەر پشتییەوەیە، 93 بە پشتی پیره‌ژنه‌که‌ و 49 بە پشتی ئەو پیاوەوە، کە تەمەنی چلونۆ ساڵە. ئەم حەوت کارەکتەرە تەمەنیان لە 13 ساڵییەوەیە تا 93 ساڵییە.
نۆرێن تەمەنی هەموو کارەکتەرەکانی دیاری کردوە و هیچ ناوێکی لە کارەکتەرەکانی نەناوە، بە ئا، ب، س... دەستنیشانی کردوون. ناوی دەقەکە/ نمایشەکەیش، Temps Mort کە وشەیەکی فەڕەنسییە دەکرێت بە چەندین شێوە لێکبدرێتەوە: کاتی مردن، پشوو، ئارام، پشوو وەربگرە، هەر چۆن نمایشەکەیش/دەقەکە دەکرێت به‌ چەندین شێوە و شێواز و فۆرمی جیاوازدا پێشکەش بکرێت، بە هەمان شێوە، مانای دەقەکەیش بە چەندین شێوە دەخوێندرێتەوە. ئەم حەوت کارەکتەرە تازە مردوون و باسی ئەوە ناکەن، که‌ مردوون، بەڵکو باسی شتی تر دەکەن. باسی ئەوە دەکەن، کە نەمرن. ئەمەیش یەکێکە لە تەنگەژە قووڵە خودگەراییەکان. لەم رەوشەدا زمان ئامڕازێکی بەهێزی ئەم کارەکتەرانەیە، ئێمە قسە دەکەین، ئەوەیش تەنیا شتێکە دەتوانین بیکەین، تا ئەو ساتەی لە ژیانداین... کە ژیان نه‌ما، کە مردین، زمانیش نامێنێت، پەیڤ و قسە و گفتوگۆیش نامێنن. قسه‌کردن، له‌ هه‌موو روویه‌که‌وه‌، قسه‌ی خۆش و ناخۆشی تێده‌که‌وی، ره‌نگه‌ یاده‌وه‌رییه‌کی به‌هێز له ‌خۆ بگرێت، کە تا قسەکردن هەبێت، تا لە ژیاندا بین ئازارمان بدات.
نمایشێکی کورتی خوڵقاندوە
ئەم حەوت کارەکتەرە، کە لەنێوان ژیان و مەرگدان، توانای ئەوەیان نییە بەردەوام بن، پێویسته‌ ئەو شتانەی لە ژیاندا بەسەریان هاتوە، بیریان بکەوێتەوە، پێویسته چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە. کارەکتەرەکان بریتین له‌: پیاوێکی غەمگین، پیاوێکی کوێر، ئەو پیاوەی دەیەوێت خۆشی بە هەموو کەسێك ببەخشێت، کە هەندێك جار دەبێتە مایەی بێزاری بۆ کارەکتەرە ژنەکان، ئەو ژنەی خەمبار و رەشپۆشە بۆ مردنی سەگەکەی، ئافرەتێكی ٩٣ ساڵیی کە پشتە رووتەکەی دایکی لە کەمپی قەڵاچۆکردنی جولەکەکاندا بیر دەکەوێتەوە، ئافرەتێكی دووگیان، کە هەمیشە لە خەمی ئەوەدایە، منداڵەکەی ناو سکی زیندووە، کچە سیانزە ساڵەکە، کە باوکی هەمیشە سەرقاڵی نووسینی کتێبی سەیر و سەمەرەیە، کە کەس نایخوێنێتەوە.
دەر‌هێنەری نمایشەکە، نمایشێکی کورتی خوڵقاندوە، کە بەر لە نمایشەکە لە هۆڵی بینەراندا پێشکەش دەکرێت، بینەرانیش لەسەر شانۆکە دادەنیشن تا ئەم دەروازە نمایشە پێشکەش دەکرێت. ئەم کارەکتەرانە (ئەکتەرانە) وەک کۆمەڵێك کەسی بێزارکەر دەردەکەون، کە باس لە هەست و سۆزی خۆیان، سەبارەت بە نمایشکردنی دەقەکەی نۆرێن دەکەن؛ ئەوەی ئەوان لەم دەروازە نمایشەدا باسی دەکەن، جگە لە هەست و سۆزی خۆیان، گەڕانەوەیەکیشە بۆ پێشکه‌شکردنی نۆرێن وەك شانۆنامەنووسێك. دوای ئەم دەروازەنمایشە، بینەران و ئەکتەرەکان شوێنەکانیان دەگۆڕنەوە، بینەران بۆ ناو هۆڵ و سەر جێگا دیاریکراوەکانی خۆیان و ئەکتەرەکانیش بۆ سەر شانۆکە. 
ژیان و مردن هەمیشە لایەنێکی گرنگی ئەم دەقانەن
نۆرێن لەم دوا دەقەیدا، کە بەر لە مردنی بە چەند مانگێك نووسیویەتی، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت لە ژێر کاریگەری ستریندبێرگدا خەونەنمایشێکمان بۆ دەنووسێت، کە مێژووی شانۆمان، هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌، بۆ بەرجەستە دەکات، هاوکات گەڕانەوەیەکی خێرا و چاوگێڕانێکی قووڵ بەو مێژووەی، خۆی لە شانۆی سویدیدا بۆ خۆی خوڵقاندوویەتی.
نۆرێن، لە دوا رۆژژمێرەکەیدا، کە ساڵی پار بڵاوکرایەوە، لە زۆر شوێندا باس لە نووسینی ئەم دەقە دەکات، بۆ نموونە دەڵێت: " Temps Mort هەموو کاتەکانی بردووم، کە شەو گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە، ماوەیەکی زۆر لەسەر پشت پاڵ ده‌کەو‌م، وێنە و دیالۆگەکانم لە ئەندێشەدا دەنووسم."
لەم نمایشەدا، وەك زۆربەی دەقەکانی تری، نۆرێن لە دەروازەکانی شیکاری دەروونییەوە پەنجە دەخاتە سەر ئەو ئازارەی پەیوەندییەکان لە ژیانی مرۆڤدا، لەنێوان باوك و فەرزەند، ژن و پیاو، دایك و کوڕ/ کچدا هەیە و دروست دەبێت. ئەو ئازارەی بە قووڵی کون دەکاتە دەروون و دڵی مرۆڤەکانەوە و دەیانتلێنێتەوە. لەم نێوەندەدا، لەم پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان مرۆڤەکاندا پرسە خودگەراییەکانیش بە زەقی دیارن، ژیان و مردن هەمیشە لایەنێکی گرنگی ئەم دەقانەن. کارەکتەرەکان زیاتر باسی خۆیان دەکەن، رابروویان، بیرەوەرییەکانیان، ئەو برینانەی ئازاریان پێوە چێشتووە، ئازاری ئەوانەی ئەوان هۆکاری بوون. کچە سیانزە ساڵییەکە زیاتر باسی باوکە نووسەرەکەی دەکات، کە ئاماژەیەکە بۆ خۆی و کچە بچووکە سیانزە ساڵییەکەی. پیاوە کوێرەکە، کە دەبینێت، ئۆدیبێکی مۆدێرنە، ئەو پیاوەی باوکی خۆی دەکوژێت و لە دایکی منداڵی دەبێت. لەم رەوشەدا دەر‌هێنەری نمایشەکە، جۆرە پاڵتۆیەکی سووریان دەکاتە بەر، پاڵتۆیەك لە چەشنی عەبای شاهانەی سەر شانی پادشاکان. لێرەدا کارەکتەرەکان دەبنە پادشای عەرشی ژیانی خۆیان.
ئەم حەوت کارەکتەرە لەم دوا دەقەی نۆرێندا، پڕن لە تراجیدیاکانی ژیان. لەو شوێنەیشدا، بۆ ئه‌وه‌ کۆ بوونه‌ته‌وه‌ تا باسی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی کەس رەخنەیان لێبگرێت، ئەوان رۆیشتوون و ماڵئاواییان کردووە. کە چیرۆکەکانی ژیانی خۆیان، بێ هیچ پەردەپۆشییەك بۆ یەك دەگێڕنەوە، خۆیان بە جۆرێكی تر دەبین، ئەو ئازارە قووڵە دەبینن پێوەی تلاونەتەوە، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەن و ناچارن قایلبن بەوەی کردوویانە و ئەوەیشی بەسەریان هاتووە.
دەقەکە لە رووی دراماتۆرگییەوە، لە جووڵەیەکی بازنەییدا دەسوڕێتەوە، بە لە دەستدان دەستپێدەکات، گەشتێکی چڕ یادەوەرییەکان و هەندێك جاریش هەوڵی هەستانەوە/ گەڕانەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر بە لە دەستدان کۆتایی دێت. دیالۆگی کارەکتەرەکان تۆنێکی مۆسیقی لە خۆ دەگرێت و وەك کۆراڵێك پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ بینەراندا دروستدەکات.
خودی نمایشەکە سەبارەت ژیان و تراجیدیا گەورەکانی ژیانە، دەرهێنەری نمایشەکەیش بۆ بەرجەستەکردنی ئەم تراجیدیایە هێڵێکی تەریبی لەگەڵ تراجیدیای گرێکیدا کێشاوە و لە تراجیدیای گرێکییەوە، بەرجەستەی تراجیدیای مرۆڤی ئەمڕۆ دەکات. دەتوانین بڵێن، نمایشەکە خوێندنەوەیەکی نوێی ئۆدیبی پادشایە. دەرهێنەری شانۆییەکە، کە دەروازە شانۆییەکەی بۆ ئەم دەقەی نۆرێن خوڵقاندوە، پێداگری لەسەر رۆڵی ئەکتەر لە شانۆدا دەکات، له‌ هەمانکاتدا پێمان دەڵێت کەلتور چییە و شانۆ دەتوانێت چی بکات، بۆ ئەوەی ژیان بخوێنێتەوە. لە دیمەنێکی بێ وێنەدا، ئەم حەوت کارەکتەرە لە نێو شانۆی گریکی کۆندا بەرجەستە دەکات؛ کارەکتەرەکان دەبنە کۆرسی شانۆی گریکی، دەمامکەکانییان بەکاردەهێنن و چیرۆکە تراجیدیاکانی ژیانمان بۆ دەگێڕنەوە. هەر لەم دیمەنەدا، کارەکتەرەکان رۆڵەکانیان دەگۆڕنەوە، سەرلەنوێ دابەشی دەکەنەوە، لە ریتمێکی تژی لە مۆسیقا و پڕ لە جووڵەدا کارەکتەرەکان دابەشدەبن، کۆدەبنەوە، لە یەك جیا دەبنەوە و سەرلەنوێ لە خاڵێکی هاوبەشدا، بە دەمامکەکانیانەوە یەکدەگرنەوە. 
رووبەڕووی رەوشێکی کۆمیدیمان دەکاتەوە
نۆرێن لەم دەقەیدا، وەك بەشێکی زۆر لە دەقەکانی تری ئەوەمان پێشاندەدات، کە مرۆڤ چەندە بێزارکەرە بە دڵەڕاوکێی و نائارامییەکانییەوە، بە سەرقاڵبوون بە خۆیەوە، بە دڵناسکییەکەیەوە، بە هەست و هۆش و بەریەکەوتنەکانییەوە، چ لەگەڵ ئەوانیتر و چ لەگەڵ خودی خۆی. نۆرێن وامان لێ دەکات، هەندێك جار لەو مەرگەسات و تراجیدیایەدا پێبکەنین، هەندێك جاریش رووبەڕووی رەوشێکی کۆمیدیمان دەکاتەوە، کە تووشی راچڵەکان و بیرکردنەوەمان دەکات، هەر وەك ژیان، کە پڕە لە خۆشی و ناخۆشی.
لە زۆر رووەوە، ئەم دوا دەقەی نۆرێن ده‌قه‌کانی بیکێت، چیخۆف و نووسەرانی شانۆی ئه‌بسێردمان بیردەخاتەوە، لەدیدی ئەم نووسەرانەوە دەروازەیەکی ترمان بۆ ژیان بۆ دەکاتەوە، لە هەمانکاتدا فۆرمێکی تری شانۆمان پێشکەش دەکات و شانۆیەکی تری مۆدێرنی ئه‌بسێردمان بۆ بەرجەستە دەکات. 
دیدی دەرهێنەر بە پێچەوانەی رەوتی دەقەکەوە کار دەکات، دەقەکە لە بێدەنگی و وچان و وچانی درێژدا، دیالۆگە کورت و رستە تەواونەکراوەکان ده‌بن به‌ شتێکی تر و جیاواز. ئەکتەرەکان بێدەنگییەکە دەشکێنن، بە شێوەیەکی دراماتیکی و دوور لەو هێمنییەی نۆرێنەوە گۆرانی بە حیوارەکانیان دەڵێن، لە بری ئەوەی بچنە ناوەوە، زیاتر بەربەستەکان لا دەبن و رووەو دەرەوە دەجووڵێنەوە. دیمەنە کورتەکان بە مۆسیقا ده‌بڕێن، کە راستەوخۆ لەسەر شانۆکەن و بەشێكن لە نمایشەکە، کرێکارانی شانۆ بە بەرچاوی بینەرانەوە، بە گەمەی شانۆیی ئاڵوگۆڕ بە سینۆگرافیا دەکەن و یارمەتی ئەکتەرەکان دەدەن لە گۆڕینی دیمەنەکاندا. سه‌دان کورسی لە سوچێکی شانۆکەدا کەڵەکە کراوە و شانۆنامەکەی ئۆژێن یۆنێسکۆ (کورسییەکان)مان بیر دەخاتەوە.
نۆرێن خۆیشی لەم نمایشەدا بەشدارە، سەمازانێك بە جلی رەشەوە، هەر وەك نۆرێن، بە درێژایی نمایشەکە چاودێری ئەکتەرەکان و نمایشەکە دەکات، هەندێك جار دێتە ناو بینەرانەوە و لە نمایشەکە دەڕوانێت. لە کۆتاییشدا، دەقەکە دەدڕێنێت و بەسەر شانۆکەدا بڵاوی دەکاتەوە. 
سۆزان ئوستن بۆ یه‌که‌م جار لاش نۆرێن پەلکێشی شانۆ دەکات، ئوستن ریتم و چێژ و فۆرم و شێواز دەبەخشێت بە دەقەکانی لاش نۆرێن. لە سەرەتای هەشتاکاندا نۆرێن لە فۆرم و شێوازێکی جیاواز و ئەڤانگارددا نمایش دەکات. ئەم دەقەیش دوا دەقی نۆرێنه‌ و بە چەند مانگێك بەر لە کۆچی دوایی نووسیویەتی، ئوستنیش پیر بووە؛ بەمەیش سووڕی ئەو بازنەیە تەواو دەکەن، کە بەر لە چل ساڵ پێکەوە دەستیان پێکردووە. گەڕانەوەی سۆزان ئۆستن بۆ لاش نۆرێن، گەڕانەوەیە بۆ بیرەوەرییەکان، مێژووی شانۆ و مێژووی دنیا. ئەم گەڕانەوەیە چەندە تراجیدییە، هێندەیش پڕ لە خەندە و کۆمیدییە، بەڵام لە زۆر رووەوە رەوشێکی قووڵ و گەڕانێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بەنێو نهێنییەکانی ژیان و دوای ژیانیشدا دەکات. گەشتێکە لە ژیانەوە بۆ مردن، لە مردنەوە بۆ ژیان، لە گومانەوە بۆ یەقین. 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ