دیوەکەی تری مێژوو

 

شادمان مەلا حەسەن

 

لە خوێندنەوەی زانستی مێژوودا لە ڕووی میتۆدی زانستیەوە دوو ئاراستەیە، یەکیان زانستی مێژووە کە گرنگی بە سەردیات واتە تۆمار و گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەدات، ئەویتریان فەلسەفەی مێژووە کە گرنگی بەهۆکار و پێویستیەکانی ڕووداوەکانی مێژوو دەدات. 

لە مێژووی جولانەوەی سیاسی و چەکداری کورد هەرچەندی بە چوارچێوە فەلسەفیەکە دەیخوێنیەوە کۆمەلێک پرسیار و ئەنجامت بۆ دەستەبەر دەبێت. ساڵی ١٩٦١ لەکاتێکدا شای ئێران سەرکردایەتی ئەوکاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی هاندا بۆ جولانەوەی چەکداری دژی دەسەڵاتی عبدالکریم قاسم، ئەوکات کورد لە عێراق ناوی خرابووە ناو ماددەکانی دەستووری عێراقی بۆیەکەم جار بوو کورد لە ڕسمیاتی دەوڵەتێک دان بە بوونی دابنرێ، جگە لەچەندین دەستکەوتی فەرهەنگی و فێربوونی کوردی هەبوو.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی شای ئێران و دەوڵەتی ئێران هەتاکو  ئەم چرکە ساتە بەقەد نیوەی ئەوکاتەی عەبدوڵکەریم قاسم ماف نادەن بەکوردی رۆژهەڵات کە هەم لە ژمارە و هەم لە جوگرافیا دوو تا سێ جار بەقەد کوردی عێراقە.

لە ساڵی ١٩٧٥ حافز ئەسەد هاوکاری مام جەلالی کرد تاکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دابمەزرێنێ. لەکاتێکدا لە عێراق بە ڕەسمی ئۆتۆنۆمیەک بۆ کورد دیاری کرابوو، یەکەم جار بوو لە مێژووی هاوچەرخدا دەوڵەتێک لە ڕووی سیستەمی سیاسی چوارچێوەیەکی سیاسی و کارگێڕی بۆ کورد دیاری بکات. 

ئەوکات  حافز ئەسەد و بەعسی سوری. حیزامی عەرەبیان لەناوچە کوردیەکان دروست کردبوو، ناسنامەی هاوڵاتی بوونی لەسەدان هەزار کورد سەند بۆوە. بۆچی یارمەتی جولانەوەیەکی چەکداری دەدات لە عێراق.کەچی بچوکترین ماف بەکوردی وڵاتەکەی خۆی ڕەوا نابینێ.تەنانەت لە ئێستادا کوردی سوریا گەورەترین هێزی چەکداری هەیە تیرۆرستێکی وەک ئەحمەد شەرع ئامادە نیە بوونی کورد بسەلمێنێ. تەنانەت ناوی وڵاتەکەش بەناوی کۆماری عەرەبی سوریە. 

ئەمانە هەمووی پرسیارە و دەبێ لەم مێژووە بکرێ ، کە دۆزەخێک بۆ گەنجی کورد دانراوە لەماوەی شەست ساڵی ڕابردوو ،بەناوی وەرگرتنی ماف ،هەموو جاریش کە مافەکە درابێ، بەلێندەرەکانی ئەو جولانەوە سیاسی و چەکداریە هەر نەوەستاون و دەستیان لە سنوری ئەو دیوی وڵات نەبڕاوە. ئەوەتەنها خوێندنەوەیەکی فەلسەفی سەرپێیانەی ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژووی جولانەوەی سیاسی و چەکداری کوردستانی عێراقە و بەس.

سەرچاوە : هاوڵاتی