دۆزینەوەیەکی نوێی کوردستان مێژووی میزۆپۆتامیا نوێدەکاتەوە

 

 

لە باشووری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەستەیەک لە شوێنەوارناس و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆیەکی ئەمریکا، لەماوەی رابردوودا، توانییان ژمارەیەک پارچەی دێرینی شوێنەواریی بدۆزنەوە و هەواڵەکە سەری هەمووانی سووڕماند.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم شوێنەوارە بەردەوامییان هەیە، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێبدرێت، بەها و ماهییەتی مێژوویی پارچەکانە، کە سەردەمەکەیان دێرینە و کلیل و بەڵگەی نوێن بۆ تێگەیشتنی زیاتر سەبارەت بە مێژووی میزپۆتامیا و شارستانییەتە دێرینەکانی ناوچەکە.

لەچوارچێوەی کنە و پشکنینەکاندا، توێژەرانی زانکۆی ناوەندیی فلۆریدا، بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆر تیفانی ئێرلی سپادۆنی، توانراوە تابلۆی هەڵکۆڵدراوی قوڕین، یاریی دێرین، پارچەیەکی ئەندازەیی مۆنیۆمێنتیی و پاشماوەی مرۆیی بدۆزنەوە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی چاخی برۆنزی ناوەندیی پێکهاتوون.

شوێنەوارناسەکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ ئەم پێگەیەی شوێنەوارەکانی تیادا دۆزراوەتەوە، لە زمان و تۆمارە دێرینەکانی بابلی کۆندا، بە "قەبرە" ناسێنراوە، پێشبینی دەکرێت، مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ هەزار و 800 ساڵ پێش زاین و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر دەمانگەیەنێت بە کردنەوەی پەنجەرەی نوێ بەڕووی تێگەیشتن لە مێژووی دێرینی ناوچەکە، بەدیاریکراوییش ژیار و شێوازی کارکردنی شارستانییەتە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا.

ئەم دۆزینەوەیە بۆچی گرنگە؟

لە یەکەم هەنگاودا، لە ئاستی جیهانیی بۆ شوێنەوارناسان گرنگە بەڵگەی زیاتریان دەستبکەوێت سەبارەت بە کۆنترین شارستانییەتەکان، بەدیاریکراوییش ئەوانەی لە وڵاتی نێوان دوو رووباردا هەڵکەوتوون و سەرچاوە و لانکەی نووسین بوون.

هەریەک لە پارچە شوێنەوارییەکانی: تابلۆی هەڵکۆڵدراو و پارچە ئەندازەییە مۆنیۆمێنتییەکە، بە دوو گرنگترین دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە دادەنرێن، شارەزاکان جەخت لەوە دەکەنەوە؛ ئەم دوو پارچەیە ئامڕازی سەرەکیی دەبن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی رێگرە لە بەستنەوەی پردی نێوان سەردەمە جیاوازە دێرینەکانی میزۆپۆتامیا.

لە ئاستی ناوخۆییشدا، ئەم دۆزینەوەیە بەها و سەنگی شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات و وادەکات لە سەرانسەری جیهانەوە، زانکۆ بەناوبانگەکانی بواری شوێنەوار، روو لە هەرێمەکە بکەن و بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەت، کاری زیاتر بکەن بۆ روونکردنەوەی ئەو مێژووە پەنهانەی ناوچەکە لە سەردەمەکانی پێش مێژوو هەیبووە.

سەرچاوە : کەناڵ 8