دۆزی کورد لەنێوان تورکیا، سووریا و رەهەندی نێودەوڵەتی دا

 

 

اشیروان شەمێرانی
شیروان شەمێرانی

 

 

دۆزی کورد لە سووریا بە گشتی و ئەو ناوچە فراوانەی باکووری رۆژهەڵات کە ئێستا لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێت، سەرەکیترین خاڵی دانوستان و وتووێژی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقە، هۆکارەکەش تورکیایە و لەلایەن ئەوەوە دەوروژێنرێت، لە 26-1-2025 دا وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان هاتە بەغدا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگەی هەواڵگریش گەیشتە دیمەشق، سەردانی هاوکاتی هەردوو بەرپرسی باڵا بۆ یەک ئامانج بوو، ئەویش پێکهێنانی بەرەیەکی سێ قۆڵیی سەربازیی لەهەر سێ وڵات لە ژێر تابلۆی دژایەتیکردنی تیرۆردا، بەڵام لە هەردوولاوە تورکیا ئامانجی خۆیی بەدەست نەهێنا، هۆکارەکانی نەڕۆیشتنی عێراق لەگەڵ تورکیادا بۆ لێدانی پەکەکە لە تیشکی خۆر روونترە، بەڵام سەبارەت بە دەسەڵاتی سوریای نوێ هەندێک روونکردنەوەی پێویستە.

سووریا بە دۆخێکی تەواو نائاسایی و ناسکدا تێدەپەڕێت، پاش کاول بوونێکی نیمچە تەواو و ناکارامەیی دەزگەکانی دەوڵەت پێویستی بە هاوکاریی گشت لایەکە، بە حوکمی جوگرافیا و هەڵوێستی تورکیا لە شۆڕشی گەلی سووریا لە 14 ساڵی رابردوودا، تورکیا زیاتر لە پێشە لە هەر وڵاتێکی دیکە بۆ یاریکردن لەسە خاک و خۆسەپاندن لە کایەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا، بۆیە ئەو بۆشاییەی کە هەنوکە لە ئاسمانی سیاسەت و دەوڵەتداری لە سووریا دا هەیە، ئەنقەرە زۆر پەلەی پڕکردنەوەیەتی، پڕکردنەوەیەک بە عەقڵییەتی دەوڵەت، نەک ئایین دۆستی، واتە ئاراستەی رووداوەکان بەڕووی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بکات، بەواتایەکی دیکە شێوازی هەڵسوکەوتی ئێران لە عێراقدا بگوازێتەوە بۆ سووریا، ئەو هەژموونەی ئێران لە عێراقدا هەیەتی ئەم لە سووریادا هەیبێت، لەو پێناوەشدا کۆی فاکتەرە یارمەتیدەرەکان دەخاتەگەڕ.

دید و هەڵوێستی ئەحمەد شەرع  لەمبارەیەوە؟

- ئەوەی دەکەوێتە بەرچاو، ئەوەش کە عەقڵەکان دەتوانن نزیکی بکەنەوە و بیهێننە بەرچاو تا ببینرێن و بخوێنرێنەوە ئەوەیە کە، سیاسەتی سەرۆکی سووریای نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد و ریزبەندی کارە لە پێشینەکانی لەگەڵ تورکیادا یەکناگرێتەوە، شەرع لەلایەن خۆیەوە دەیەوێت بە شێوەکی دیکە چارەسەی ئەو دۆسییەیە بکات، نەک بەو جۆرەی تورکیا دەیەوێت، بە دیدی خۆی، نەک بە دیدی سەرۆکی وڵاتێکی دراوسێ، لەبەرژەوەندی داهاتووی وڵاتەکەی خۆی کۆتایی پێبێت، نەک بەرژەوەندی وڵاتێکی دیکە، گەرچی لە وێستگەیەکی رێگە دا بەرژەوەندییەکان یەک بگرنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دوو وڵاتی جیاوازن و دۆزی کورد پرسێکی ناوخۆی سوریایە و وای دەبینێت، بۆیە لە روانگەی ئەو نەخشەیەی کە بۆ سەرکردایەتیکردنی سووریا لە ماوەی راگوزەریدا دایڕشتووە وەک تورکیا شتەکان نابینێت، وەک تورکیاش پەلەی نییە، زانیارییەکان دەڵێن، شەرع دەیەوێت بە دیالۆگ و سازان و لێکتێگەیشتن چارەسەری پرسەکە بکات، وە تائێستا دوودڵە و لەسەردانەکەی ئەنقەرەشدا رادەستی داواکارییەکانی هاوپیشە تورکەکەی نەبووە بۆ بەرپاکردنی جەنگ دژ بە هێزە کوردییەکان،"نازناوی جەنگاوەرە کوردەکان سەرۆکی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەکاریهێنا".

- لە دەیان ساڵی رابردوو دا سووریا وەک قەوارەیەکی ئێرانی دەناسرا، بۆیە نابێت ئێستا ببێتە قەوارەیەکی تورکی، واتە ئەگەر سووریای ئەسەد ئامێری جێبەجێکردنی ئەجێندا هەرێمییەکانی ئێران بوو بێت، سوورییەکان نایانەوێت ببنە ئامێری بەرجەستەکردنی ئامانجە هەرێمییەکانی تورکیا، ئێران دەربکرێت و تورکیا شوێنگرەوەی بێت، کەسایەتی شەرعیش لەو جۆرە نییە و ئەو شتانەی پێ هەرس ناکرێت، ژیانی سیاسیی بە یاخیبوون دەستی پێکردووە و ئاسۆی بینینی فراوانە و بەتەمای بوون بە کەسایەتییەکی نێودەوڵەتیی قبوڵکراوە.

- هەڵکردنی ئاڵای دژایەتیکردنی تیرۆر بە کەمێک تێڕامان رووندەبێتەوە کە مەبەست لێی کوردەکانە بە تایبەت و هەسەدە بە گشتی، ئامانجی سەرەکیی داعش نییە، داعش هاوپێچ کراوە بۆ فراوانکردن و دروستکردنی بەرەیەک و داپۆشینی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی و رەوایی پێدانییەتی. پاشان سورییەکان بێ ئاگا نین لەوەی کە ئاڵاندنی دۆزی کورد بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە هەڵەیە، کوردەکان خاوەنی مافی سروشتیی خۆیانن و تێکەڵکردنی بە دۆسییەی دژایەتیکردنی تیرۆرەوە نا دروستە، دەکرێت وەک پرسی داواکردنی مافە سرووشتییەکانی مرۆڤ ببینرێت و چارەسەربکرێت، نەک سووریایەک کە دەیان ساڵە لەژێر دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری بەعسدا دەناڵێنێت ئێستا فڕێ بدرێتە قوڵایی جەنگێکی ناوخۆیی و ئاگر لە پەیوەندیی سەتان ساڵەی نێوان گەلەکانی بەربدرێت، جەستەی جەماوەرییانەی سووریا بسوتێنرێت.

- شەرع باش دەزانێت کە نە رژێمە فەرمییەکانی جیهانیی عەرەبی و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئازاردانی کوردەکانیان قبوڵ نییە، بە ئاگاشە لەوەی کە شاندی دانوستکار لە چەند هەفتەی رابوردوو کە لە قامشلۆوە رۆیشتە دیمەشق، بە کۆپتەری سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەشتەکەی کرد و پێی لەسەر خاکی دیمەشق دانا، لە شەوی 6-2-2025 دا سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ شەرعدا ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکەدا بە گوێرەی بڵاوکراوەی - کۆشکی ئیلیزێ؛ ئیمانۆئێل ماکرۆن سێ پەیامی بە شەرع گەیاندووە، لەگەڵ دژایەتیکردنی داعش و گرنگی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان، پەیامی دووەمی پرسی کورد بووە و جەختی لەسەر تێکەڵکردنێکی تەواوی کوردەکانی دۆستی رۆژئاوا لە پرۆسەی بونیادنانەوەی سووریای نوێدا کردووەتەوە، واتە دیدی نێودەوڵەتیی رێکخراوی داعش لە جەنگاوەرە کوردەکان جیادەکاتەوە، لەڕاستیدا شەرعیش بەهەمان شێوە شتەکان دەبینێت. بۆیە رەهەندی نێودەوڵەتی و عەرەبی و بەشێکیش لە سوورییەکان پاڵپشتێکی باشە بۆ شەرع دەستبەرداری ئەجێندای خۆی نەبێت و بەهێزبێت لە روبەڕووبوونەوەی هەر پەستانێکی هەرێمیی کە دەخرێتە سەری و نەخشەی روونی داڕێژراوی خۆیی لێ تێک نەچێت، سەری لێ نەشێوێت یان نەشێوێنرێت.

- لە بەرامبەردا، دەخوازێت کە دەسەڵاتی قامشلۆ بەرنامەی کار و خەباتی خۆی سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە، لەوە تێبگات کە تاسەر پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەردەوام نابێت و بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە دیدی ئەمەریکییەکانەوە هەیە، سیاسەت ئامانی نییە، لەهەر کات و ساتێکدا دەکرێت وەرچەرخێت بە ئاراستەیەکی دیکە دا، گومان نییە لەوەی کە ئەوەندە عەقڵ و تێگەیشتن و ئەزموونی سیاسی لە قامشلۆ هەیە تا ئاستی تێگەیشتن لە هەستیاری دۆخەکە، مامەڵەکردنێکی بەرپرسانە و هەستیار لەگەڵ ئەم هەلە مێژووییەی هاتووەتە ئاراوە دەخوازێت، ماوەی نێوان هەلەکانی مێژوو زۆرە و درێژە، ئەگەر هەلێکت لە کیس چوو، چاوەڕوانییەکی زۆرت دەوێت تا هەلی دووەمت بۆ بڕەخسێت، جگە لە لەدەستدانی متمانەی نێودەوڵەتی.

سەرچاوە : سپی میدیا