بەرزان حەمەسور
دوژمنی باب وباپیران نابن بەدۆستی نەوەکان ..
بانگەوازێک بۆ دادپەروەری و ئاشتی
زیاتر لە سەدەیەک گەلی کورد بەرگەی قڕکردن و چەوساندنەوە و خیانەتەکانی گرتووە. لە کوشتاری بەکۆمەڵەوە تا جینۆسایدی سیستماتیکی، مێژووی کورد شایەتحاڵییەکی تراژیدییە بۆ ئەو دڕندەییانەی کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکی ئەنجامی داوەو بەردەوام دەیدەن. ئەمڕۆش، لەگەڵ گەشتکردن بە ئاڵۆزییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، هەمان نەخشە وپلانی دومنکارانە مێژووییەکانی دەوڵەتی تورکی بەردەوامن، بە فۆڕمی جیاواز. لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، بەڵام کردەوەکانی چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕنەوە- چیرۆکێک کە بە بەردەوامی دەستدرێژی سەربازی و سەرکوتکردنی سیاسی و ئیندۆکتریناسیۆنی ناسیۆنالیستی پێوە دیارە.
سەرەڕای بەڵێنەکانی دیموکراسی، تورکیا بەردەوامە لە چاندنی ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیستی لەناو گەنجەکانیدا، تەنانەت لەناو کۆمەڵگە بەناو پێشکەوتنخوازەکانی ئەوروپادا،تاکار گەیشتە ئەوەی چالاکی گورگەبۆرەکان لەوڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت ئالمانیا سڕبکرێن .
تائەم چرکەساتەش بۆردومانی بێوچان بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە هەردوو ڕۆژئاوا و باشوور درێژەی هەیە ودژایەتی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ نەتەوەی کورد بەئاشکرا دیارە.
ئایا ئەوان درۆ دەکەن، یان ژەنەڕاڵەکانیان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوان کاردەکەن؟
ئاشتی تەنها بەقسەکردن ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت کاتێک کردارەکان دژایەتیان دەکەن.
١٠٠ ساڵە دەوڵەتی تورک تەنیا لە ڕێگەی زمانی چەکەوە مامەڵەی دۆزی ڕەوای کورد دەکات. ئێستا، داوا لە کورد دەکەن چەک دابنێن- بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەنین هیچ هەنگاوێکی ئاشتیانە بنێن..!
ئەگەر تورکیا بەڕاستی بێت ،بۆئاشتی، پێویستە سەرەتا لە ڕێگەی کردەوەی بەرجەستە نیازپاکی ڕاستەقینە نیشان بدات نەک قسەی پووچ..
ئاشتییەکی دادپەروەرانەو پێشمەرجەکان بۆ گفتوگۆ ،ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام دەبێت لەسەر متمانە و دادپەروەری بنیات بنرێت. ئەگەر تورکیا بەڕاستی هەوڵی داماڵینی چەک و ئاشتەوایی بدات، دەبێت گەرەنتی ڕوون و ئاشکرا پێشکەش بکات. یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە ئایا بەنیازن عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری خەباتی کورد تەنها وەک دیلێک بۆ دانوستان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بهێننە ناو پەرلەمانەوە؟ ئەگەر وایە لە چ مەرجێکدا؟ چ دڵنیایییەک دەدرێتە گەلی کورد بۆ ئەوەی مافەکانی و بوونی پارێزراو بێت؟
مێژوو دەریخستووە کە دەوڵەتی تورکیا زۆرجار بانگەشەی کردووە تەنیا بۆ ئەوەی دواتر خیانەت لە ڕێککەوتنەکان بکات. میللەتی کورد فریودراوە و دەستکاری کراوە و تیرۆرکردنی بە ئامانجی سەرکردەکانی کراوە. ئەم خولانەوەیە لەفێڵبازی دەبێت کۆتایی بێت.
هەنگاوەکان بەرەو ئاشتی ڕاستەقینە
داننان بە نادادپەروەرییە مێژووییەکان: ناکرێ چاوپۆشی لەو تاوانانە بکرێت کە دژی گەلی کورد ئەنجام دراوە. دانپێدانان و لێپرسینەوە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە زۆر گرنگە.
ئازادکردنی دەستبەجێی عەبدوڵڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی کورد: ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە کاتێکدا کە سەرکردەکانی کورد لە زینداندا بمێننەوە، بەدی نایەت.
نێوەندگیری نێودەوڵەتی: بۆ دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و بێلایەن، پێویستە نێوەندگیری لایەنی سێیەم وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یان گەلانی ئەوروپا بەشداربن لە دانوستانەکانی ئاشتیدا.
داهاتوویەکی پێکەوەژیان
گەلی کورد لە مێژە خەباتی بۆ کەرامەت و ناسنامە و مافەکانی کردووە. ئاشتی لە ڕێگەی هەڕەشەوزۆرەملێ یان بەردەوامی ستەمکارییەوە بەدی نایەت بەڵکو بە دادپەروەری ومافی مرۆڤ ویەکسانی و ڕێزگرتن و دانپێدانانی مافەکانی نەتەوەی کورد دێتەدی. ئەگەر تورکیا بەڕاستی بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، دەبێت هەنگاوی ڕاستەقینە و مانادارو بنێت نەک هەوڵی سیاسەتی فریودەرانە بدات.
زیاتر لە سەدەیەک گەلی کورد بەرەنگاری لە ناوبردن بووەتەوە. کاتی ئەوە هاتووە جیهان دان بە خەباتیاندا بنێت و داوای چارەسەرێکی دادپەروەرانە بکات کە مانەوە و ئازادی و کەرامەتیان مسۆگەر بکات.
تا گەنجەکان چیتر دوژمنی باوک وباپیران نەبن- ئاشتی و پێکەوەژیان تەنها کاتێک دابین دەبێت کە ستەمکردن بوەستێت و دادپەروەری ومافی مرۆڤ ویەکسانی زاڵ بێت ..