ئەحمەد حسین ئەحمەد
کەمن ئەوانەی لە گەرمەی ژیاندا سەروەری و نەمری بۆ خۆیان و خانەوادە و نەتەوەکەیان و بۆ مرۆڤایەتی تۆمار بکەن، لە تەنگانەدا ببنە پردێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە گەشەکان و پەڕینەوەی ماندونەناسان بەسەریدا، ئەڵبەتە ئەو بیرۆکە و ئەو تەنینە سەختەی پێی دروستکراوە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، رۆژگارێک دێتە ئاراوە بە لووتکەی پیرۆزی دابنرێت و شانازی پێوە بکرێت.
خاتوو نەرمین عوسمان کە لە ئاسۆوە چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، دوای تەمەنێک لە خەبات و رەنج و تێکۆشان، چ بە کردەوە، چ بە قەڵەم، چ بە هەڵگری دروشمی راژە و کۆڵنەدان لەناو ژنانی کوردستاندا بەشی شێری بەرکەوتووە، ئێستاش خودی خۆی لە ئامێزی ئەو ئاسۆ شکۆدار و پەلهاوێژەدا دەبینێتەوە.
دوو کتێبی شایستە
دەرکردنی کۆمەڵێ بەرهەمی ناوازە و زیندوو چی لەدانان و یادەوەری و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان خزمەت بە جگەرگۆشەکان و زانست و ئەدەب، چی لە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە و بەڵگەی دروست و پێویست بۆ سەلماندنی رەوایەتی لە جووڵە و هەڵمەتدایە، بەدەرکردنی دوو بەرگ، دوو کتێبی شایستە لەژێر ناونیشانی (گوڵدانی ژن)، لەبڵاوکراوەکانی ئینستتیوتی (نارین) بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، یەکەمیان زنجیرەی ژمارە (17) بەرکەوتووە، کە کتێبێکی قەبارە گەورەی (482) لاپەڕەییە ساڵی (2020) بەچاپ گەیەندراوە، چاوپێکەوتنە لەگەڵ (35) شێرە ژن رازاوەتەوە، دووەمیان بەهەمان ناونیشان و قەبارە و شێواز (461) لاپەڕەیە ساڵی(2023)، ئەمیش (31) شێرەژنی لە خۆ گرتووە.
لە دەستپێکی خوێندنەوەیاندا و چوونە ناو دنیای هەر یەکێک لەو ژنە دەستنیشانکراو و گفتوگۆ لەگەڵ کراوانە، کردە و کۆششی زانای گەورە و تاجی ئەدەب و بلیمەتی کورد زانا و دانا مامۆستای نەمر (عەلادین سجادی 1907 -1984)مان بیردەکەوێتەوە کە لەشاکارە بەناوبانگەکەی (مێژووی ئەدەبی کوردی) ساڵی (1952) بە چاپی گەیاندو لەباس و پیاهەڵدان و لێکۆڵینەوەو نامەی ژیانی هەر شاعیرێکدا پوختەی پەخشانێکی هونەری چوون ئاوێنەیەک کردووە بەتابلۆ و پێشەنگ بۆ بەباڵابڕینی کەسەکە، ئینجا چۆتە ناو ناخی ژیاننامە و لێکۆڵینەوەکە.
پێناسەیەکی بە بڕشتی کوردانە
خاتو نەرمین عوسمانیش سەرەتای چاوپێکەوتنەکەی بۆ هەر یەکێک لەو ژنە خۆڕاگر و ماندوونەناس و پێشمەرگە و نووسەر و خاوەن خەباتی نهێنی و زیندانی و دوورخراوە و نەتەوەپەروەر و دەستڕەنگین و رووناکبیر و دیرۆک باڵا و سەنگینە، پێناسەیەکی بە بڕشتی کوردانەی هۆنیوەتەوە وەک ملوانکەیەکی بۆنخۆش و پرشنگدار کردوێتییە گەردنی شێرە ژنەکەوە.
چی تراژیدیایەکیان هەبوو بێت تۆماری کردووە، هێڵی زێڕینی مەبەستیش لەوەدایە هەتا نەوەی ئەمڕۆ و سبەی تێبگەن و پەندی لێوەربگرن، بزانن دایکان و خوشکانیان بە ئەوینی کورد و کوردستانەوە رۆڵی وا دیار و لێهاتوویان هەبووە، لام وایە لەڕیزبەندی کتێبی کوردیدا هیچ نووسەر و ئامادەکارێک بەوێنەی خاتوو (نەرمین عوسمان) بەم شێوازە بەرفراوانە ئاوا لەنزیکەوە بە پیر هەستە دەروونی و خواستە بەهادارەکانی ژنانی نەکۆڵیوەتەوە، رازەکانیانی بەکورتی نەخستۆتەڕوو، ئەگەر ئەو هەوڵانە لەمەوپێش لەلایەن هەر ئافرەتێکی بەهرەداریشەوە کرابێت جگە لەوەی جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە، بەڵام ئامانجەکانیان بە گشتی نەپێکاوە، ئەوەی مزگێنی بەخشە و بەرگوێم کەوتووە بەرگی سێیەمیشی بەڕێوەیە.
دەبێت ژنان لەم پێناوەدا خۆیان بە قەرزارباری ئەم خانمە بە هەڵوێست و زمان شیرین و قەڵەم بوێر و بەرگریکارەی خۆیان بزانن و دابنێن، بریا گوڵدانەکانی بەهەموو نیشتماندا بڵاودەکرایەوە تا بزانرێت چ هونەرێکی نواندووە؟
شانازییەکی تریش هەیە
بەسەرکردنەوە و خوێندنەوەی ئەو چەند پۆلە ژنە هەڵبژاردەو بەسەلیقانە بە باشترین ئاوڕدانەوە لە قەڵەم دەدرێت، بۆ ئەم توێژە هەرە گەورە و ئازارچەشتوەی رۆژگار، تیایاندا لەچەند لاوە جگەر سووتاوە، پڕزەی لێبڕاوە، یان لەڕێی پلانی پیاوسالاری ناڵاندوویەتی، یان لەئەنجامی گرتنە سەنگەری شەرەف و بەرەنگاربوونەوە و پەروەردەی دروست، یان لەژێر چنگی رەشی دوژمن گیرۆدە بوون...تاد.
بەڵام بە دروشمی نەسرەوتن تارمایی و باری گوزەرانیان بەدڵێکی فراوانەوە بەهیمەتێکی کەم وێنەوە پاڵ پێوەناوە و دەوروبەریان رۆشنکردۆتەوە، لەئەزموندا شکۆفەی نەمری و سەربەرزییان چنگ کەوتووە، شانازییەکی تریش هەیە دەبێت ئاماژەی پێبکرێت لەو بڕوایەدام دەست و قەڵەمی هەندێک لەو ژنانە وەک هی پیاوە بەرهەم چاکەکان لەگشت بوارە جیاجیاکاندا جێگەی خۆیان کردۆتەوە، شوێنەواریان لەبەر چاوانە.
کوردییەک بەوپەڕی پەرۆشییەوە
بۆیە یەکسانی نێوان نێر و مێ کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر بەرەو پێشەوە دەبات، نەوەی تەندروستیان لێ دێتە بەرهەم، یەکێک لەپێواژۆی ئەم شاکارە ئەکادیمیانە بەرنامە و نەخشەکێشانی نووسەرەکەیە کە چەندان ساڵ بیری لێکردۆتەوە، بەو هەمووە تەنگەژە و هەڵپە و پشوودرێژی و کات بەزێڕ دانانە، چوون بەرەوپیری یەک بە یەکی ئەو ژنانە، کەهەریەکێکیان سەربوردەی تایبەتی خۆی هەیە، هەموو دڵێک بەرگەی نەهامەتیی گێڕانەوەکان ناگرێت، دەبێت هەندێجار فرمێسک بڕێژی و ئاخ هەڵکێشی لەتاو کولەمەرگی و کوێرەوەری و گڕی توندوتیژی. جاری وایش هەیە خۆزگە بەو خۆڕاگری و غیرەتەیان بخوازی، بێگومان ئەم کەلێن پڕکردنەوەیە ئاسان نییە، بگرە ئەرک و زەحمەتێکی زۆری دەوێ، مەگەر لە توانا و حەوسەڵەی خاتوو (نەرمین عوسمان)دا پەنگی خواردبێتەوە و کاری لەسەر کرا بێ و ببێتە یادگارێکی کەم وێنە و گەنجینەیەکی دەوڵەمەند و تەمەندرێژ، یان سەرچاوەیەکی بەهادار و باوەڕپێکراو بۆ ئەوانەی خولیای توێژینەوەیان لەسەر ژنە دەنگ دلێرەکان لەبەرنامەدا بێت، نابێت ئەو بایەخە فەرامۆش بکرێت کەچۆن پرسیاری هەستیار و کاریگەر لە ژنان دەکرێت و چۆن بەگیانێکی هەڵکشاو لەخۆشەویستی رێزی رەها و لێزانانە دادەڕێژرێتەوە؟ چونکە پرسیار دەربارەی رەوتی ژنان، ژنێک لە ژنێکی بەرامبەر بیکات، لەگەلێ راز و هەناسەگەرم و ساردەکانی حاڵی دەبێت، سەرکەوتوو ترە لەوەی نووسەرێکی پیاو پێی هەڵبسێت.
لەڕووی زمان و چۆنێتی داڕشتنەوە گرنگییەکی لەرادەبەدەر بەکوردییەکی هەرە رەوان و خۆماڵی دراوە، کوردییەک بەوپەڕی پەرۆشییەوە هەست وەریدەگرێت، خوێنەر دەخاتە ناو گەشتی لالەزارێکەوە هەرگیز لە خوێندنەوەی تێر نابێت، بۆیە چاوەڕوانین و ئاواتەخوازین کتێبخانەی کوردی لەم کتێبە نموونەییانە پتر تیا دەربکەوێ و پەرەی پێبدرێت، دیسان وەک پشتگیرییەکی رەوا لەمافی ژنان لەلایەن نووسەرە خەمخۆرەکانەوە چ پیاو چ ژن بەگەرمی لێکۆڵینەوەو پێشوازییان لێبکرێت.
دوا وتەشمان ئەوەیە بریا لایەنی پەیوەندیدار ناوی باخچەیەک یان هۆڵێک یان شەقامێک یان خوێندنگەیەک یان... تاد، بەناوی (م. نەرمین عوسمان)ەوە تۆمار بکرێت، ئەگەرچی شایانی ئەوەیە تا لە ژیاندایە وەک پاداشت و پێزانینێک پەیکەرێکی بۆ دروست بکرێت.
سەرچاوە :کوردستانی نوێ