دوو کورتە فیلمی سینەمایی دەرهێنەرێکی ژن نمایشکران

سەبارەت بەو مناڵانەی لە خانەی بێ سەرپەرشتان و لە ناو داعش لە دایک بوون، دوو کورتە فیلمی کوردی نمایشکران، کە دەرهێنەرەکەیان ژنێکی کوردە، باس لە قوربانیدانی ژن دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، دوو کورتە فیلمی سینەمایی نمایشکرانکە لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن، بە ناوەکانی 18 و 19، دواتریش فیلمی یوسف نمایشکرا، هەردوو فیلمەکە باس لە دۆخی ژنان و قوربانیدانی ژنان، لە بەرامبەر عەقڵیەت و دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاریدا، هەمیشە ژنان و منداڵان، قوربانی یەکەمی ڕوداوە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیەکانن.

فیلمی 18 و 19 باس لە ژیانی ژنێکی گەنجی بێلانە دەکات، کە لە خانەی بێ سەرپەرشتان گەورەبووە، لە دوای 18 ساڵیەوە لە خانەکە دەرکراوە، هەمان کات هیچ لایەنێکی فەرمی ئامادە نیە ناسنامەی خۆی و کەسوکارەکەی ئاشکرا بکەن، ناچار دەبێت خۆی بە دواداچوون بکات بۆ خۆی و ناسنامەی، لە کۆتایییدا تەنیا ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێت ئەو تەنیا خاوەنی یەک دۆسێیە بە ناوی 18 و 19 و دایکیشی دوای ئەوەی کوژراوە لە گۆڕستانی ژنانی بێ ناونیشان نێژراوە.

کورتە فیلمی دووەمی ژنە دەرهێنەر ڕۆژە حەسەن بە ناوی  یوسف نمایشکرا، باسی لەو مناڵانە دەکرد کە دایکیان ئێزیدیە و لە لایەن پیاوانی چەتەکانی داعشەوە دەستدرێژیان کراووەتە سەر، ئێستا کۆمەڵگاو خانەوادەی دایکی دەیانەوێت دووری بخەنەوە لە خۆیان بە بیانووی نەبوونی دیارنەبوونی ناسنامەی باوکیان و تانەو تەشەری کۆمەڵگا.

پاش نمایش لە لایەن دکتۆر دڵشاد مستەفا نوسەر و سینەماکارەوە خوێندنەوەی ڕخنەیی بۆ هەردوو فیلمەکە کرا، بە گرنگی زانی ئێستا سینەما لە دەستی ژنان خۆیاندایە و دەتوانن باشتر هێما و ئاماژە بۆ قوربانی ژنان بکەن و ئازارەکانیان بکەن بە فیلم جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو کە تەنیا پیاوان کاریان دەکرد.

 

 

سەرچاوە: rojnews