دروستكردنی دنیا له چیرۆك و رۆمان‌دا شاره‌زاییه‌كی گرنگه. دنیای خه‌یاڵی به هه‌ر ژینگه‌یه‌ك ده‌گوترێت كه تۆ بۆ چیرۆكه‌كه‌ت یان رۆمانه‌كه‌ت دروستی ده‌كه‌یت، ئیتر ماڵێكی بچووك بێت، یان شارێكی سه‌رزه‌وی، یان كه‌شتییه‌كی ئاسمانی هه‌ساره تهیكهر، یان جیهانێكی میتافیزیكی. بۆ دروستكردنی دنیا له ئه‌ده‌بدا ده‌توانیت ژانری سه‌ره‌كی و لاوه‌كی جیاجیا پێكه‌وه ببه‌ستیت. دروستكردنی جیهانی خه‌یاڵی له ئه‌ده‌بدا، له هه‌ر جۆرێكی تر کە ته‌سه‌وری ده‌كه‌یت، قورس و دژوارتر دێته به‌رچاو. بۆ دروستكردنی دنیای خه‌یاڵی ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه بكه:
شێوازی دروستكردنی دنیا خهیاڵییهكهت هه‌ڵبژێره:
هه‌ندێك له نووسه‌ران سه‌ره‌تا ته‌واوی ئه‌و دنیا خه‌یاڵییه‌ی مه‌به‌ستیانه دروست ده‌كه‌ن، پاشان چیرۆكێك یان رۆمانێك له‌و دنیایه‌دا ده‌نووسن. هه‌ندێك نووسه‌ر له‌گه‌ڵ نووسینی ده‌قه‌كه‌دا دنیاكهش دروست ده‌كه‌ن. یه‌ك رێگای راست نییه، به‌ڵام ئه‌م خاڵانه له‌به‌رچاو بگره:
*ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت یه‌كه‌مجار دنیاكهت دروست بكه‌یت. كاتێكی دیاریكراوی بۆ ده‌ستنیشان بكه. خراپترین شت ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده گیرۆده‌ی دروستكردنی دنیاكهت بیت نووسینی ده‌قه‌كه‌ت له‌بیر بچێته‌وه.
*ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ نووسیندا دنیاكهت دروست ده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ت له‌بیرنه‌چێت کە له ئیشی كۆتاییت بكۆڵیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له رووی بینای ده‌قه‌وه كێشه و ناكۆكیت نه‌یه‌ته‌ڕێ و له رووی ریزبه‌ندیی كاته‌وه نه‌كه‌ویته هه‌ڵه‌وه.
*ئه‌گه‌ر شێوازت بریتییه له تێكه‌ڵه‌ی ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه واته -كه‌مێك پلۆتی سه‌ره‌تایی و پاشان دۆزینه‌وه‌ی تازه له كاتی نووسیندا- له‌م حاڵه‌ته‌دا، ره‌چاوی هه‌ردوو خاڵهكه بكه.
نه‌خشه‌ی گشتی دنیاكهت وێنا بكه:
له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ساره‌یه؟ یان له هه‌مان ئه‌و شاره‌ی تیایدا ده‌ژیت؟ یان قه‌ڵه‌مڕه‌وێكی خه‌یاڵییه؟ هه‌بوونی پلۆتێكی گشتی دنیاكهت یارمه‌تی بڕیاردان ده‌دات سه‌باره‌ت به ورده‌كاریی و بنه‌مایه‌كی تۆكمه‌ت ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی له‌سه‌ر جێگیر بكه‌یت.
لێره‌دا به‌كارهێنانی نه‌خشه‌ی جوگرافیایی واقیعی یان ره‌سمكردنی نه‌خشه‌ی خه‌یاڵی به‌سوود ده‌بێت و یارمه‌تی واقیعیتربوونی شته‌كان ده‌دات. بۆ نموونه نه‌خشه‌ی شار به ده‌ست ره‌سم بكه و شوێنه‌كان دیاری بكه. به‌م شێوه‌یه بۆ نموونه ده‌توانیت دووری دوو شوێنی ناو ده‌قه‌كه به باشی وێنا بكه‌یت.
هیچ پێویست ناكات نه‌خشه‌ساز، وێنه‌كێش و گرافیستی پڕۆفیشناڵ بیت. ده‌توانی ئه‌و نه‌خشه جوگرافیایه‌ی هه‌یه كۆپی بكه‌یت، یان له‌سه‌ر كاغه‌ز نه‌خشه‌یه‌كی ساده بكێشیت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بتوانیت ده‌ركی بكه‌یت. به شێوازێك یان به ئامرازێك ئه‌م ئیشه بكه كه ساده و سوودبه‌خش بێت و كاتی زۆرت نه‌گرێت.
دانیشتوانی دنیاكهت چ بوونه‌وه‌رێكن؟
مرۆڤی ئاسایین؟ جنۆكه‌ن؟ جادووگه‌رن؟ خوێنمژن؟ هیولان؟ بۆ ئه‌وه‌ی دنیاكهت واقیعی بێته به‌رچاو، ده‌بێت له‌گه‌ڵ خاسیه‌ته‌كانی دانیشتوانه‌كه‌یدا هاوڕێك بێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له دنیا خهیاڵییهكهتدا بوونه‌وه‌ری باڵدار له ته‌لاره هه‌ور بڕه‌كانی شاردا نیشته‌جێن، ئاسایی ده‌بێت ماڵه‌كانیان باڵكۆنی هه‌بێت بۆ فڕین و نیشتنه‌وه، ئه‌ویش به‌بێ قادرمه‌یه‌ك پاسه‌وانی هه‌بێت. ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی توانای فڕینیان هه‌یه، ئاسایی پێویستیان به قادرمه‌یه‌ك نییه كه پاسه‌وانی هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه كێشه بۆ فڕین و نیشتنه‌وه‌یان دروست ده‌كات. به‌ڵگه‌ی هه‌بوونی پاسه‌وان بوونی دانیشتوانێكه كه ناوانن بفڕن. هه‌ر بۆیه ده‌بێت له سه‌ره‌تاوه پێداویستی راسته‌قینه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانت
له‌به‌رچاو بگریت.
بنه‌ماكانی دنیاكه‌ی خۆت ده‌ستنیشان بكه:
دانانی سنوور بۆ دنیاكهت ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی چیرۆك یان رۆمانێكی به‌هێزتر و كاریگه‌رتر بنووسیت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دنیاكهت جادووییه و جادووگه‌ری تیایه، ده‌بێت جادووهكانی له چوارچێوه‌ی چه‌ند رێسایهكدا ئیش بكات.
بۆ نموونه، گریمان له چیرۆكێكدا به‌هۆی تۆفانێكی گه‌وره‌وه رێگای هاتوچۆی گوندێك ده‌گیرێت، رێگاكان پڕن له به‌فر و سه‌هۆڵ و رێگا و بانی شاخه‌كانیش داخراون، زریان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ریش نه‌توانێت بفڕێت، هیچ رێگایه‌كی ده‌ربازبوون نییه. پاشان خه‌ڵك ده‌كوژرێن. لێره‌دا ئه‌و بنه‌مایه‌ی تۆ دیاری ده‌كه‌یت ئه‌وه‌یه رێگه‌ی ده‌ربازبوون نییه. ئه‌م بنبه‌سته ئه‌نقه‌ست و رێگرییه گه‌ورانه‌ی دنیاكهت نابێت رێگه‌چاره‌ی لاوه‌كی تێدابێت. هه‌ر رێگه‌چاره‌یه‌ك یان وه‌ڵامێكت هه‌یه، ده‌بێت به واقیعی له چوارچێوه‌ی بینای گشتی دنیاكهتدا گونجاو بێت، مانای ئه‌وه نییه هیچ رێگاچاره‌یه‌ك نه‌بێت، مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه رێگاچاره‌كان جێگای باوه‌ڕ بن.
كه‌ش و هه‌وای دنیاكهت له‌به‌رچاو بگره:
به یارمه‌تی كه‌ش و هه‌وا ده‌توانیت فه‌زای ده‌ق فۆرمه‌ڵه بكه‌یت. شوێنه‌كه تاریك و غه‌مباره و به‌رده‌وام باران ده‌بارێت، یان هه‌تاوه و گه‌رمه، یان رووناكییه‌كی ده‌سكردی تیایه و سارده. هه‌ر كام له‌مانه دنیایه‌كی جیاواز ده‌خاته خه‌یاڵی خوێنه‌ره‌وه. هه‌روه‌ها ژینگه‌ی چیرۆك یان رۆمان له‌به‌رچاو بگره، هه‌ڵبه‌ته ته‌نیا ئه‌وانه پێویستن كه مانا به ده‌قه‌كه‌ت ده‌به‌خشن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له ژینگه‌ی ناوبراودا قارچكی ژه‌هراوی ده‌ستده‌كه‌وێت، له‌وانه‌یه بتوانیت وه‌كو ئامرازی كوشتن به‌كاری بهێنیت.
ئه‌گه‌ر دنیاكهت له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ی خۆمانه، ده‌توانیت گژ و گیا و گیانه‌وه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه ده‌ستنیشانت كردووه له دهقهكهتدا به‌كاربهێنیت. یه‌كسه‌ر مه‌نووسه: «فڵان كه‌س پاڵی به دارێكه‌وه دابوو» ئاماژه بۆ بۆنی تیژ و تازه‌ی گه‌ڵای داركاژ بكه، یان ئاماژه بۆ گیایه‌ك بكه كه ده‌توانێت له دامێنی ساردی ناوچه‌یه‌كی شاخاویدا بڕوێت كه كێڵگه نییه.
یان هه‌ر ورده‌كارییه‌كی تر كه ده‌یخه‌یته ناو چیرۆك یان رۆمانه‌كه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌سته ده‌بزوێنێت كه خوێنه‌ر هه‌ست به كه‌ش و هه‌وای ده‌قه‌كه بكات و تێكه‌ڵی كات و شوێنی ده‌قه‌كه بێت. ئه‌گه‌ر دنیایه‌كی ته‌واو تازه دروست ده‌كه‌یت، له‌م حاڵه‌ته‌دا په‌له مه‌كه با كاتێكی پێبچێت، بیر له گژ و گیا و گیانه‌وه‌ره‌كان بكه‌ره‌وه. به‌ڵام پێویست ناكات ئه‌وه‌نده ورده‌كاریی بكه‌یت جه‌رگ و ریخۆڵه‌ی هه‌موو شتێك ده‌ربێنیت. ئه‌م ئیشه كاریكرده نییه و ده‌بێته هۆی كات كوشتن. هه‌رئه‌وه‌نده بزانه كه بتوانیت هه‌ست و حاڵێكی زیندوو به ده‌قه‌كه‌ت ببه‌خشیت هه‌رئه‌وه‌نده به‌سه.
گونجاویت له‌بیر نه‌چێت:
گونجاوی خاسیه‌تی كتێبی به‌هێزه. بۆ نموونه له شتی ساده‌وه بگره، وه‌كو جێگیریی بینای فیزیكی دنیاكهت (یان ئه‌وه‌ی ده‌بێت هۆكاری گۆڕان باس بكرێت) هه‌تا ده‌گات به رووداوه گه‌وره‌كان كه دنیا ده‌گۆڕن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له به‌شی یه‌كه‌می رۆمانه‌كه‌تدا، دنیاكهت بوومه‌له‌رزه لێیداوه، زه‌ره‌ر و زیان و برینه به‌جێماوه‌كانی له به‌شه‌كانی تردا به‌پێی ماوه‌ی روودانی كاره‌ساته‌كه باس بكه و له‌به‌رچاوی بگره، كه‌واته نابێت ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه له‌بیر بكه‌یت.
هه‌بوونی خه‌تێكی زه‌مه‌نی گرنگه:
بوونی خه‌تێكی زه‌مه‌نی گشتی سه‌باره‌ت به دنیاكه و رووداوه‌كانی كه له سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه هه‌تا كۆتایی ره‌چاو بكرێت زۆر پێویسته. ئه‌م ئیشه هه‌م یارمه‌تی تۆی نووسه‌ر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی حسابی رووداوه‌كانت له ده‌ستدا بێت و گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و رووداوانه‌ی ته‌واوت نه‌كردوون ئاسان ده‌كات. ئه‌م ئیشه قووڵی دنیاكهشت زیاتر ده‌كات.
بۆ نموونه بۆ كاره‌كته‌ره‌كان، به‌تایبه‌تی بۆ كاره‌كته‌ری مناڵان رۆژی له دایكبوونێك له‌به‌رچاو بگریت بۆ ئه‌وه‌ی له قۆناغه‌كانی داهاتوودا یان له كاتی په‌ره‌سه‌ندنی رووداوه‌كاندا بزانیت ته‌مه‌نیان چه‌نده. له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و زیادبوونی ته‌مه‌نیاندا ژیانیشیان ده‌گۆڕێت، جلوبه‌رگ و ژوور و قوتابخانه و شته‌كانی تریان ده‌گۆڕێت.
ده‌قه‌كه‌ی خۆت بخوێنه‌ره‌وه:
هه‌تا ده‌توانیت ئه‌و ده‌قه‌ی نووسیوته بیخوێنه‌ره‌وه و بیناسه. به‌م شێوه‌یه وێڕای چه‌ند و چوونی ده‌قه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌زانیت ده‌قه‌كه چه‌ندی ماوه ته‌واو بێت و پێویسته چی بكه‌یت بۆ ته‌واوكردنی. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت دنیاكهت جیاواز و نه‌مر بێت، نابێت سه‌دان دنیای تر كۆپی بكه‌یت. ده‌بێت دنیا خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆتت خۆش بوێت. باشترین دنیای خه‌یاڵی ئه‌و دنیایه‌یه كه خۆت عاشقی بیت و دڵت بۆی لێبدات.
نالینی سینگ
نووسه‌رێكی نیوزیلهنداییه
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سەرچاوە: knwe