دواى هاتنى داعش بۆ عێراق، بەهۆى ئەوەى هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى لە دژیان دروستبوو، زۆرێک لە چاودێرانى سیاسى پێیان وابوو هاوشێوەى خێرا دەرکەوتنیان، بەخێرایى لەناودەچن، بەڵام کەمیش نەبوون ئەوانەى باوەڕیان وابوو تا چارەسەر بۆ ئەو کێشە و گیروگرفتانە نەدۆزرێتەوە کە زەمینە رەخسێنەرى هەلومەرجى سەرهەڵدانى داعش بوون، داعشیش بڕوات، ماعش دێت.
بۆیە لەدواى رووخانى خەلافەتەکەیان و راگەیاندنى کۆتایى داعشەوە، بەردەوام مەترسى و ئەگەرى سەرهەڵدانەوەى داعش وەک هەڕەشەیەک لە عێراق و سووریا هەبووە. چونکە هەمان ئەو هەلومەرجانەى داعشى بەرهەمهێنا، ئەگەر لە ئێستایا زیاتر نەبووبن، کەمترین نین لەو کاتەى داعشى تیا دروستبوو. سەربارى ئەوەش مانەوەى هەزاران چەکدارى پەرتەوازەى داعش لە ناوچەکە و ئازادکردنى سەتانى دیکەیان لە زیندانەکان، بێ هیچ گومانێک ناوچەکە دەخاتەوە بەردەم حوکمى پەیدابوونى هێزێکى پەڕگیر، جا ئەگەر لەژێر هەمان ناوى داعش دا بێت وەک کورتکراوەى ناوى خەلافەتەکەیان (دەوڵەتى ئیسلامى عێراق و شام) یاخود کورتکراوەى ناوێکى دیکەى وەک (مەملەکەتى ئیسلامى عێراق و شام) ماعش.
مەبەستم لەوە نییە سەرهەڵدانى داعش و هەر گرووپێکى دیکەى تووندڕۆى ئیسلامى لە ناوچەکە، زادەى هەلومەرجێکى واقیعى بێت. بەپێچەوانەوە وایدەبینم بەهۆى ئەو کێشە نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبیى و ئیداریى و سیاسییانەى لە ناوچەکە دا هەن هەمیشە زەمینە و هەلومەرجى ئەوە لەبارە هێزگەلى پەڕگیر و تیرۆریستى لەم جۆرانە بخوڵقێندرێن و بۆ مەرام و ئامانجى دیکە بەپاساوى بوونى کێشەکانى ناوچەکەوە بەکار ببرێن. کە داعش و بەشێکى زۆر لەم گرووپانەش لەو بازنەیەدا دەبینم هێزگەلى دروستکراوى دەستى دەزگە هەواڵگرییەکان بوون نەک زادەى واقیعى ناوچەکە.
ئەوەى چەند رۆژى رابردووش لە سووریا روویدا، گەرچى زیاتر لە 10 ساڵە بەرەى نوسڕە و تەحریری شام و هێز و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییە هاوشێوەکانیان هەن و جوگرافیایان بەدەستەوەیە، بەڵام پەلامارەکانیان بۆ سەر (حەلەب و حەما) هاوشێوەى هێرشەکانى داعش بوو بۆ سەر موسڵ و پارێزگا سوننەنشینەکانى عێراق. هەر لە بەرگرینەکردن و کشانەوەى سوپاى دەوڵەتەوە تا کەوتنى شارەکان و فراوانبوونەوەى هێرش و پەلامارى تیرۆریستان بۆ ناو قوڵایى وڵاتەکە و نزیکبوونەوە لە پایتەخت، دووبارەبوونەوەى هەمان سیناریۆى داعشە لە عێراق. وە هاوشێوەى لێکەوتەکانى داعش چەندین سیناریۆى دیکە بەدواى خۆیدا دەهێنێت.
تەنها شتێک ئەوەى ئەم رووداوە لە داعش جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە هیچ هاوپەیمانێتییەکى نێودەوڵەتى دژ بەم گرووپانە و بۆ پشتیوانیی ئەسەد دروست نابێت، چونکە سووریا وڵاتێکە لە دەرەوەى لیستى دەوڵەتە دۆستەکانى رۆژئاوایە، بەشێکە لە بەرەى مقاوەمە و جەمسەرێکى گرنگى هاوپەیمانێتیى رووسیایە. هاوپەیمانەکانى سووریا، هەریەکەو ئاڵاوە بەدەردى خۆیەوە، حیزبوڵڵاى لوبنان کە لە رووداوەکانى دواى بەهارى عەرەبیدا دەسکەلایەکى بەهێزى دەستى سووریا بوو بۆ سەرکەوتنى گەلانى سووریا بە کورد و عەرەبەوە، خۆى لە گیانەڵادایە. ئێران لە ترسى ئەوەى جەنگەکە راستەوخۆ نەچێتە ناو وڵاتەکەیەوە، دەیەوێ بەکەمترین زیان پاشەکشە لە دەستوەردانەکانى بکات، رووسیاش هێشتا گیرۆدەى شەڕى ئۆکراینایە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم جەنگە بەزیانى سووریا زیاتر پەرە بسێنێت و تا لێوارى کۆتایى ئەسەد بچێتە پێشەوە.
بەڵام ئەوەى لێرەدا مەترسییە و ئەگەرێکى کراوەیە، شەڕەکە بە قازانجى مانەوەى ئەسەد وەرگێڕێت، ئەوەیە کە ئەم جۆرە گرووپانە بە ئاسانى لەلایەن دەزگەى هەواڵگریى وڵاتانەوە دەستیان تێدەخرێت و بۆ گۆڕینى ئاراستەى رووداوەکان ئاسان بەکاردەبرێن. تەرەفەکانى ناو ململانێى سووریا وەک جۆرێک لە ئامرازى ئیدارەدانى ناکۆکییەکان هەڵیاندەسووڕێنن. کە دوور نییە ئێستا تورکیا رۆڵى سەرەکیی هەبێت لەم پێشهاتەى چەند رۆژى رابردوو. بۆیە ئەوەى لێرەدا هەڕەشەکە ئەوەیە، وەک چۆن داعش لە سامەڕاو گەیشتن بە نزیکترین دەروازەى بەغداوە ئاراستەى جەنگەکەى گۆڕیى بۆ کوردستان و پەلامارى شنگالی دا، مەترسى ئەوە دەکرێت دواى گرتنى حەلەب و حەما وەک دووەم و سێیەم گەورە شارى سووریا، لەبرى حمس و دیمەشق روویان بەرەو ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى پەیەدە بسوڕێنن.
بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى تورکیا رۆڵ و کاریگەریی زۆرى لەسەر ئاراستەکردنى ئەم گرووپانە هەیە، وە زۆر لەمێژە بەدواى دەرفەتێکدا دەگەڕێت پەلامارى راستەوخۆى ناوچە کوردییەکان بدات. ئەمە وەک ئەو دەرفەتە دەبینێت تا رووداوەکان بۆ جەنگێکى خوێناویى نێوان کورد و ئەم هێزگەلە تیرۆریستییە بگۆڕێت. بەتایبەتیتریش بەهۆى ئەوەى سووریا و ئێران و رووسیاش دەزانن هاوپەیمانێتیى نێودەوڵەتى سەنگەر لەم بەرە توندڕەوە ئیسلامییە ناگرێت مەگەر لەکاتێکدا پەلامارى تاکە هاوپەیمانەکەیان بدەن کە کوردەکانن. بۆیە ئەگەرى ئەوەش دەکرێت ئەم تەرەفانەش تواناى خۆیان بخەنەگەڕ تا رووى ئەم هێزگەلە بەرەو کورد وەرگێڕن و لەم رێگەیەوە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى رابکێشنە ناو شەڕەکەوە و هاوشێوەى داعش بیکەن بە شەڕى ئەوان.
بەهۆى کشانەوەى بێ بەرگریى سوپاى سووریاشەوە لە گەورەترین شارى پیشەسازیى و ئابوورى وڵاتەکەى، ئەوەش بەدوور نابیندرێت لەپشتى رووداوەکانەوە شتی دیکە هەبن لە ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى بۆ لاوازکردنى رۆڵ و کاریگەریى هێزە نادەوڵەتییەکان، ئەوەى لە حەماسەوە دەستیپێکرد و حیزبوڵڵاى لوبنانیشى بەدواداهات، دوور نییە ئەمەش سیناریۆیەک نەبێت بۆ کۆتایى رۆڵى هێزە چەکدارە نادەوڵەتییەکانى دیکەى ناو سووریا، کە تورکیا دۆستەکانى تیا بکاتە قوربانى لەسەر حسابى نەهێشتنى پێگەى کورد، ئەگەر لە هەموو رۆژئاواش نەبێت، بەتایبەتى لەوبەرى فورات.
هێشتا زووە بەدیاریکراوى بزاندرێت دیوە شاراوەکانى پشت ئەم رووداوە چین؟ یاخود بتوانرێت ئامانجە شاراوەکان دیاریبکرێن، پێویستى بەکات هەیە تا رووداوەکان هەندێک لەو نهێنیانەمان بۆ ئاشکرا بکەن. دەتواندرێت چەندین سیناریۆى جیاجیا لەم رووداوە بخوێندرێتەوە، یاخود لێکدانەوەى جیاوازى بۆ بکرێت. دووریش نییە بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى چەند مانگێکە لە ناوخۆى تورکیا هەست بەجۆرێک لە شپرزەیى و ترسێکى شاراوە دەکرێت لە پرسى کورد. بێڕەخساندنى هەلومەرجى پێشوەختە و هیچ زەمینەسازییەکى مەیدانى و واقیعى، کەوتوونەتە پیاهەڵدانى برایەتیى کورد و تورک، تەنانەت بۆ یەکەمجارە باس لەوەش دەکەن وڵاتەکە چەند موڵک و مافى تورکەکانى بەسەرەوەیە، ئەوەندەش ماف و موڵکى کوردەکانە. ئەم گۆڕانکارییە کوتوپڕ و لەناکاوەى دەسەڵاتدارانى تورک و لەناویاندا پارتى رگەزپەرستى مەهەپە، ئاماژەیەکن بۆ ئەگەرى پێشهاتى شاراوە لە ناوچەکە کە هێشتا ئێمەى کورد لێى بێئاگاین. دوور نییە ئەم هێرش و پەلامارە چاوەڕواننەکراوەى هێزەکانى تەحریری شام بۆ سەر حەلەب، سیناریۆیەک بێت بۆ تێکدانى ئەو پڕۆژە نەبینراوە گریمانەکراوەى تورکیا لێى دەترسێت کە بەهۆى جەنگى ئیسرائیلەوە بێتە ئاراوە.
هەر کام لەم ئەگەر و شرۆڤانە دووربن یان نزیک لە راستى، ئەوەى بۆ کورد پێویستە ئەوەیە پەند لە رووداوى هاتنى داعش و کەوتنى شنگال وەرگرێت، ئەم جۆرە رووداوانە هەم مەترسیدارن و هەم دەرفەتیشن. دەبێت کورد لە رۆژئاواى کوردستان خۆى ئامادە بکات بۆ هەموو ئەگەرێکى مەترسیدار، لە هەمان کاتیشدا خۆى ئامادە بکات بۆ قۆستنەوەى دەرفەتى دواى رووداوەکان.
سەرچاوە : ڕووداو