بە بەشداری هونەرمەندانی عەفرین 'داستانا ڤەگەرێ' بڵاوکرایەوە

بەشداری ژمارەیەک لە هونەرمەندانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، بەشی پێنجەمی بەرهەمی 'داستانا ڤەگەرێ' بڵاوکرایەوە کە بەرهەمێکی میوزیکییە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
ئەم بەرهەمە بیرۆکەی تیرێژ عەفرینییە و خۆی کاری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی بۆ کردووە و یوتیوب و پلاتفۆرمەکانی دیکە بڵاوکراوەتەوە.

'داستانا ڤەگەرێ' لە نووسینی پەریشانە و نووری خەلیل ئاوازی بۆ داناوە و کاری دابەشکردنی میوزیکشی بۆ کردووە. 

هونەرمەند حەسەن عەکاش لە بەرهەمەکەدا بەشداربووە و بە تۆڕی میدیای رووداو راگەیاند، 'داستانا ڤەگەرێ' پێنجەم بەشیەتی و بە هەوڵی هونەرمەند تیرێژ عەفرینی بەرهەمهاتووە و هیواخوازە بە دەڵی هەودارانیان بێت.

ئەسفەندیار ئەحمەد، هونەرمەندی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی دهۆکی باشووری کوردستانە و لەم بەرهەمەدا بەشداربووە و بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، 'داستانا ڤەگەرێ' لە پێنج بەش پێکهاتووە، یەکەم بەشی تاوەکو چوارەم بەشی لە ساڵانی نێوان 2008 تاوەکو 2011 بەرهەمهاتووە و لەبارەی کولتوور و هونەری عەفرینە، گوتیشی "دوایین بەشی لەبارەی رەوشی عەفرینە لە دوای داگیرکردنی لەلایەن دوژمنانی کوردەوە".

جگە لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ و میوزیکژەن، گرووپی فۆلکلۆری ئارمانجی عەفرین لە ئەڵمانیا و هەولێر و تیپی مەحمێ و حەسەن لە تورکیا بەشدارن و هونەرمەندانی بەشداربوو کە خەڵکی عەفرینن، دانیشتووی رۆژئاوای کوردستان، باشووری کوردستان، ئەڵمانیا و تورکیان.

هونەرمەندە بەشداربووەکان بریتین لە خەبات تەیفور، شەهیبان، حەسەن عەکاش، خەلیل ئیبراهیم، وەڵات سلێمانی، میترا، رەنگین مەحموود، سوزدا ئەمۆ، ئیبراهیم حەمدوش، هیبا عوسمان، محەممەد بەشار، بەنگین، عەلی جەمیل هۆرۆ، رووکەن عەکاش و ئەسفەندیار ئەحمەد.

سەرچاوە: rudaw- پەسار فایەق