د. سەبور: عیرفان لەناو کوردا فۆڕمێکی شۆڕشگێڕیشی هەبوە

ڕۆژی  20/5/2023 لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بە ناونیشانی ( چەند وێستگەیەک لەبارەی عیرفانی جیهانی و ئیسلامی و کوردی) بۆ د. سەبور عەبدولکەرم بەڕێوەدەچوو.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، د. سەبور، باسی لەوەکرد کە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ عیرفان بونی نیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی عیرفان و مەعنەویەت گواستنەوەیە لە رواڵەتەوە بۆ ناخ و گەیشتنە حەقیقەتە ناماتڕیاڵەکان، کە لە دنیابینیەکی  ئاگایانەوە بەدەستیدێنێت. عیرفان پێیوایە، تەنیا بە عەقڵ ناگەیت بە دەرەوەی مادە، بەڵکو بە جوڵەی دەرونیش دەگەین، درەوەی مادەش لای عیرفانی ئاینی بریتیە لە خودا، بەڵام لای عیرفانی غەیرە دینی رەنگە گەردون و وزە بێت.

ناوبراو، هەندێ تایبەتمەندی عیرفانی جیهانی باس کردو وتی: سەرهەڵدانی سۆفیگەری سەر بە هیچ جوگرافیەیەکی دیاریکراو نیە، واتا ناتوانین سەرەتای سەرهەڵدانی عیرفان بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو بگەڕێنینەوە.

سەبارەت بە عیرفانی ئیسلامی، د. سەبور، ئاماژەی بەوەکرد، عیرفانی ئیسلامی پێنج قۆناغی بنەڕەتی هەیە، قۆناغی دونیا نەویستی، قۆناغی دوەم تێکەڵە بە وەرزشی رۆحی، سێیەم ئەزمونی سۆفیگەریی پەتی، چوارەم ئەزمونی سۆفیگەریی فەلەسەفی، پێنجەم ئەزمونی فەلسەفی سۆفیگەریی..

لەبارەی عیرفانی کوردیش، وتی: سۆفیگەریی کوردی  زیاتر لە سۆفیگەریی پەتی نزیکە، هەوڵی داوە شەریعەت و تەریقەت لەیەک نزیک بن.. لە تەریقەتی نەقشبەندی و قادری وایانکردوە. تەسەوف لەناو کوردا، سێ فۆڕمی هەیە، یەکەم پەروەردەیی، دوەم شۆڕشگێڕی، کاتێک شێخەکان بونە جێنشینی میرنشینەکان، فۆڕمی سێیەم فۆڕمی نوسراوە، عیرفان زۆر بە خەستی لە ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگیداوەتەوە..
لە بەشێکی تری باسەکەدا، باسی لە عیرفانی مۆدێرنە کرد و وتی عیرفانی مۆدێرنە لەدوای سەردەمی رۆشنگەریی سەریهەڵداو ئەمەش عیرفانی تاکەکەسی بەرهەمهێنا، وەکو یۆگا و تێڕامان کە پەیوەندی لەگەڵ گەردون دروست دەکات.
دوای تەواوبونی باسەکە، ئامادەبوانی سیمینارەکە، سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانیان دەربارەی بابەتەکە خستەڕوو، هەندێکیان پێیانوابوو عیرفان تەنیا پەیوەندی بە دینەکانەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە کولتوریشەوە هەیە، ئەمەش وایکردوە لە هەندێ شوێنی جیهان عیرفان گەشە بکات، بەڵام لە شوێنێکی وەکو سعودیە کە مەنبەعی ئیسلامە، عیرفان دروست نەبێت.
جگە لەوە بەشێکی تری ئامادەبوان، جەختیان لەوە کردوە کە عیرفان لەناو سەردەشتی و دینی یارسانیشدا کە دوو دینی کۆنی کوردن بونیان هەبوەو ئەمەش دەبێت لێکۆڵێنەوەی لەسەر بکرێت. جگە لەوە بە گرنگیەوە باس لە تەریقەتی قادری و نەقشبەندی کرا، بە تایبەتی کەسایەتی مەولانای نەقشبەندی کە شەخسیەتێکی شۆڕشگێڕی هەبوەو کاریگەری زۆری لەسەر شۆڕشەکانی کوردستان هەبوە.

 

سەرچاوە؛ چاودێر