خەو نییە ڕاستییە، نیتشەی هایدیگەر بەكوردی

دیالۆگی نێوان ئەم دوو مەزنە فەیلەسووفە ئەڵمانییە كە مێژووەكەی بۆ ساڵانی (1936 - 1940) دەگەڕێتەوەو هایدیگەر وەك زنجیرە دەرسگوتارێك پێشكەشی خوێندكارەكانی كردووە، هەندێك لە مێژوو نوسانی فیكر بە قوڵترین و بەرفراوانترین دیالۆگی فیكریی ئەژماری دەكەن، لەمێژووی هزری مرۆڤایەتیدا.
ئەم پرۆژە فیكریە چوار بەرگە، شرۆڤە و لێكدانەوەی مارتین هایدیگەرن بۆ بیركردنەوە و دونیابینییە فەلسەفیەكانی فردریك نیتشەو تێیدا باس لە بوون و مانەوەو داهاتووی میتافیزیكا دەكەن ، هاوكات وەك گفتوگۆیەكی فەلسەفە لەگەڵ خۆی و مێژووەكەیدا دێتە پێش چاو.
وەك چۆن مشتومڕێكی هەمە لایەن و فرە ڕووە، دەربارەی سەردەمی هاوچەرخ و مۆدێرنە و عەدەمیەت و مێژوو و بڵند گەرایی و موقەدەس و ..... هتد.
ڕەنج و ماندوبونی دكتۆر محەمەد كەمال بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كوردی بە سەرچاوەی فیكریی و فەلسەفی گرنگ، چارەكە سەدەیەكە بۆ هەموان ئاشكراو ڕوونە، لێ ئەمجارەو بەم كارە گرنگ و تایبەتەی دڵخۆشتری كردین و پەنجەرەیەكی دیكەی بەڕووی خوێنەران و مرۆڤی ئێمەدا كردەوە..
 تا لەم سەردەمە تاریك و عەدەمیەدا بە شاكارێكی وا دانسقە ئاشنا بین.
هەرچی جارێك باسێكم لەسەر نیتشە و هایدیگەر دەخوێندەوەو قسە دەهاتە سەر ئەم بەرهەمە، بەخۆمم دەگوت تۆ بڵێی تەمەن هێندە بەش بكات دەستم بە چاپی عەرەبیەكەی  بگات(چونكە تا ئێستاش كتێبخانەی عەرەبی خاڵییە لەم سەرچاوە گرنگەو عەرەبەكان دەستیان بۆ نەبردووە). خۆشبەختانە بەر لەوان كتێبخانەی كوردی لە ساو پەنای هەوڵی دڵسۆزانەی فەلسەفەكارێكی كورد، بەو بەرهەمە شاد بوو.
ئەوە خەون بوو ، خەونێكی دوورەدەست، كەچی هاتە دی و بوو بەڕاستی. وا ئێستا لە پرۆژەیەكی (1600) لاپەڕەیدا بە زمانی شیرینی كوردی، نیتشەكەی مارتن هایدیگەر دەخوێنینەوە.
سوپاس و دەستخۆشی و حورمەتی زۆر، بۆ هەوڵ و ماندوو بوونی دكتۆر محەمەد كەمال، كە هەموو گەڕانەوەیەكی بەدیاریەكی بەنرخ و تایبەت، كتێبخانەی كوردی ئاوەدانتر و دڵی خوێنەرانیشی خۆشتر دەكات.
تێبینی:
سەعات 3:30 خولەكی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 12/1/2023 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لەژێر ناونیشانی (مرۆڤی بەرزی نیتشە و ڕەسەنێتیی بوون)دا كۆڕێك بۆ دكتۆر محەمەد كەمال ساز دەكات. هاوكات نوێترین بەرهەمی وەرگێڕدراوی دكتۆر محەمەد كەمال بە ناونیشانی (نیتشە) لە نووسینی (مارتین هایدیگەر) لەكافێ سینەما سالم بڵاو دەبێتەوە.

 

 

سەرچاوە: galawej- شوان ئەحمەد