پرۆفیسۆر د.هیمداد حوسێن
سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد
لە ناوەڕاستی هەشتاكان لە گەڕەكی كوران،كە ئێستا رزگاری پێدەڵێن،بە هۆی ئەوەی من حەزم بە خوێندنەوەو نووسین بوو، گەنجێكی گەڕەكەكەمان هەندێجار دەمدی و سەلامی دەكرد و پرسیاری ئەدەبی لێدەكردم، بە تایبەتی لەبارەی فەرهەنگی وێنەدار بۆ خوێندكاران،ئەو بۆخۆی كارمەندی چاپخانەی زانكۆی سەلاحەددین بو سەری لە نووسین و كاری چاپخانە دەردەچوو ئەویش كاك حەمید بەدرخان بوو.ئەو بە تەمەن لەمن گپكەتر بوو. ئەو گەڕەكەی ئێمە چ پێشتر و چ ئێستایش نووسەرو هونەرمەندی تێدا هەڵكەوتبوو شێرزاد حەسەن و مەولود ئیبراهیم حەسەن و دواترێ سەركەوت رەسوڵ و تەلعەت تاهیر و ئاری ئاغۆك... هەووەها هونەرمەندان نامیق عەلی و دارا محەمەد عەلی.
حەمید بەدرخان كوڕێكی زیرەك و وریا بوو. ئەو ماڵیان لەسەر كەندەكەی لای ئەلبا بوو لە نزیك ماڵی سەید گوڵ.ئەوانەی خەڵكی كوران بن دەزانن.لە دوای راپەڕینەوە و بە تایبەتی دوای ئەوەی لە دكتۆرا لە زانكۆی سلیمانی دەمخوێند جارێكی دی حەمیدم لەوێ دیتەوە.زیاتر دەركەوتبوو و بە تایبەتی دوای رووداوەكانی ساڵی 1996 و دوو ئیدارەیی لە كوردستاندا.گۆڤاری دەردەكرد. ئیتر پیوەندییەكانمان زیاتر بوو.
دەزگای بەدرخان و ئینسكلۆپیدیای هەولێر
حەمید بەدرخان لە هەولێر سەنتەرێكی رۆشنبیریی و بڵاوكردنەوەی بە ناوی بەدرخان دامەزراند. لەوێ یەكمان دەبینی و بێجگە لە بڵاوكردنەوەی رۆژنامەی بەدرخان كتێبیشی بۆ نووسەران چادەكرد. ماشەللا ئەوەندە بەدەستوبرد بوو ماندووبوونی نەدەزانی و ئاسایی بوو لە شەو و رۆژێكدا بچیتە بەغدا و بگەڕێتەوە سلێمانی و شەو بێتەوە هەولێر.هەر لەو دەزگایەش پێوەندییەكی زۆرباشی لەگەڵ نووسەران و دەزگاكانی راگەیاندن و وەزارەتی رۆشنبیری و كلتورییەكاندا پەیدا كردبوو.كتێبخانەیەكی گەورەی لەو سەنتەرەدا بە شێوەیەكی جوان رێكخستبوو.ئەوكتێبەی دەتویست لای ئەو دەست دەكەوت.ئەو نووسەرانەی سەردانی ئەویان دەكرد بێ جیاوازی هەولێری و كەركوكی و سلێمانی و كۆیی و هەموو شوێنەكان بوون. لە رووی هزری و ئایدیۆلۆژیشەوە جودابوون.حەمید زمانێكی هەبوو هەمووانی رازی دەكرد. ئەو كەسانەی دەستكورت بوون داوایان لێدەكرد كتێبیان بۆ چاپ بكات،دەزگاكەی حەمید گەورە نەبوو.برازاكانی خۆی لە تایپ و ئیدارەداندا هاوكاری بوون.
یەكێ لەو پرۆژە گرنگانەی لە مێژووی كتێبخانەی كوردیدا دەسپێك و بایەخی زۆری هەبوو بیرۆكەی ئینسكلۆپیدیای هەولێر بوو.لە مێژووی میللەتاندا و بەتایبەتی بەرزترین دەسەلاتی زانستیی ئەو وڵاتە چەندین لیژنەی پسپۆڕ و توانایەكی ماددی گەورەی بۆ تەرخاندەكەن ئینسكلۆپییدیایە،كە پرۆژەیەكی نەتەوەییە لە مێژووی بەوەپێشەوەچوونی ئەو نەتەوەیە.حەمید لەگەڵ چەندین نووسەری بەتوانا و ئەكادیمی شانیدایە بەر ئەو ئەركە قورسە و بە قەرز و قۆل و هاوكاری چەند بەرپرسی كوردستان ئەو كارەی جێبەجیكرد و ئەو پرۆژەیە بە شێوەیەكی جوان، بە چەندین بەرگ چاپ بوو.بە شانازییەوە بەندە بە لێكۆڵینەوە و بە كۆكردنەوەی هۆنراوەی فۆلكلۆری دشتی هەولێر و خواردنە میللییەكان و ئەفسانە و بابەتی تر بەشداربووم.
ئەم هەنگاوە بوو بە هاندانێك بۆ نووسەرانی شارەكانی دی كوردستان،ئەوانیش بۆ سلیمانی و كەركوك و دهۆك هەوڵی لەم بابەتە بدەن و دواجار بە هەمووان مێژووی كلتوریی كوردستان دەنووسنەوەو جێگەی دەسخۆشییە.
چاپكردنی كتێبی رۆژنامەنووسیی سەردەمی كۆماری دێمۆكراتی كوردستان
دوای ئەوەی لە سالی 2001 بڕوانامەی دكتۆرام لە زانكۆی سلیمانی تەواو كرد.كەڵكەڵەی ئەوەم كەوتەسەر ئەو گۆڤارانەی سەردەمی كۆرماری كوردستان بە هەمووی لەگەڵ نامەی دكتۆراكەم پێكەوە چاپ بكەم،چونكە نامەكەی من بە ناونیشانی (ئەدەبی رۆژنامەنووسی كوردی سەردەمی كۆماری كوردستان)بوو.رۆژانە كاتێكی زۆر بە كۆمپیوتەر خەریكی پاككردنەوەی لاپەڕەكانی ئەو گۆڤارانە بووم.ئەمە سەرباری ئەوەی هەندێ ژمارەم نوقسان بوو هەوڵی پەیداكردنیانم دەدا.زۆرجاریش بە دەم كاركردنەوە نائومێد دەبووم كێ ئەو كتێبە چاپ دەكات.نووسەری كورد هەمیشە ڕجا و تكا لە دەزگاكانی چاپ دەكات هەموو مافێك بۆخۆیان بەس بۆی چاپ بكەن،ئیتر ئەوە دۆخی ناوەندی رۆشنبیرییی كوردییە،بی پیچەوانەی وڵاتانی پێشكەوتوو رەنگە بەرهەمی نووسەریك نەوەكو خۆی نەوەكانیشی لێیبخۆن.
زۆرم كەیف پێهات و دڵخۆش بووم،كە حەمید بەدرخان بە شەوقەوە هاتە پێشەوەو وتی لەگەڵ دەزگای ئاراس پێكوە چاپی دەكەین.ئیدی پرۆژەكە كەوتە واری جێبەجێ كردنەوە.دوایی كێشە كەوتە بەینی دەزگای ئاراس و بەردخان.دەزگای ئاراس بە بێ بەدرخان چاپیان كرد.(حەمید)یش پوختەو روختە و بە خێرایی و مەردانە بردی لە لوبنان بە شێوەیەكی زۆر جوان و شایستە و بە بەرگی ڕەقەوە چاپی كردەوە.چاپەكەی بەدرخان نێزیكەی سەد لاپەرەیەكی زیاترەو بەڵگەو دۆكیۆمینتی زۆرتری تیدایە.
دواتر لەگەڵ كا حەمید و مامۆستا (عەبدوللای حەسەن زادە) سەردانی كاك (عەدنان موفتی)مان كرد ئةوكات سةرؤكى ثةرلةمان بوو. بە پێی ژمارەی ئەندام پەرلەمانەكان و سەد و پەنجا دانەیش بۆ حزبی دیمۆكراتی كوردستان لەو كتێبەی لێوەرگرتین.دواترێ حزبی دێمۆكرات لە ساڵیادی دامەزرانی خۆیدا بە رێزەوە دەسخۆشی ئەو هەوڵەیان لێكردم. پیمخۆشە لێرەدا جێی خۆیەتی درود بۆ گیانی مامۆستا (جەلیل گادانی) بنێركەسێكی دڵسۆز و چەند دانەیەك لە كۆپی رۆژنامەی (كوردستان)ی سەردەمی كۆماری پێدام. هەر ئەو كۆپیانەیش دواتر، كە (بنكەی ژین) بڕیاریاندا كۆی ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستان چاپ بكەن، من لە هەولێرەوە بە پەرۆشەوە هەموو ئەو ژمارانەی هەمبوو بردم بۆ سلێمانی و تەسلیمی ماڵی مامۆستا (رەفیق)م كرد،بەڵام دواتر كەچاپیانكرد دەستیان خۆش و ماڵیان ئاوا لە پێشەكییەكەیدا ناوی خەڵكیان هێناوە،بەڵام ئەوانەی من تەنانەت سوپاسێكیان نەكردووم.
حەمید بەدرخان و گەشتی دەرەوە
لە ساڵی 2010 لە رۆژنامەی برایەتی چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ كردم و رۆژنامەوانەكە بە مانشێتیكی كەورە نووسیبووی:د.هیمداد دەڵێ پرۆفیسۆر یاریدەدەرم تا ئێستا هێچ وڵاتێكی ئەوروپام نەدیوە. دیارە نەوەكو هەر من زۆری دیكەش وەكو من بە هۆی دەستكورتی ئەو هەلەمان بۆ رێنەكەوتبوو ئەوروپا ببینین.زۆرجار چاومان بە تاوەری ئیڤڵ لە پاریس كەوتبوو،بەڵام لە نزیكەوە نەمدی بوو.دیاری خەیاڵ و واقیع جیایە.لە سالی 2011 كاك حەمید بەدرخان مژدەی ئەوەی دامێ وەكو دەزگای بەدرخان بە هاوكاری كۆنسوڵی فرەنسا لە هەولێر بە ناوی پردی رۆشنبیری و بە هێزكردنی پێوەندی نووسەرانی كورد و فرەنسی بەڵێنی ئەوی پیدرابوو ژمارەیەك نووسەر دەتوانن لەو گەشتەدا بەشداربن، بە منیشی وت.من وەكو خەونێك بوو لەلام،زۆرم پێخۆشبوو.بڕە پارەیەكی كەمماندا بۆ ئەو سەفەرە.لە هەولیرەوە هەر دوو دوو سێ سێپێكەوە تكتمان بڕی و ناوی خوامان لێهێنا.یەكەمجارم بوو سواری تەیارەش بووم و لە فڕۆكەخانەی گەورەی شارل دیگۆڵ پاش سەعات دواوزدە شەو گەیشتین.مانەوەی ئەو شەوەمان زۆر ناخۆش بوو.زۆر بە زەحمەت هوتێلیكی پیسمان بەدەست كەوت.خەریك بوو پاریسیشمان لەبەرچاو بكەوێ.بۆ بەیانی ئیدی دۆست و برادەرانمان لەو هوتێڵە بینییەوە كە حەمید بۆی گرتبووین.هوتێلێكی خۆش و بە تەرتیب.چەندین كەسایەتی گرنگمان لەوێ دیت، وەكو كەنداڵ نەزان و مەدام جویس بڵو و د.هەڵكەوت حەكیم و دواتر كاك نەجات حەمیدی بادەری قەدیمی هەولێرمان دیت زۆر خۆشحاڵ بووم.هەر لە دەسپێكی كردنەوەی فیستیڤالەكەدا وتاری یەكێتیی نووسەرانی كوردم پێشكەشكرد و كاك د.ئازاد حەمەشەریف تەرجەمەی دەكرد و تیایدا باسی كاریگەری ئەدەبیاتی فرەنسیم لەسەر كلتوری میللەتانی رۆژهەڵات كرد و وەكو پاسكاڵ كازانۆڤا دەڵێ پاریس وەكو بانقێكی رۆشنبیریی وایە هزرو فەلسەفە دەنێرێتە دەرەوە.
وەلحاڵ، حەمید بەدرخان ناوێكی دیاری ناوەندی رۆشنبیریی كوردییە و بەزم و مەجلیسی خۆشەو هەریەكە بەزمی خۆی لەگەڵی هەیەو هەندێك گلەیی دۆستانەیان هەیەو هەندێ لە تووسەرە گەنجەكان لە دەزگاكەی ئەو و بە پاڵپشتیی ئەو بوونە رۆژنامەوان و نووسەر و گەلەكی كتێب بۆ نووسەران چاپكرد و هاوكاریی چاپكردنی بەرهەمەكانی بۆ كردوون. بە راستی بە قەد وەزارەتی رۆشنبیری و زیاتریش چالاكی ئەدەبی و كلتوری پێشكەشكردووەو دەزگاكەی پردێكی رۆشنبیریی و كلتوری گرنگ بووە
هەولێر 20-4-2025