حکومەت بەدزییەوە گیرا..

 

 

 

 

 

 

شۆڕش ئەمین

 

حکومەتی هەرێم ئەگەر حکومەتێکی ڕاستگۆیە و خۆی بەحکومەتی هەموو خەڵکی کوردستانە دەزانێ، دەبوایە دامەزراندن بەئاشکرا بوایە و دەرگا بکرایەتەوە کێ لەو بوارانە دەیەوێت دابمەزرێ سیڤی یا بڕونامەی خۆی پێشکەش بکات، ئەوکات یا بەتاقی کردنەوەی بێلایەنانە یاخود بە تیروپشک، کەسەکان دابمەزرێن. ئێستا ئەم حکومەتە بەدزییەوە لەماوەی مانگێکدا (36807 سی و شەش هەزارو هەشت سەدو حەوت) کەسی دامەزراندووە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

1- وەزارەتی پێشمەرگە  23790 کەس

2- وەزارەتی ناوخۆ        1882 کەس

3- وەزارەتی پەروەردە  4316 کەس

٥- وەزارەتی کارەبا  2460 کەس

6- وەزارەتی شارەوانی  1135 کەس

7- وەزارەتی دارایی  100 کەس

8- دەزگای ئاسایش 1409 کەس

9- ئەنجومەنی ئاسایش  474 کەس

10- گرێ بەست  1241 کەس

 ئەگەر حکومەتی عێراق نەبوایە ئەم بەدزییەوە دامەزراندنە کەس پێی نەدەزانی،  ئایا چۆن وەڵامی هەزاران لەگرێبەست و وانەبێژوو خۆبەخشی نێو قوتابخانە و دائیرەکان دەدەنەوە.

ئایا حکومەت کە ئیدیعای چاک سازی و خزمەتکردنی خەڵک دەکات، ئەی دەبێت وەڵامی چی بێت بۆ ئەمە؟. بەداخەوە درۆکردن بووەتە سیمای سەرەکی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستان.

ڕێژەی پارەی مووچە بۆ ساڵی 2023  ( 913 ملیار دینار) بووە، لەکاتێکدا بەسەدان فەرمانبەرو مووچەخۆر خانەنشینکراون و لەجێگایان بەئاشکرا کەس دانەمەزراوە، کەدەبوو ئەو ڕێژەیە کەمی بکردایە نەک زیادیبکردایە. لەکاتێکدا هەموومان ئاگادارین ساڵانی پێشتریش ڕێژەکە زۆر کەمتربووە و بەردەوام لەزیادبووندابووە.‌ ئێستا گەیشتۆتە( ٩٥٧ ملیار دینار ) واتە ( 44 ملیار دینار ) زیادیکردووە،  ئەم دامەزراندنە بەدزییەوە ترسی ئەم دەسەڵاتەیە لەهەڵبژاردن، ئەمە پێشێلی هەموو پرەنسیپەکانی حوکمڕانییە، هەربۆیە خەڵک ئەم حکومەتە بەنامۆ دەزانن و بەحکومەتی خۆیانی نازانن و بەردەوام چاوەڕێی ڕووخانی دەکەن.

سەرچاوە : سپی میدیا