حاجی مستەفا پاشا وتی: ئەمیری حەج بووم...

حاجی مستەفا پاشا وتی: ئەمیری حەج بووم، بە سەر حاجییەکانەوە ئەگەڕام، سەیرم کرد وا لەبەر کەعبەدا کابرایەکی سووری قەڵەوی ڕیشسپیی کەوتووە، ئاو ئەکەن بە سەریا. بە جلوبەرگەکەیا زانیم کوردە، چووم بە لایەوە، ئەو ساڵەش حەج کەوتبووە مانگی تەمووزەوە و گۆشتی کاڵ ئەخرایە سەر لمەکە ئەبرژا! کابرا چاوێکی بەرز کردەوە و هەناسەیەکی درێژی هەڵکێشا، لەپاشا سەری بەرز کردەوە و ڕووی کردە ئاسمان و وتی: ئەرێ خوا! تۆ بۆچ چاوت نەبوو لەو دەشتی «گەلگە»ی ئاوداری هەوا فێنکەدا ماڵ بۆ خۆت دروست کەی؟ ئەمە شوێن بوو تۆ ناوتەوە؟ ئەگەر جارێکی تر ڕووم کردەوە ئەو شوێنە، بزانە من کوڕی خەڵک نیم! وتی: لە پاشا پێم وت: کابرا ناوت چییە و خەڵکی کوێیت؟ وتی: حاجی قادریی ڕوغزایی «گەلگە» دەشت و گردێکە لە لای پێنجوێن.