شانۆ ئەبوبەکر
لە دنیای ئەمڕۆدا، میدیا بووەتە ئەشکەوتێک کە خەڵک تەنیا دەنگدانەوەی ناڕوونی ڕاستییەکانی لێوە دەبیستن. شیکەرەوە و میدیاکارانی هاوچەرخ، هونەری وشەیان کردووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی ڕاستی، وەک سۆفیستەکانی یۆنانی کۆن!
میدیا گۆڕاوە بۆ گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی واقیعی شێوێنەر، ئەم کارگەیە چیتر تەنیا زانیاری ناگوێزێتەوە، بەڵکو بووەتە دەزگایەکی فرەئاڵۆز بۆ شێواندنی ڕاستی.
بە وتەی فەیلەسوفی فەڕەنسی ژان بۆدریار، میدیا جیهانێکی هایپەرریاڵی دەخوڵقێنێت کە تێیدا جیاوازی نێوان راستی و نمایش لەناو دەچێت. ئەم سیمولاکرایە واقیعمان وەها دەگۆڕێت کە چیتر نازانین کامە راستەقینەیە و کامە دەستکاریکراوە.
لە سەردەمی پۆست-حەقیقەتدا، هەستەکان و بانگەشەکان زاڵن بەسەر ڕاستییە ئەزموونییەکاندا. میدیا وەک پردێک کار دەکات کە تێیدا زانیاریی ساختە بە خێرایی بڵاودەبنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پێوەرێک هەبێت، هەر کەسێک دەتوانێت بانگەشەیەک بکات و لایەنگرانی خۆی بدۆزێتەوە، بێ ئەوەی پێویست بە بەڵگەی زانستی بکات، هەر لێرەشەوەیە "حیکایەتی گەورە" دروست دەبێت و بەردەوام دەبێت، چونکە شیکەرەوەکان، رۆژنامەنووسەکان و میدیاکارەکان بوونەتە بەشێک لە و سیستەمەی کە راستی دەگۆڕێت و کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات.
یوڤاڵ نوح هەراری، "حیکایەتی گەورە" وەک چەمکێکی بنچینەیی بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی دەناسێنێت. ئەم حیکایەتانە لە ڕاستیدا ئەو باوەڕ و بیرۆکە هاوبەشانەن کە کۆمەڵگا پێکدەهێنن و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ڕێک دەخەن. هەراری جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی حیکایەتە گەورەکان بەشێوەیەکی مێژوویی دروستبوون، نەک سروشتی. واتە ئەوان بەرهەمی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و مێژووین، نەک ڕاستییەکی گەردوونی.
بۆ نموونە، چەمکەکانی وەک نەتەوە، ئایین، یان مافی مرۆڤ لە ڕاستیدا دروستکراوی مرۆڤن و بەردەوام لە گۆڕاندان.
زۆربەی حیکایەتە گەورەکان ئامرازێکن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گروپە دیاریکراوەکان. بۆ نموونە: سیستەمی سیاسیی جیهانی چۆن ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان بەکار دەهێنێت، یان ئایین چۆن دەبێتە هۆکاری کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، یان سیستەمە ئابوورییەکان چۆن بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراو دەپارێزن! ئێستاش میدیاکان فراوانترین و گەورەترین سەکۆی پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئەم حیکایەتە گەورانەن.
بەهەرحاڵ دەکرێت لەسەر میدیا و دیاردەی جۆرناڵیزم شتانی گرنگتر وترابێ بەڵام ویستم بڵێم، میدیا جێگەیەکە بۆ مشتومڕ لەسەر یارییەکان: یاری تۆپی پێ، باسکە، بالە، هەروەها جەنگ و برسیبوونی منداڵان و کارەساتە جیهانی و هەنووکەییەکان!
هەموومان بینومانە لە دوای یارییەکان یان لە نێوان هەر پشوویەکی یارییەکان، میدیاکاران مێزدەگرن و بەرامبەر یەک شیکردنەوە بۆ جوڵەی تۆپ و یاریزانەکان دەکەن.
"ئەگەر فڵان یاریزان ئەمەی بکردایە، ئەگەر لە خولەکی ئەوەندە ئەم جوڵەیە بکرابایە...و ..هتد"
لەبەرامبەردا میدیا لە جەنگ و کارەساتەکاندا هەمان وێنە دەگوازێتەوە، مێزگردەشیکەرەوەکان لەگەڵ کچێکی جوان کە بە باشترین شێوە خۆی ڕازاندووەتەوە و وەک پێشکەشکار دەردەکەوێ، لە ستۆدیۆیەکی گەرموگوڕەوە شیکردنەوە بۆ ژیانی سەدان هەزار خەڵک دەکەن.
میدیا کارەساتەکان دەگۆڕێت بۆ بەرنامەی بێهەست، بۆ شانۆگەریی بێگیان. لەو شوێنەدا کە خوێن دەڕژێت و گیانی مرۆڤەکان لە مەترسیدایە، شیکەرەوەکان بە سووکی و هەندێ جار بە تەنزەوە باسی رووداوەکان دەکەن. جەنگ و تراژیدیا دەبن بە یارییەکی وەرزشی، کە تێیدا "هەڵەکان نرخی مرۆڤایەتی دیاری دەکەن"، بەو مانایەی لە یارییەکی وەرزشیدا دەکرێت هەڵەکە لەدەستدانی گۆڵێک بێت، کەچی لە جەنگدا هەڵە لەدەستدانی هەزاران منداڵ و گەنج و پیرە!
لە جیهانێکدا کە مەرگ و کارەساتەکان بوونەتە بەشێک لە سەرگەرمیی میدیایی و ڕووداوێکی تیژتێپەڕی ڕاگوزەر، پێموایە ڕەخنەکردنی ئەقڵی میدیایی، وەستان و وردبوونەوەی زیاتری پێویستە.
سەرچاوە : هاوڵاتی