فوئاد عوسمان
ئەمڕۆ 54 ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر تاوانی كۆمەڵكوژی گوندی سۆریا، ئەو تاوانە دووەمین تاوانی رژێمی لەناوچووی بەعسە دژی گەلی كوردستان، دوای كۆمەڵكوژی ئەشكەوتی دەكان، پاش ئەوەی لە كودەتایەكی سەربازی لە عیراق دەسەڵاتیان گرتەدەست.
لەو كۆمەڵكوژییەدا تاوانبارانی بەعس 39 هاووڵاتی بێ تاوانی ئەو گوندەیان كۆمەڵكوژ كرد، 25 لەو قوربانیانە كریستیانی كلدانی بوون و 14 ش لەوانە موسڵمانی سوننە مەزهەب بوون، سەرجەمیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.
هەڵکەوتەی گوندی سۆریا
گوندی سۆریا دەكەوێتە سنووری قەزای سمێل لە دەشتی سلێڤانەیی لە ناحیەی باتیل، بە دووری پێنج كیلۆمەتر لە سێگۆشەی سنووری عیراق و سوریا و توركیا بە 10 كیلۆمەتر دووری لە دەروازەی سنووری پێشخابوور كە هەرێمی كوردستان - عیراق و سوریا بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لەو گوندەدا شوێنكەوتوانی ئایینی ئیسلام و كریستیان لە دێر زەمانەوە پێكەوە دەژین.
ساڵی 1969 لە گوندی سۆریا چی روویدا؟
لە بەرەبەیانی رۆژی 16/9/1969 مەفرەزەیەكی حزبی بەعس دەچنە ناو ئەو گوندە ئارامە و ئەو مەفرەزەیە لە سێ بارهەڵگری سەربازی و پێكابی پر لە سەرباز پێكدێت، هەروەك نەریتی لە مێژینەی ئەو گوندە بۆ رێزگرتن لە میوان و پێشوازی گەرمیان كردن و ئەوەی لەبەردەستیاندا بوو پێشكەشی میوانەكانی دەكەن.
دوای پشوودانیان ئەو مەفرەزەیە گوندەكە جێ دەهێڵن و دوای دوور كەتنەوەیان بە دووری 10 كیلۆمەتر مینێك بە یەكێ لە ئۆتۆمبێلەكاندا دەتەقێتەوە بێ ئەوەی خەڵكی ئەو گوندە زانیارییەكیان لەسەر ئەو رووداوە هەبێت و دەستیان تێیدا بێت.
دوای ئەوە ئەو مەفرەزەیە بە تووڕەییەوە دەگەڕێنەوە گوندەكە و قینی تووڕەییان بە خەڵكی ئەو گوندە دەڕێژن و تاوانێكی گەورەی كۆمەڵكوژی تێیدا دەكەن و 39 کەسی لەخەڵكی ئەو گوندە كۆمەڵكوژ دەكەن.
یەكەم كوژراوی ئەم تاوانە قەشەیەك بوو
رۆژێك بەر لەو تاوانە بۆ بەڕێوەبەردنی رێوڕەسمی ئایینی، زانایەكی ئاینی مەسیحی پایەبەرز بە پلەی قەشە سەردانی ئەو گوندە دەکات، كاتێ مەفرەزەكە بە تووڕەیەوە دەبینێت پەرتوكی پیرۆزی ئینجیل و خاچ بەڕوویان بەرز دەكاتەوە و پێیان دەڵێت: بیكەن بە خاتری خوا، خەڵكی ئەو گوندە تاوانیان نییە، بەڵام یەكەم كەس كە دەیكوژن، خاچەكەی دەستی و ئینجیلەكەی لەدەست بەردەبێتەوە و لەگەڵ قەشەكە لە گۆڕ دەندرێت.
چەند چێرۆكێك لە كۆمەڵكوژیی گوندی سۆریا
«خەمێ» پیرێژنێكی كریستیانی دانیشتووی ئەو گوندەیە و لەگەڵ رووداوەكەدا ژیاوە و زۆر بە روونی دیمەنی ئەم كۆمەڵكوژییەی بیر دێتەوە و بەمجۆرە رووداوەكە دەگێڕێتەوە، «بەرەبەیان ئەو سوپایەی رژێمی بەعس هاتنە گوندەكەمان، میوانداریمان كردن ناو و چاو و ماستی بەیانیانمان بۆ دانان و فراوینیان خوارد، وەك نەریتی گوندەكەمان هەم مەسیحی و هەمیش موسوڵمانەكان رێزی زۆرمان لێگرتن بێ ئەوەی بزانین چی روو دەدات، پاش رۆیشتنیان لە گوندەكە بە كاتێكی كەم گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بوو، نەمانزانی چی بوو، بەڵام هێزەكە گەڕایەوە ناو گوندەكەمان، تووڕەیی بە هەڵسوكەوتیانەوە دیار بوو ، خەڵكی گوندیان كۆكردەوە لە كادێنێكی گوندەكە كۆیان كردینەوە و تەقەیان لێكردین و ئیتر قیامەت هەستا و قیژە و هاوار بەرز بۆوە.
خەمێ دەڵێت:»رۆژێك پێشتر لە رووداوەكە زانایەكی پایەبەرزی مەسیحی سەردانی گوندەكەمانی كردبوو، بەمەبەستی رێگریكردن لە قەتڵوعامكردنی ئەو خەڵكە بێ گوناهە ئەو قەشەیە خاچ و ئینجیلی بەرز كردەوە و داوای لێكردن ئەو تاوانە نەكەن و خوێنی ئەو خەڵكە بێ گوناهە نەڕێژن لەبەر ئەوەی بێ تاوانن، بەڵام ئەو تاوانبارانە دڵڕەقانە و بێ گوێدانە پیرۆزی ئینجیل و خاچی پیرۆز یەكەم كەس كە كوشتیان ئەو قەشەیە بوو، خاچ و ئینجیل لەدەستی بەربۆوە ، ئەو دیمەنە بۆ ئێمەی مەسیحی دیمەنێكی هەتا بڵێی ناخۆش و جەرگبڕ بوو، لەبەر ئەوەی تا ئەوكاتە دڵڕەقی لە شێوەی ئەو تاوانبارانەمان نەبینیبوو. دواتر موختار و كوڕ و كچی موختاریان كوشت كە مەسیحی بوون، پاشان خەڵكی گوندەكەی ئەوەی بەركەوت كوژرا و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون، خەڵكێكی كەم بە ئیرادەی خوا رزگاریان بوو، تاكو ببنە شایەتحاڵی ئەو تاوانە گەورەیە. دوای ئەو رووداوە بە رۆژێك لە دوو گۆڕی بەكۆمەڵ موسوڵمانەكان بەجیا و ئێمەی مەسیحیش بەجیا قوربانییەكانمان شاردەوە و ئێمە لەسەر گۆڕەكان ژوورێكی كۆنكرێتیمان دروستكرد و خاچمان لەسەر چەقاندن وەكو ئاماژەیەك بۆ گۆڕی مەسیحیەكان، هەروەها مسوڵمانەكانیش بە نەریتی خۆیان قوربانییەكانیان لە نزیك ئێمە شاردەوە.»
دوای كوشتن ئاگریان دان
«ئادەم یونان» رزگاربوویەكی تری ئەو كۆمەڵكوژییە دەڵێت: پیاوانی بەعس بە سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتنە ناو گوندەكەمان هەموویان جلی مغاویریان لەبەر بوو ، دوای گەڕانەوەیان خەڵكی گوندەكەیان لە كادێنێكی گوندەكە كۆكردەوە و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی گوللەبارانیان كردین، دواتر ئاگریان تێبەردان ئەوەی كوژرا، كوژرا و ژمارەیەك بریندار بوون، هەندێكیشمان رزگارمان بوو .
بانگی مزگەوت و زەنگوری كەنیسە تێكەڵ دەبوون
حەسەن محەمەد موسوڵمانێكی دانیشتووی گوندی سۆریایە و یەكێكە لە رزگاربووەكانی رووداوەكە دەڵێت: ئێمە وەكو موسوڵمان و مەسیحی وەكو برا بە تەبایی و بێ هیچ گرفتێك لەو گوندەدا دەژیاین، تاڵ و شیرینیمان لەگەڵ یەكتری بەش دەكرد و لەو تاوانەدا منداڵ وپیر و ژن و پیاو لە هەردوو شوێنكەوتوانی مەسیح و موسوڵمان خوێنیان تێكەڵ بەیەك بوو، دەنگی بانگی مزگەوت و زەنگوری كەنیسە تێكەڵ بوون.»
حەسەن محەمەد گوتیشی:» ئەو رۆژە دیمەنی وامبینی بەردی دەتواندەوە، ئەوەندە جەرگبڕ بوون، لەنێو قوربانییەكاندا منداڵی ساوا و پیرە مێردی بەساڵاچوو و ژنان، هاواریان دەچووە عەرشی پەروەردگار، ئێستاش دیمەنی ئەو منداڵە ساوایەم لەبەرچاو لاناچێ كە لەناو لانكەیەوە هاوار و گریان و دەنگی جیهانی داگرتبوو، دایكی جەستەی بەسەردا هێنابوو تاكو نەسوتێ، بەڵام بەداخەوە هەردووكیان سووتان.
«ئالیكس» شوێنكەوتووی ئاینی مەسیحییە، وەك شایەتەحاڵێك دەڵێت: ئەو رۆژە قەشە میوانی ئێمە بوو، شەوەكەی رێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە برد. بەر لە كۆمەڵكوژییەكە قەشە ئینجیلی و خاچی بەڕووی تاوانباران بەرز كردەوە داوای بەزەیی لێكردن تاكو كوشتار و خوێن رشتن لە خەڵكی گوندەكە دوور بخاتەوە و تاوانی وا نەكەن، بەڵام ئەوانە بێویژدان بوون و گوێیان لێنەگرت و گوللەبارانیان كرد بەر لە خەڵكەكەی تر، ئینجا دەستڕێژی گوللەیان لە خەڵكەكە كرد و ئەو تاوانە گەورەیان كرد.»
قیامەتێك بوو بۆ خۆی
هەیبەت شاكر موسلمانێكی ژنی رزگاربووی ئەو رووداوەیە ساتەوەختی سووتاندنی كادینەكەی (كۆتانەكەی) بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: دوای ئەوەی دەستڕێژی گوللەیان لە خەڵكەكە كرد، باشم لەبیرە، ئەوكاتە منداڵ بووم لەگەڵ دایكم بووم كراسەكەی دایكمم گرتبوو ئاگریان لە كۆتانەكە بەردا زۆر دەترسام، ئەودەمە هەستم كرد ئاگر خەریكە چواردەوورم دەدات، هاوارم دەكرد دایكە قاچم سووتا، قاچم سووتا، لەبەر ژانی سووتانەكەم رامكردە دەرەوەی كادینەكە، سوپاس بۆ یەزدان رزگارم بوو، تاكو ببمە شایەتحاڵی ئەو تاوانە گەورەیە.»
باسی لەوەشكرد:» كۆمەڵكوژییەك بوو وەسف ناكرێت، كەس ناتوانێك بەوردی ناوەڕۆكەكەی بگێڕێتەوە تەنها ئەوە نەبێت كە قیامەتێك بوو بەسەر ئەو گوندەدا هات.
عومەر مونیر ئەوكاتە منداڵ بوو، رووداوەكەی لەبیرە و دەڵێت : لەو كۆمەڵكوژییەدا دوو برام شەهید بوون، دایكیشم لەبەر ئەو تاوانە عەقڵی لەدەستداوە و شێت بووە.
عومەر باس لەوەش دەكات دوای ئەوەی بەعسییەكان كادینەكەی ئاگردا دایكم هەردوو برا جمكەكەمی دەرباز كرد تا دووریان بخاتەوە بۆ دەرەوەی گوندەكە، بەڵام لەگەڵ تاریكبووندا گورگ یەكێکیانی خوارد و دەستێكی براكەی تریشمی برد و هەردوو کیان مردن، دایكم ئیتر شێت بوو، لەوكاتەوە دایكم رۆژانە دەچێتە شوێنی رووداوەكە و بە درێژایی رۆژ لەوێ دەمێنێتەوە و هەتا شەكەت دەبێ دەمێنێتەوە و پاشان بۆ گوندەكە دەگەڕێتەوە.
چۆن شوێنی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە دۆزرایەوە؟
بەهۆی دروستكردنی بەنداوی موێل لە سنووری گوندی سۆریا كە هەردوو گۆڕی بە كۆمەڵی موسوڵمان و مەسیحییەكانی لێبوو، ژێر ئاو كەوتبوو، خەڵكی گوندەكە بە دووری چەند كیلومەترێك گوندیان بنیاد نابۆوە جارێكی تر كەنیسە و مزگەوتیان لێ دروست كردەوە.
دوای تێپەربوونی دەیان ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی فورات ئاسەواری گوندە كۆنەكە بەدیار كەوت، لەگەڵ دروست بوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان تیمێكی هاوبەشی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و پزیشكی دادی هەرێم بەسەرپەرشتی دكتور یاسین ئەمین سەردانی گوندەكەی كرد گوێیان لە قسەی خەڵكەكە راگرت، تا شوێنی راستەقینەی گۆڕەكە دیاری بكەن
چۆن گوندەكە دیاری كرا؟
«خەمێ» ئەو ژنە كریستیانە، ئەوكاتی جۆنییەكی دەبێت كە بۆ كوتانی گەنم و ساوار بەكاری دەهێنا كاتی شاردنەوەی قوربانییەكان خەمێ ئاراستە و دووریی لە ماڵەكەیەوە دیاری كردبوو دوای ئەوەی جۆنیەكە دۆزرایەوە، توانرا شوێنی گۆڕەكان دیاری بكرێت و لەلایەن تیمی تایبەت بەپێی یاسا و نەریتەكانی ئەو سنوورە گۆڕەكان هەڵدرانەوە و روفاتەكان بۆ پزیشكی دادی هەولێر گواسترانەوە.
لە پزیشكی داد چیان بۆ كرا؟
دكتور یاسین كەریم بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشكی دادی هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتی هەڵدانەوەی گۆڕەكان و وەرگرتنی نموونەی ئێسكی قوربانییەكانی كرد دەڵێت: دوای گواستنەوەی روفاتەكان بۆ پزیشكی دادی تیمێكی پزیشكی دادی دەستیان كرد بە جیاكردنەوەی ئێسك و پروسكی قوربانیان ئینجا رەگەز و تەمەنی قوربانییەكان دیاری كران.
چونكە مەسیحیەكان بەجیا و موسوڵمانەكان بەجیا نێژرابوون بە ئاسانی توانیمان لێكیان جیا بكەینەوە 25 قوربانی مەسیحی بوون و 14یان موسڵمان بوون.
هەروەك هەندێ پێداویستی كەسی لەناو گۆڕەكاندا دۆزرانەوە لەوانە خاچێكی گەورە كە دواتر زانیمان هی ئەو قەشەیە بووە كە یەكەم كەس گوللەباران كراوە ،چەند خەناوكە خاچ كە گوتیان هی كچی موختار بووە، لەگەڵ خەناوكە و گوارەی زێڕ و جل و بەرگ كە هەموویان پارێزراون و هیوادارم بتوانین لە داهاتوودا لە مۆزەخانەیەكی نیشتمانی نیشانی جیهانی بدەین.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ