رەشید خەلیل بێرسیاڤی
بەرەبەیانی دەستگیرکردنیان سرووشتێکی تراژیدیایی هەیە، ساتی راگواستنیان سیمبۆلی رووحانی و خۆڕاگرییە، زیندەبەچاڵکردنییان بەریەککەوتنی دوو زەمەنی جیاوازی بەرائەت و تاوانکارییە، بە پرەنسیپێکی تەژی لە عەقیدە و ترادسیۆنەکانی بارزان، هەنگاو بەرەو مەرگ دەنێن، تارماییەک بوو هەرگیز کاڵ نابێتەوە، لەناو خەیاڵماندا بۆ هەمیشە هەوارگەی داداوە و ئامادەیە، لەناو یادەوەریماندا بۆ ئەبەد زیندووە، لە دۆخی مۆتەکەدا بە قەتیسکراوی بەجێیان هێشتین و بۆ هەروهەر لەچاوەڕوانیدا بەندەواریان کردین .
جینۆساید کردەیەکە بۆ لەناوبردنی کۆ، یاخود بەشێک لە کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی، لەڕووی نیشتمانی و رەگەزی و نەتەوەیی و ئاینییەوە، دژ بە هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤە.
جینۆسایدی بارزانییەکان یەکێک بوو لە دڕندانەترین و مەزنترین تاوان، کە لە سەدەی رابردوو، لەلایەن رژێمی بەعسەوە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا.
هەرچەندە فەلسەفەی سەرەكی دەسەڵاتی بەعس مرۆڤکوشتن و راگواستن بووە، چەوساندنەوە و داپڵۆسین بەشێکی دانەبڕاوی کلتووری ئەوان بووە، بکەرانی لە هەناوی جیهانێکی بەدەوی و فاشی لەدایکبوون، لە قوتابخانەی عەفلەقەوە پەروەردە بوون، بەڵام جینۆسایدی بارزانییەکان وێنەیەکی جیاوازتری هەیە، زنجیرە رامانێکی مەزنتر لەخۆدەگرێت، هەڵگری چەندین رەهەندی سیمبۆلییە، بە ساناهی ناخرێتە ناو مێژووەوە، رووخساری قوربانییەکان گوزارشت لە پاکی و بێگوناهیان دەکرد، هێشتا لە سەردەمی لەدایکبوونیانەوە دەژیان، ئەوان شەهیدی جەنگ نەبوون، دیلی رووبەڕووبوونەوەی سەنگەری دوژمن نەبوون، خەونیان گەڕانەوە بوو بۆ زێدی خۆیان، نەک راگواستن و زیندە بەچاڵکردنیان لە بیابانەکان، حەزیان لە بۆنی داربەڕووەکان و سرووشتی خۆڕسکی بارزان بوو، نەک خاک و خۆڵی بەڕیستانی پێ پەتییەکان.
ئاخۆ، دەبێت لە دیدی بەعس و بەعسیزمەوە، کوردبوون چ تاوانێکی گەورە بووە و بێت؟، بارزانیبوون چ گوناهێکی بێوێنە بێت لە جیهانی بۆگەنی خۆیاندا ؟. بەعس دڵنیابوو ناتوانێت رووبەڕووی هێزێکی شۆڕشگێڕی خاوەن عەقیدەیەکی پۆڵایین ببێتەوە، بۆیە لە پرۆسەیەکی درێژخایەن و پیلان بۆداڕێژراودا، پەنای بردە بەر راگواستنی بارزانییەکان و کۆکردنەوەیان لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا، تاکو بتوانێت بە ئاسانی دەستگیریان بکات. خاپوور کردنی گوندەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، بەشێکی تری پیلانەکەیان بوو، سەرەنجام تاکی کوردی لە وەبەرهێنەوە گۆڕی بۆ بەکاربەر و بەرخۆر.
جینۆسایدی بارزانییەکان هەر تەنھا بریتی نییە لەناوبردنی فیزیكی چەند بوونەوەرێکی بێتاوان، تەنها لەم سیاقەدا كورت ناكرێتەوە، بەڵکوو لە کڕۆکدا باكگراوەندێكی ترسناكتری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، چونکە چەمكی فاشیست و تۆتالیتاریزم لە بەعسدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە پرۆسەی ئەنفال رەھەندێكی قووڵتر و خوێندنەوەیەكی وردتری گەرەكە، پرۆسەكە ھەوڵێك بوو بۆ سڕینەوەی شوناس و شێواندنی ناسنامە و لەناوبردنی زمان و كلتووری كورد، لە پاش ئەنفال فانتازیایەك ئامادەیە، دەروونی كورد تێك دەشكێنێت، مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت لە ئاكار دادەماڵڕێت، ماسک و قاوغەکانی مۆڕال لە رووخساری رێکخراوی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای دیموکراسی دادەماڵێت، ژینگەو مرۆڤ چیتر دۆستی یەكتر نین، ئەنفال مێژووی ئێمە دەكات بە مێژووی سەردەمێکی تر و لۆژیكی لێسەندنەوەی ژیان. کۆمەڵگازۆرەملێیەکان دەکات بە زیندان و ژیانی کەسوکارەکانیشیان دەکات بە گۆڕستان، کە هێشتا زیندوون و هەناسە دەدەن.
بەعس رووخا، بەعسیزم بە فۆرمێكی تر بوونی ھەیە و پێناسە دەكرێتەوە، بە شێوازێكی تر دێتە ناومان، بۆیە زیاتر لە ھەموو كاتێك پێویستیمان بە مرۆڤسازی و كلتوورسازی ھەیە، کەسوکاریان جگە لە سێکتەری ئابووری، پێویستیان بە کۆی پێداویستی کایەکانی تری ژیان هەیە.
سەرچاوە : سپی میدیا