تەنها لێرە بڕۆم..

ئاواتەخوازم لێرە ڕاکەم ..

تەنها کوخێکی بچووکم هەبێ  لە دەشتێکدا  کە دەڕوانێتە سەرچەمێکی جوان و خاوێن، هەرکاتێک هەستم بە ناڕەحەتی و بێزاری کرد لە کەسە نزیکە کانی دەورم ، ڕادەکەم بۆئەوێ .. خۆم لەناویدا زیندانی ناکەم مەگەر پێش ئەوەی بخەوم بۆ دیالۆگێکی ڕاستگۆ  لەگەڵ خۆم! 
ئاواتمە بەدرێژایی ڕۆژ لەبەردەمیدا دابنیشم بۆ ئەوەی  لە سانایی سروشتی وێنەکێشراوبە مێرگ ودەوەن و درەخت وسەوزەگیای سێبەرەکان وەگرم ..

دەمەوێ  بە دەنگی  کەڵەشێرو مریشک وجوجەڵەکانیان ،بەوەڕنی سەگی دوای مەڕەکان چێژلە ئارامییە نایابەکان وەربگرم، ئەوسا هەست بە دڵخۆشی و وزە و گەشبینی دەکەم و دەنگی خوڕەی ئاوی سازگار وا دەکات هەست بە ئارامی و پاکی بکەم و بینینی گوڵ و سەوزایش لادەبەن گشت خەم و نیگەرانم .. بەڕاستی مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر زۆر بێزارکەر و بە قسە و قسەڵۆک و دەستدرێژی و ،بەخۆبەزلزانینی ناشیرین تایبەتمەندە..
 ئەمانەیە وا دەکات تا ڕادەیەکی زۆرئەمڕۆ هەست بە بێزاری و ماندووبوون دەکەم،تەنها دەمەوێ لێرە ڕاکەم ..