تەنها ئەو کەسەی تورکە بەختەوەرە ..

تەنها ئەو کەسەی تورکە بەختەوەرە..

ئەمە ناونیشانی ئەو کتیێبەیە کە لە لایەن نوسەر و ڕۆژنامەوان (کوردۆ باکسی) وە بە زمانی سویدی نوسراوە و لە مانگی ئازاری 2023 دا کەوتە بازاڕەوە. کۆردۆ باکسی خەڵکی کوردستانی باکورە و زیاتر لە چل ساڵە لە سوید دەژی.

ناونیشانی کتێبەکە زۆر سەرنج ڕاکێشە و ئەگەر مرؤڤ پێچەوانەکەی وەرگرێت، واتە هەموو نەتەوەکانی تر بەدبەخت و چارەڕەشن. بە ڕای من ئەم کتێبە شایانی خوێندنەوەیە. 

پاش داگیرکردنی ئوکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە و لەو کاتەوە کە سوید داوای بوون بە ئەندامێتی لە ڕیکخراوی سەربازی (ناتۆ) دا کرد، نەک تەنها میدیاکانی سوید بەڵکوو میدیا جیئهانیەکانیش زۆر زیاتر لە جاران باسی تورکیا و ئەردوگان دەکەن. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەردوگان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داخوازییەکەی سوید دەربڕی چونکە ئەو پێی وایە کە سوید ئەو مەرجانە جێبەجێ ناکات کە هەردوو وڵاتەکە ساڵی پار لە سەری ڕێکەووتن کاتێک وەزیری دەرەوەی سوید و تورکیا واژووی ئەو ڕێکەوتننامەیان کرد. بە ڕاستی دەرچوونی ئەم کتێبە لەم کاتەدا گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە سوید هەرگیز وەک ئێستا بایەخی بە تورکیا و ئەردۆگان نەداوە. نوسەر لە کتێبەکەیدا تیشکی خستۆتە سەر زۆر بابەتی گرنگ لە سەر تورکیا لە وانە: مێژوو، سیاسەت، ئەقڵیەت و شێوەی بیرکردنەوەی تورک و سیستەمی خوێندن و پەروەردە و پەیوەندی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی تردا. بە گوێرەی شرۆڤەی نوسەر وڵاتی تورکیا لە سەر بنەمای چەند درۆیەک بنیات نراوە و پێی وایە کە مرۆڤ ناتوانیت پێناسەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ سیستەمی بەڕێوەبردن لەو وڵاتەدا. سەیرترین دیاردە ئەوەیە کە فەرمانڕەواکانی تورکیا، جا سوڵتان یان سەرەکوەزیران یان سەرکۆمار بن، لە هەموو سەردەمێکدا هەڵوێست و باری سەرنجیان بەرامبەر نەتەوەکان تری وەک  کورد و ئەرمەنی و ئاسوری و سریانی نەگۆڕدراوە و بە تایبەتی بەرامبەر بە میللەتی کورد و کێشە نەتەوایەتیەکەی. لەگەڵ جیاوازی پارتە سیاسیە تورکیەکان، لەم سەری ڕاستەوە بۆ ئەو سەری چەپ، هەمیشە لەسەر کێشەی کورد هاوڕاو و یەک هەڵوێست بوون و هەر هەمویان یەک سیاسەت پەیڕەو دەکەن، ئەویش نکؤڵی کردنی بوونی نەتەوەیەکە بە ناوی کورد. یەکێک لە پرسیارەکانی نوسەر ئەمەیە: ئایا تورکیا بەرەو کوێ دەڕوات؟ بابەتێکی تر کە جێی تیاڕامانە ئەوەیە کە حوکمەتی تورکیا و سەرۆکەکەی سیاسەتێکی پێکناکۆک و دوو فاقە پەیڕەو دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە ئەردۆگان هەمیشە خۆی وەک موسوڵمانێکی ڕاستگۆ دەردەخات کە ئامادەیە بەرگری لە هەموو پیرۆزییەکی ئیسلام بکات و یارمەتی موسوڵمانان بدات وە وەک سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانی خەونی زیندووکردنەوەی خەلافەتی هەیە. یەکێک لە دروشمەکانی ئەردۆگان ئەوەیە کە دەڵێت: پشتگیریی هەموو موسوڵمانێکی چەوساوە دەکەم لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بێت. ئەگەر ئاین پێوەر بێت بۆ سیاسەتی ئەردۆگان، وا ئەم دروشمە باشترین نموونەی درۆی شاخدارە و سیاسەتی دوو فاقیە چونکە ئەو (کورد) کە موسوڵمانی ناو ووڵاتەکەی خۆیەتی دەچەوسێنێتەوە و ستەمیان لێدەکات. سەیر لە وەدایە کە حکومەتی تورکیا هەمیشە لەسەر تورک و تورکمان و هەموو ئەو کەمایەتیانەی خۆیان بە نەوەی تورکەکان دەزانن دێتە دەنگ و وەک پارێزەرێک ڕاست دەبێتەوە و بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکاری مافەکەنیان دەکات لە هەر ووڵاتێک بن، بەڵام کەس بۆی نیە لە سەر کێشەی کورد ڕەخنە لە خۆیان بگرێت چونکە سیاسەتی نکۆڵیکردن بۆ ئەوان ڕەوایە و هەموو کەس لە تورکیا بە تورک پێناسە کراوە.

کۆردۆ باکسی ئاماژە بەوە دەکات کاتێک دەستی بە خوێندن کردووە لە قۆناخی سەرەتایی، دەبوایە هەموو خوێندکارەکان ئەم دروشمە بە یەک دەنگ بڵینەوە: تەنها ئەو کەسەی تورکە بەختەوەرە. درۆیەکی تریان ئەم دروشمەیە: ئاشتی لە تورکیا، ئاشتیە بۆ هەموو جیهان. ڕەنگە تورکیا ئەگەر یەکەم ووڵات نەبێت یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە بە بەردەوامیی دژ بە ئاشتی بووە، بەڵگەش بۆ ئەمە هێرشی ناڕەوا و بەردەوامیەتی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان نەک هەر لە ناو کوردستانی باکور بەڵکوو لە کوردستانی باشور و ڕۆژئاواش کە دەکەونە عێراق و سوریاوە. زوو زوو لە میدیاکانەوە دەنگوباسی هیرشەکانی تورکیا دەبیستین بۆ سەر باشور و ڕؤژئاوا. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا هەموو ئازادیخواز و تێکۆشەرێک کە بەرگری لە میللەتی کورد و خاکی کوردستان دەکات بە تیرۆریست دەداتە قەڵەم، تەنانەت ئەوانەش کە نە ئەندامی پارتێکی سیسین وە نە پەیوەندیان بە پارتە سیاسەکانەوە هەیە، چونکە ئەوان هەموو تاکێکی کورد (بێجگە لە پیاوەکانی خۆیان) بە تێرۆریست دا دەنێن. من دڵنیام لەوەی کە ئەوانەی حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ بە پیاوچاک ناویان دەبات تەمەنی درێژیان تا ئەو کاتەیە کە تورکەکان بە مەبەستی خۆیان دەگەن و ئیشیان پێیان نامێنێت، پاشان ئەوانیش لە تێرۆریست خراپتر مامەڵە دەکرێن.

لە بە ڕۆشنایی زانیارییەکانی ئەم کتێبە، بە پێویستی دەزانم ڕا و باری سەرنجی خۆم دەربڕم و ئەویش ئەوەیە کە دیپلۆماسیەتی تورکی لە هەموو سەردەمەکاندا سەرکەووتوو بووە و زۆربەی جار، ئەگەر نەڵێم هەموو جارێک، تورکەکان مەبەستی خۆیان پێکاوە و بە دەسکەوتی زۆر باشەوە گەڕاونەتەوە، ئەگەر چی زۆر جار لایەنی بەرامبەر لەسەر هەقیش بوو بێت. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان هەمیشە کەسانی شارەزا و بە ئەزمونیان ناردووە بۆ ووتوێژ لەگەڵ وڵاتنی تردا و هەردەم پێداگریان کردووە لەسەر داخوازیەکانیان. بێگومان نمونە گەلێک زۆرە، بەڵام من لێرەدا تەنها دوو نمونە دەهێنمەوە کە یەکێکیان کۆنە و ئەوی تریان هی ئەم سەردەمەیە. کاتێک دواسوڵتانی عوسمانی بە ناچاری بە پەیمانی ئاشتی سیڤەری ساڵی  1920 ڕازی بوو، هەندێک لە تورکە ناسیونالیستەکان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و کەوتنە جموجوڵ تا ساڵی 1923 کاتێک ئەتاتورک کؤماری تورکیای ڕاگەیاند و توانی وڵاتانی هاوپەیمانی ڕازی بکات و ڕێکەتننامەیەکی نوێیان  واژوو کرد کە بە (پەیمانی لوزان) ناسراوە و ئەو پەیماننامەیە بوو کە خەونی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی زیندە بە چاڵ کرد وە ئەوەش بێگومان مەبەستی سەرەکی ئەتاتورک بوو. نمونەی دووەم چۆنیەتی مامەڵەی ئەردۆگانە لەگەڵ فنلەندە و سوید کاتێک هەردوو وڵات پێکەوە بڕیاریان دا ببن بە ئەندام لە ناتۆدا. سەرەکوەزیرانی سوید و فنلەندە لە ماوەی ساڵێکدا بە بەردەوامی دەیانووت - پیکەوە و دەست لە ناو دەست - دەچینە نا ناتۆوە و کەسمان دەستبەردرای ئەویتر نابێت، ئەردۆگانیش هەمیشە پێیدەووتن کە ئەو بڕیارە لە دەستی ئەودایە و توانیشی قسەی خۆی بەرێتە سەر و ئەو باوەڕبەخۆ بوون و هاوپەیمانیەی سوید و فنلەندەی هەڵوەشاندەوە کاتێک فنلەندە لە ڕۆژی 5  نیسانی 2023 بە تەنیا بوو بە ئەندام. ئەردۆگان هێشتا وازی نەهێناوە هەموو حەفتەیەک مەرجی قورستر بۆ سوید دادەنێت و دەیەوێت وا لەم حکومەتە بکات کە بڕیاری ئەو لە سەروو یاسای سویدەوەیە بێت، چونکە ڕاشکاوانە و زۆر بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بەرامبەر بە یەکێک لە هەرە بنەما دیموکراتیەکانی سوید دەربڕیوە ئەویش (یاسای ئازادی ڕادەربڕین)ە. 

لە کۆتایدا دەڵێم: با چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی تورکیا بکەین کە بڕیارە لە مانگی مایسی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت، هەر چەندە وەک دەووترێت: گرنگ ئەوە نیە تۆ دەنگ بە کێ دەدەیت، گرنگ ئەوەیە کێ دەنگەکان دەبژێرێت.