کتێبی تیۆری ریالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تێزی نامەی دکتۆرای( ئەنور محەمەد فەرەج) لێکۆلێنەوەیەکی رەخنەیی و بەراوردکارییە لەبەر رۆشنایی تیۆرە هاوچەرخەکاندا. لەبەر گرنگی ناوەڕۆکی بابەتەکانی نێو کتێبەکە، بۆ خوێندنەوەی هەلومەرجی سیاسی جیهانی ئەمڕۆ، بۆیە خستنەڕووی بایەخ و رانانی کتێبەکە بە گرنگ و پێویستم زانی.
ئەم کتێبە پێکهاتووە لە پێنچ دەروازەی سەرەکی و (431) لاپەڕەیە و لەلایەن د.خەلیل کەریم محەمەد و مامۆستا ئەحمەد عەلی ئەحمەد وەرگێڕاوەو دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان چاپی کردووە.
هەڵبەتە لە جیهانی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەییەکاندا رێباز و تیۆری ریالیزم بە یەکێک لە تیۆرییە بنچینەیی و سەرەکی و باوەکانی دادەنرێت. ئێستا کە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و کێشە و ئاڵۆزییەکان و ناوچەکەی ئێمەش لە بەردەم ئاڵۆزیی و مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی دەوڵەتان داین، بۆ خوێندنەوە و پێشبینی و گریمانەکان پشت بە تیۆری ریالیزم دەبەستێت، واتە تا ئەم ساتەوەختە ریالیزم لە پێشەوەی تیۆرەکانی (لیبرالیزم.،تەقلیدی، ئینگلیزی و رادیکاڵی..) دایە
ئەدەبیاتی تیۆری ریالیزم
نووسەر لەپێشەکی تێزەکەدا دەڵێت: ئەدەبیاتی تیۆری ریالیزم لەڕووی مێژووییەوە هەر لە رابردوویەکی دوورەوە بڵاوبۆتەوە، بە شێوەیەک دەکرێت گریمانەکانی هەر لە مێژوونووسی یۆنانی» تیوسیدیدس» وە، لە کتێبەکانییەوە دەربارەی جەنگەکانی» پیلۆپۆنیزی»هەست پێبکرێت، لە چاخی نوێدا و لە سەدەی شانزەوە بە دیارییکراوی لە سەردەمی «ماکیاڤیلی» یەوە تیۆری ریالیزم باڵی کێشا بوو بەسەر دیبەیتی نێوان بیرمەندە خۆرئاواییەکاندا، تەنانەت وایلێهات، کە کەلتوری ریالیزم و میراتەکەی بوون بە خاڵی رەهابوونی ناوەندی لە تیۆر و پراکتیکدا بۆ هاوبەشییەکانی خۆرئاوا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.
پێگەی تیۆر
دەروازەی یەکەم تایبەتە بە پێگەی تیۆر و پارادایم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. نووسەر ئەو پرسیارە دەکات و دەڵێت: «بۆچی زانایانی سەر بە زانستە کۆمەڵایەییەکان لە پێشبینیکردنی چۆنیەتی پەرەسەندنی رووداوێکی دیاریکراودا توشی بەربەست و بارگرانی دێن» ؟
لە باسی یەکەمدا : تیۆر پێناسەکەی، رەگەزەکانی، ئەرکەکەیی و پەیوەندی بە واقیعەوە. لەم باسەدا لەڕوانگەی بیرمەندان و شارەزایانەوە پێناسە و رەگەز و ئەرکەکانی تیۆر شرۆڤە دەکات، بۆ نموونە «عەلی محەمەد شمبس» پێناسەی تیۆر دەکات و «دەڵێت: ئەوەی پێی دەڵێن تێۆر بریتییە لە هەر کۆمەڵەیەک لە وتار و گریمانەی دانراو لەلایەن مرۆڤەوە، ئەوە ئەو گوزارشتانانەن کە دەکرێت مشتومڕیان لەسەر بکرێت و ئەوەش بدۆزێتەوە کە پووچەڵیان دەکاتەوە» هەروەها ئەرک و تیۆر دەخاتەڕوو.» لە درێژەی باسەکەدا بە وردی رەهەند و لایەن و میتود و بنچینەکانی تێۆر دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
فەلسەفەی زانست
لە باسی دووەمی تیۆردا تیشک دەخاتە سەر تێۆر و بەشدارییەکانی فەلسەفەی زانست بەتایبەتی هێما بۆ تێزی کارل پۆپەر ساغکردنەوەو بۆ درۆخستنەوە و لاکاتۆش و پڕۆگرامی توێژینەوەی زانستی و تۆماس کۆن و پارادایم.
تیۆرییەکان لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا
بەشی سێیەمی تەرخانە بۆ پارادایم و دیبەیتە تیۆرییەکان لە پەیوەندیی نێودەوڵەتییدا. لەم بەشەدا توێژەر هێما بۆ چەند مۆدیلی یەک بە دوایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە لە سێ جۆری مشتومڕ دەرکەوتووە:
یەکەم/ مشتومڕی نێوان ئایدیالیستی و ریالیستی.
دووەم/مشتومڕی نەرێتی و رەفتاریی.
سێیەم/ لە نێوان دانراو و دوای دانراو.
رەفتارگەرایی
لە باسی دووەمدا، دێته سەر بابەتی رەفتارگەرایی وەک پارادایمێک کە خۆی لە چەند داخوازییدا فۆرمەڵە بوو. داخوازی یەکەم بریتییە، لە دیبەیتی نێوان تەقلیدگەرایی و رەفتارگەرایی. دووەم. قسەکردن لەسەر پارادایمی رەفتارگەرایی و بەراوردکاری نێوان پارادایمی تەقلیدگەرایی هەروەها لە داخوازییەکانی سێیەم تیشک دەخاتە سەر تەنگەژەی مۆدیلی رەفتارگەرایی و لە داخوازی چوارەمدا دەرکەوتنی دوای رەفتاگەرایی وەک جێگرەوەی رەفتارگەریی.
دەروازەی دووەم، تایبەتە بە خستنەڕووی ریالیزم وەک پارادایمێک بۆ لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەوردی رەگ و ریشە فەلسەفییەکانی پارادایمی ریالیزمی شی دەکاتەوە و لە روانگەی تێزی فەیلەسوف و فیکر و میتۆدی ریالیزمەوە شەنوکەوی ورد و هەمەلایەنی کردووه.
ریالیستی کلاسیکی
لە بەشی دوومدا لەسەر ریالیستی کلاسیکی وەک پارادایم و خوێندنەوە دۆخی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بنەما و تێگەیشتنی ئەم پارادایمە دەخاتە پێش چاو.
دەروازەی سێیەم، تەرخانە بۆ ئابووری سیاسی نێودەوڵەتی و تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی، بەشی یەکەمی دیاریکراوە بۆ باس و خواستی لیبرالیزم وەک پارادایمێک بۆ لێکۆلێنەوەی پەیوەندی نێودەوڵەتی و رەهەند و لێکەوتە و دەرەنجامی پارادایمی لیبرالزم و لە بواری ئابووری سیاسی و کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رووندەکاتەوە.
بەشی دووەمی ئەم دەروازەییە لەژێر ناونیشانی پارادایمی رادیکاڵی بۆ لێکۆلێنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و میتۆدی رادیکاڵی و مارکسی .
ریالیزم و لیبرالیزم
دەروازەی چوارەم، دیبەیت و دەروازە نوێیەکان بۆ لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان ئەم دەروازەیە کورت بۆتەوە لەسەر باسکردنی هاوبەشییه نوێیەکان بۆ هەریەک لە ریالیزم و لیبرالیزم لە لایەکەوە و گرنگترین ئاڕاستە نوێیەکان بۆ لێکۆڵینەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی وەک بوانیادگەری کۆمەڵایەتی و تیۆری رەخنەیی و فیمینیزم.
بەشی سێیەم، دەروازە نوێیەکان لە لێکۆڵینەوەی پەیوندییەکاندا، لەم دەروازەییەدا سێ باسی گرنگی خستۆتە نێو لێکۆڵینەوەکەوە باسی یەکەم. تایبەتە بە دەروازەی بونیادی کۆمەڵایەتی ئەوەش خۆی لە چوار داخوازی بنەڕەتی دەبیێتەوە:
یەکەم: داخوازی یەکەم تیشک دەخاتە سەر بونیادێتی کۆمەڵایەتی و رەخنەگرتن لە تیۆرەکانی تر.
دووەم: داخوازی بونیادگەریی و کێشەیی و بریکار/ پەیکەر.
سێیەم: داخوازی بونیادگەریی کۆمەڵایەتی و ئەنارکیی نێودەوڵەتی.
چوارەم: داخوازی بونیادگەرایی کۆمەڵایەتی و پێکهاتنی شوناس و بەهاو ئایدیاکان.
باسی دووەم، لە تیۆری رەخنەیی بێگومان ئەمەش خۆی لە چوار داخوازیی دەبینێتەوە کە بریتین:
یەکەم: قوتابخانەی فرانکفۆرت بناغەی فەلسەفیی تیۆری رەخنەیی.
دووەم: تیۆری رەخنەیی و فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم.
سێیەم: تیۆری رەخنەیی و دەوڵەتی نوێ.
چوارەم: تیۆری رەخنەیی لە بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتییدا.
دەروازەی فیمینیزم
باسی سێیەم کۆتایی کتێبەکە. دەروازەی فیمینیزم. برتییە لە سێ داخوازی:
یەکەم: پێناسەی فیمینیزم.
دووم: ئاڕاستەکانی بزووتنەوەی فیمنییزم.
سێیەم: بەشدارییەکانی فیمینیزم لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا.
لە کۆتایدا ئەوەی ماوە لەسەر تێزەکە بڵێین خوێندنەوە و گەڕانەوەی تیۆری ریالیزم بۆ ئەم هەلومەرجەی جەنگ و ململانی و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە و جیهانی تێکەوتووە، باشتر دەتوانرێت شرۆڤە و جیهانبیی بۆ رووداو و پێشهاتەکان دروست و راستتر بێت، هەروەها بەشێکی گرنگی لە میتۆدەکانی لە نووسینی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا تێدا بەکار هێنراوە.
سیروان حەمەڕەشید
2022-05-01
سەرچاوە: knwe