سەرتیپ جەوهەر
لەم چەند رۆژەی رابردوو توركیا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر سەرباز و چەك و تفاقی سەربازیی نوێی گواستۆتەوە چەند ناوچەیەك لە بەرواری باڵا و مەتینا و نزیك گارە. لەچەند ناوچەیەك سەربازگە و قەرەقۆلی نوێی دامەزراندووە، پێدەچێت هەوڵبدات سەربازگە یاخود بنكەی چاودێریكردن لەسەری گارە و چەند شوێنێكی شاخی مەتینا دابنێت و شاخی گارە كۆنترۆڵ بكات، ئەمەش پێشهاتێكی زۆر مەترسیدار و نوێیە لەهەرێمی كوردستان، رەنگە بەم نزیكانە دەست پێبكەن.
بەپێی خەملاندنی چاودێران، تا ئێستا توركیا نزیكەی 4 هەزار سەربازیی لەوناوچانە جێگیر كردووە، سەرقاڵی دروستكردنی ژمارەیەك بنكە و سەربازگەی نوێن. بەپێی بەدواداچوونم لە هەریەكە لە (رەشئاڤا) و (سەرگەلی)، لەبەری شیلادزێ لەنزیك دێرەلوك سەربازگەیەكی مەزن دروست دەكات، تائێستا نزیكەی 300 سەربازیان لەو شوێنە جێگیر كردووە. شەوانە هێز و تفاقی نوێ دەگوێزرێتەوە ناوچەكە وەك تۆپی گران و زرێپۆش و كەلوپەلی چاودێریی، هەندێكجاریش بە هێلی كۆپتەر تفاق دەگوێزنەوە. وەک چۆن لە چەند ناوچەیەك شەو و رۆژ كاردەكەن بۆ دروستكردنی رێگەوبانی سەربازیی، ئەمەش نیشانەی جێگیربوون و نەكشانەوەیانە لەوناوچانە.
شەوانە لەبەرواری باڵا و قەدپاڵی شاخەكانی مەتینا و گارە پێكدادان و رووبەرووبونەوە لە نێوان پە#كە#كە و هێزی توركدا هەیە. هەندێكجار چەكدارانی (پارتی كرێكارانی كوردستان (پە#كە#كە) پەلاماری جەندرمەی تورك-ان دەدەن و هەندێجاریش هێزەكەی تورك پەلاماری هێزەكانی پە#كە#كە دەدات بەتایبەت لە زاپ و دەوروبەری گوندی گوهەرزێ و گەلی هەسپان لە قەدپاڵ و دامێنی شاخی مەتینا.
بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەكرێت، ئەو جموجۆڵە نوێیەی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی گرنگی شاخی گارەیە، ئەگەر تورك بتوانن گارە كۆنترۆڵ بكەن، لە ڕووی سەربازییەوە بادینان بەتەواوی دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی جەندرمەی تورك، چونكە بەدڵنیاییەوە تورك تەنها بە دانانی چەند بنكەیەكی چاودێریی راناوەستن، بەڵكو سەربازگە و بنكەی گەورەی كۆنترۆڵكردن دروستدەكەن. ئەم پلانەی تورك، بەكردار داگیركردن و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بادینان و بێ ئەرزشكردنی زیاتری هەرێمی كوردستانە.
سەرباری بەردەوامبوونی ئەو هەموو شەڕو پێكدادان و داگیركارییەی تورك، حزبە سیاسیەكانی كوردستان بەوانەی لەدەسەڵاتن و ئەوانەیشی لە دەرەوەی حكومەتن تەواو بێدەنگن، نە لەسەر پەلاماردان و داگیركارییەكانی تورك قسەیەكیان هەیە، نە چارەسەرێكی راشكاوانە بۆ بەردەم سەركردایەتی پە#كە#كە و دەوڵەتی تورك دەخەنەڕوو، چونكە بیانوی تورك بۆ هاتنیان بۆ باشور بوونی پە#كە#كەیە لەوناچانە. تەنها لاهور شێخ جەنگی وەك رابەری رەوتێكی نوێ و ئۆپۆزسیۆن، لە بادینانەوە بەر لەچەند هەفتەیەك لەبارەی پەلامارەكانی توركیا وتارێکیدا و بە داگیركاریی ناوی برد.
هەڵوێستی پارتی روونە و قسەی لێناكەین، بەڵام یەكێتیی جاران لە پەلامارەكانی توركیا جارجار دەهاتە دەنگ، مخابن ئێستا توركیا لە سلێمانی و سنوری سەوزیش رۆژانە بەڕێگەی جیاواز خەڵك تیرۆر دەكات، كەچی بڕیاردەرانی ئەو حزبە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی تورك بە ئاشكرا كۆدەبنەوە، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكیان نییە و قسەیەك لەو بارەیەوە ناكەن.
لەنێو ئەو هەموو شەڕ و پێكدادان و سوتاندن و داگیركاریانەی ئەو گوندانەی بادیناندا، میدیای پارتی و یەكێتی بێدەنگن وەك ئەوەی رێككەوتنێك هەبێت! وەک چۆن میدیای عەرەبیی و جیهان بەتەواوی قسەیەك لەوبارەیەوە ناكەن، بۆیە پێدەچێت ئەم جموجۆڵە نوێیەی تورك بەچاوپۆشی ئەمریكا بێت. جار جارە بەشێك لە میدیای كوردستان هەوڵی گوێزانەوەی رووداوەكانی ئەو ناوچانە دەدەن. هەندێكیان هەوڵدەدەن تەنها دیوێكی رووداوەكان بگوێزنەوە، هەندێك لەو میدیایانە رێگایان پێنادرێت نزیك رووداوەكان بكەونەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچانە رێگەیان لێدەگیرێت. لەمە خراپتر، نوسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسانی كوردستانیش قسەیەكی ئەوتۆیان لەبارەی ئەو رووداوانەوە نییە.
ئەوەی باسی لێوەدەكرێت ئێستا 125 خاڵی سەربازیی و بنكە و بارەگا و سەربازگەی تورك لەبادینان هەیە، زیاتر لە 3 بۆ 4 هەزار جەندرمە لەو شوێنانە جێگیركراون. بەپێی خەمڵاندن لە 40% بادینان لەژێر كۆنترۆڵ و هەژموونی توركیادایە. نزیكەی 200 گوند چۆڵكراون یان مەترسی چۆڵكردنیان هەیە. هەروەها شارو شارۆچكەكانی وەك سیریێ، شیلادزێ، دێرەلوك، كۆمەڵگای قەدیش و ناحیەی بامەڕنێ و گوندی نهێلێ؛ كە گوندێكی مەزنە، مەترسی جددیان لەسەرە و رەنگە بەشێك لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بۆ خۆپارێزیی روو لە دهۆك و زاخۆو ناوچەكانی دیكە بكەن.
سەرچاوە : هاوڵاتی