هەموو خاوەن عەقڵەکان، ئەهلی فکرو تێڕامان دەزانن کە گۆڕانکارییەکی تەواو ڕوون و بەرچاو بەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگادا هاتووە، لە کۆن – رابوردو- ناچێت، بۆیە پێی دەڵێن ( ژیانی نوێ)، هۆکارەکانی گەیاندن، تەکنەلۆژیا، کاریگەری یەکەمی لەسەر ئەو گۆڕانکارییە هەیە، یەک لە کاربەدەستەکانی گۆگڵ دەڵێت: کە دەبنە بەکارهێنەری ئێنتەرنێت ئێوە ژیانتان بەتەواوی دەگۆڕێت، ئەو جۆرە ژیانەی هەنوکە بەسەری دەبەن هەرگیز ناتوانن جارێکیتر بگەڕێنەوە سەری. واتە دێرزەمان تەنها خانوو باڵەخانەو ئۆتۆمۆبیل و جلوبەرگ نییە، بەڵکو بواری دەروونی و ڕەوشتیش دەگرێتەوە.
ئەو پرسیارە سەنتەرییەی هەمیشە دەکرێت، ئەوەیە کە ئایا ئەو گۆڕانکارییەی هات بەسەرشێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئەو بوێرییەی لەشکاندنی سنورەکاندا لە لایەن بەکارهێنەرانی – فەیسبوک-ەوە بەدی ئەکرێت، ئایا فەیسبوک بەو شێوە رەفتارەکانی گۆڕی، یان فەیسبوک تەنها ڕەنگدانەوەی ناخی تاکەکانە ؟.
گۆڕانکاری لە شێوازی هەڵسوکەوتدا، هەموو کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە، تاک و کۆمەڵگا، کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت کاریگەری بەسەر بوارە ئایینیەکەشدا بەجێ هێشتووە، ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە، درووست بوونی دوانەیە لەرەوشتی تاکەکاندا، ئەوانەی سۆشیال- میدیا بەکاردەهێنن، تاموچێژی ئازادییەکی رەهای بێ لێپێچینەوە لە ئاستێکدا زاڵبووە بەسەر عەقڵەکاندا، پرەنسیپە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی دانیشتن هیچ بوونێکیان لای زۆرینەی زۆری بەکارهێنەرانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە نامێنێت، لەدەرەوە- جیهانی واقیعی- زۆر بەئەدەب و ئەتەکێتەوە ئەجوڵێتەوە، کەچی ساتەکانی هاتنە سەر فەیسبوک خۆی لەبەها ئەخلاقییەکان دائەڕنێت.
فەیلەسوف و زانایانی کۆمەڵناسی -سیگمۆنت باومان، تەها عەبدولرەحمان- پێی دەڵێن:( خۆڕووتکردنەوە). کەسەکە خۆی بەدەستی خۆی نهێنییە شاراوەکانی خۆی دەنووسێت و دەیخاتە بەرچاوی هەزارەها خوێنەر و بینەر، لە کاتێکدا کە رەوشت بەش بەش ناکرێت، شوێنێک نییە بەدڕەوشتی تیایدا مایەی قبوڵکردن بێت، رەوشتی جوان و بەهاکان لەمرۆڤ جیا نابنەوە، هیچ کات مرۆڤەکان خۆیان لەپرەنسیپەکانی ئەخلاق رووتناکەنەوە، خۆ رووتکردنەوە بەواتای لەو کاتەی کە وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا لەسەر شەقام و بازاڕ و کۆڕو کۆبونەوەدا چەندە دەستگیردەبیت، بە بنەماکانی کەسایەتییەکی بەڕێزی زمان پاکی خاوەن ئەخلاقی بە رەونەق، لەهەمان کاتدا وەک ئەندامێکی کۆمەڵگای فەیسبووک خاوەن هەمان کەسایەتی بیت و خۆت لەو خەسڵەتانە دانەڕنیت، ئەگەر هەر شتێکیش لەدڵتدا هەبوو خۆت کەشف نەکەیت و بەداپۆشراوی خۆت بپارێزیت، بەڵام سەیرە، لەدەرەوە زمان پاکی، بەڕێزی، سەنگینی، لە سوچی ماڵەوەشدا لەسەر شاشە ئەلیکترۆنییەکان زبر تا ئاستی جنێو فرۆشتنیش، بۆیە ئاسمانی ژیانی راستەقینەی کۆمەڵگایەکی شایستە بە مرۆڤ تەڵخ و ناشرین بووە بەهۆی دوانەیی دژ بەیەک لە ڕەوشتی تاکەکاندا، لە ئەندامانی هەردوو جیهان، جیهانی راستەقینە و جیهانی گریمانەیی.
بۆیە پسپۆڕان و خەم خۆری کۆمەڵگا ئەو پرسیارە بەردەوام دەکەن، بۆچی و چۆن؟
لە راستیدا پەیوەندییەکی جەدەلی هەیە لەنێوان سۆشیال-میدییا و بەکارهێنەراندا، کارلێککردن هەیە، بەڵام زانای کۆمەڵناس -جۆش رۆز- دەڵێت: ئێنتەرنێت مرۆیی ئێمە نادزێت و ناچێتە ناخمانەوە، بەڵکو تەنها رەنگی ناخمان دەردەخات. باراک ئۆباماش دەڵێت: سۆشیال-میدیا تەنها کەش و هەوایەکی گونجاوی بۆ دەروونی مرۆڤەکان رەخساندووە، وەک چۆن میکرۆب لە کەشێکی شێداردا ئەجوڵێت و نەشونما دەکات، بەهەمان شێوە میکرۆبی ناو دەرونی مرۆڤەکان سۆشیال-میدیا کەشێکی لەباری شێداری بۆ فەراهەم کردووین و ئەوانیش کەم کەم ناخی خراپ و گەنیوی خۆیان ئاشکرا دەکەن.
ئەم حاڵەتە دەروونییە تێکچووە، جیهانی سیاسەتیشی گرتۆتەوە، ئاستی گوتار و زاراوەو وشەی بەکارهاتوو، پەیمان و بەڵێنەکان، کرۆکی بەرنامەکان، گشتیان وەڵامدەرەوەی غەریزەی تاکەکانە، دابەزیوە بۆ ئاستی خۆڕووتکردنەوەی دەموچاوی ئەلیکترۆنی، گوتارەکان بە مەرجە خوازراوەکانی بازاڕ دادەڕێژرێن، بەڵام بازاڕێکی نەخۆشی تەسلیمبوو بە غەریزەکان، بەگوێرەی دەستخۆشی و چەپڵەی ناو کۆمێنتەکان دەونوسرێنەوە.
ڕق بەخشینەوە و گەوەکردنی کەلێنەکان بەمەرامی سیاسی و قازانجکردن یەکێکە لەدەرهاوێشتە خراپەکانی پەروەردەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، بێ گوێدان بە لێکەوتە داڕوخێنەرە دوور مەوداکانی لە ناو کۆمەڵگادا، ئەو دەستەوژە ئازار بەخشانەی ئاراستەی تاک یان کۆمەڵێکی دیاریکراو یان پێکهاتەیەک دەکرێت راستەوخۆ کاردانەوەیەکی دەرونیی پڕ لە رق و تورەیی بەدوای خۆیدا دێنێت.
کوردستان بەم حاڵەتەوە دەناڵێنێت، بەمەرامی سیاسی و زۆرکردنی دەنگەکان، لەگەڵ ئەوەی وەک گەلێکی کەرتبووی نیمچە پەرتەوازە پێویستی بە تۆکمەیی و خۆکۆکردنەوەیە، کەچی بێبەزەییانە جەستەی نیشتیمان توێ و لەت لەت دەکرێت، رزگاربوون و دەربازبوون هێزێکی بەرهەڵەستکاری زۆری دەوێت، بەڵام قورسیش نییە و شێوازی پەروەدەی تاک و خێزان و حزبی-سیاسی ڕۆڵی چاوەڕوانکراو لەم بوارەدا ببینێت. هەستکردن بە بەرپرسیارێتی خاڵێکە هەمیشە پێویستی بە بیرخستنەوە هەیە، تەنانەت وشەیەکیش نابێت بە کەمو بێ بایەخ تەماشابکرێت، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو ئەنجامەی کە لە دوانەیی رەوشتی و خۆداڕنینی کاتیی لەبەهاکان دێتە ئاراوە.
سەرچاوە : کوردستان24