تای خوێنبەربوون: هۆکارەکان و چۆنیەتی بڵاوبوونەوە

موراد حەسەن

 

تای خوێنبەربوون (Haemorrhagic Fever) یەکێکە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە جدییەکان کە مرۆڤ دوچاری لەکارکەوتنی چەندین ئۆرگانی لەش دەکات (Multiple organ failure) لە یەک کاتدا. دەرەنجامەکانی ئەم نەخۆشییە ئەوەندە کاریگەرن کە لەشی مرۆڤ، ناتوانێ بەشێوەیەکی سروشتیی، خۆی بەڕێوەببات و ڕێکبخاتەوە.

جۆری تای خوێنبەربوون لە عێراقدا پێی دەگوترێت (Crimean-Congo haemorrhagic fever) کە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تادەگاتە هەندێ ناوچەی ئەفریقا، هەروەها هەندێ وڵاتی ئاسیا و بەلکان بڵاوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە یەکەم کەیسی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا، لە ساڵی ١٩٧٩ تۆمارکراوە، بەڵام باوەڕ وایە کە ئەم تای خوێنبەربوونە، زۆر پێشتریش تەواجودی هەبووە.  واتە، ئەم نەخۆشییە بە شێوەی ئێندیمیک (endemic) لەناوچەکەدا هەیە.

هۆکاری توشبون بە تای خوێنبەربوون لە عێراقدا، ڤایرۆسی کۆنگۆیە (Congo virus) کە ساڵی ١٩٤٣ لە کۆنگۆ دیارییکراوە و دواتر لە ساڵی ١٩٥٦، لە تاقیگە جیاکراوەتەوە. هەروەکو چۆن مشەخۆرەکانی مەلاریا بەهۆی مێشوولەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، ئەوا ئەم ڤایرۆسەش بە هۆی “گەنە”یەکەوە دەگوازرێتەوە کە خوێنی خانەخوێی سروشتیی ڤایرۆسەکەی مژییوە و دواتر، لە ڕێگەی گازگرتن، بۆ ئینسانی دەگوازێتەوە. ڕێگەیەکی تری باوی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە ئەوەیە کە کاتێک مرۆڤ، ڕاستەوخۆ بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ خوێنی مرۆڤێک یان ئاژەڵێک کە بە ڤایرۆسەکە موبتەلا بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هۆکاری بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە لە عێراقدا، سەرەڕای بوونی ئەو گەنەیە لە ناوچەکە بەشێوەیەکی سروشتیی، خواردنی گۆشتی مەڕ و ڕەشەوڵاغیشە بە شێوەیەک کە کەمتریین چاودێریی ڤێتنەریی لەسەرە.

بەوپێیەی کە تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانیش بەگشتیی بێ چارەسەرن، بەڵکو دەرهاویشتەکانی ئەم نەخۆشییە کە خۆیان لە لەکارکەوتنی ئۆرگانەکان و هەندێ ئیلتیهاباتی ثانەوییدا دەبیننەوە، چارەسەر دەکرێن. بۆ نمونە، چاودێریی ئاستی شلەمەنییەکان و ئەلیکترۆلایتی نەخۆشەکە بە بەردەوامیی دەکرێت و باڵانسییان رادەگیرێت. ئەنتی ڤایرەڵەکانی وەکو (Ribavirin) چ لە ڕێگەی دەمەوە یان خوێنهێنەرەوە دەکرێ یارمەتیی کورتکردنەوەی ماوەی نەخۆشییەکە بدات، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتیش لەبەردەستدا نییە کە ئەم ئەنتی ڤایرەڵە، ئەو کاریگەرییەی هەبێت.

ئەمەی سەرەوە باسێکی کورت و سادەی پەتای خوێنبەربوون بوو، ئەگەرنا جۆری نەخۆشییەکە و ڤایرۆسەکان زۆر لەمە زیاتر هەڵدەگرێت کە لێرە باسکراوە.

تێبینی/ وێنەکە گەنەی هایالۆما مارجیناتەم (Hyalomma marginatum) ە کە یەکێکە لە هۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی تای خوێننەربوون.

 

سەرچاوە : زەمەن _ تەندروستی