بەنیگای سەرشەقام

 

 

‌سروە نوری ئەزیز‌ 

لەبیرمە تەمەنم ھێشتا دوانزە، سیانزە ساڵانێک دەبوو ھەموو کاتی زەردەپەڕێک لەسەر دوا پلیکانەی خانووەکەمان لە سەرشەقام، بەدەفتەرو قەڵەمێکەوە، دادەنیشتم و لەبەرزی تۆم دەڕوانی… 
کاتێ خۆر تیشکە ئارامەکانی کاتی زەردەپەڕی بەسەر لوتکەی بڵندتا، دەناردە لات بەرگێکی خامۆشت دەپۆشی و شاریشت دڵنیا دەکرد کە لە ئارامیدا چاوی لێکبنێ...  

ھەمیشە رووم لە تۆ بوو، تۆش بە نیگایەکی  پڕ خەم لێتدەڕوانیم  

"شاخی رەنگاو رەنگی گۆیژە    باعیسی کەیف و سروور 
ھەردەمێ بەرگێک ئەپۆشی      گا سپی گا سەوز و سوور"    "بێکەس" 

 
ھەندێکجاریش خەیاڵ دەیبردم بۆ ئەو دیو زنجیرە چیاکانت... 
رۆژێک دەبێ پشت ئەو زنجیرە چیایانەت تەیکەم، قەڵای پۆڵایینی شارەکەم 

"وەسفی قەومی کورد ئەکەی     تۆ بەو ھەموو رەنگانەوە 
رەنگی سووریشت باعیسە کە   کورد قەومێکە جەسوور"        "بێکەس" 

 

ئەو دیمەنانەت، کە تۆماربوون لەڕۆنیای چاوانما لەدەفتەری یادەکانما نووسیمنەوە. ھەر کاتێکیش خۆر لەدووری تۆوە چاوەکانی لەیەکدەنا، منیش بەبێدەنگ دەفتەرەکەم لەقڵیشی دیواری حەوشەکەماندا دەشاردەوە، نەکا لەنیوەشەودا، خوانەکردە سیخوڕێک خەیاڵەکانی ئەو دیو گۆیژەم بەندبکات و بەرەو  باشوور ڕاپێچیانکات! 
دەفتەرەکەم بووە دوان و ئەمجارەیان وشەکان گەورەبوون و باڵیانگرت، لەگۆیژە وە گەڕەک بە گەڕەکی شاری ھەڵمەت و قوربانیان چنی، پاشان لەسەر ھەر گەڕەکێک ئێستێکان دەکردو دەبوونە ھێشووە وشەو بەکەپری دەفتەرەکەمدا خۆیان ھەڵدەواسی. 
ئای کە ئەو دەفتەرانەم شیرین بوون... 
ڕۆحە ساکارە مناڵیەکەم دڵنیای کردبووم کەھیچ کەسێک ئەم حەشارگەیە نادۆزیتەوە. شەوانی ھاوینانیش قەرەوێڵەکەم لەپەنا ئەو دیوارەدا توند دەکردو تا خەو دەبووە میوانم لەدرزی دیوارەکەوە لەگەڵ وشەکانی نێو دەفتەرەکەمدا دەدوام و چەندین وشەی تر خۆیان بە ھێشووەکاندا ھەڵدەواسی و منیش بەڵێنم پێدەدان کە ھەر بەرەبەیان، کاتێک باپیرەم لە خەو ھەڵدەستێ و بەرەو مزگەوت بەڕێدەکەوێ، ئەو کات منیش بەبێدەنگ وشە نوێیەکان بەھێشووەکانەوە ھەڵدەواسم...  

لەگەڵ ئەوەی کەدایکم نەخوێندەواربوو، ھەمیشە کتێب و دەفتەرە قەدەغەکراوەکانی دەناسیەوە. جارجار دەکەوتە پشکنینی ماڵەکەو ھەر کتێبێک یا دەفتەرێکی لەپەنادیوارو گوێسەبانەو درزەکاندا بدۆزیایەتەوە گەرماوەکەی پێدادەخست. دەیوت (خۆ ئەو سەگ و گورگانە وەخت و ناوەختیان بۆنییە ھاکا لەپڕ خۆیانکرد بەماڵاو گەر شتێک بدۆزنەوە ماڵەکەمان بەسەردا ئەڕوخێنن...)! 

ڕۆژێکیان، کاتێک لە قوتابخانە بەرەو ماڵەوە دەگەڕامەوە ھەر ھێشووە وشە بوو بەگەردنما خۆی ھەڵواسیبوو، دەمویست بەزووترین کات بگەمە لای دەفتەرەکانم. کاتێک خۆمکرد بەماڵدا دایکم خەریکی داخستنی گەرماوەکە بوو، کۆمەڵێک کتێب و دەفتەریشی لای خۆیەوە دانابوو، زوو زوو کتێبێک یادەفتەرێکی بۆ ناو ئاگرەکە ھەڵدەدا.  منیش بەپەلە خۆم گەیاندە درزی دیوارەکە و ھەردەستم ڕاکێشا دەفتەرم نەدۆزییەوە. خۆشم نازانم چۆن خۆم گەیاندە بەردەم دایکم لەو کاتەی کە دەفتەرەکەی منی بەدەستەوە بوو... 
 

ئەوجارە دەفتەرەکانم لە کڵپەی ئاگری گەرماوەکە ڕزگاریان بوو، وشەکانم لەگەردنم ئاڵان و لێم دوور نەدەکەوتنەوەو گۆیژەش ھەمیشە سەرەتاتکێی لەگەڵدا دەکردم. دەفتەرەکانم  جارێکی تر بە ئامێزی حەشارگەکە شادبوونەوە. 
ئەو ڕۆژەی کە لە شاردا جێیەکی دڵنیا بۆ من نەما، ھەڵهاتم و درزی دیوارەکەی خانووەکەی سەرشەقامیش بووە ماڵی ئارامی دەفتەرە ونبووەکانم...