بەناوبانگترین و دێرینترین کتێبخانەکانی جیهان

بەر لە چوار هەزار ساڵ بۆ یەکەمجار مرۆڤ کتێبخانەی دروستکردووە بۆ کۆکردنەوە  و پاراستنی کتێب، لەو کاتەوە چیرۆکی مرۆڤ و کتێبخانە دەستیپێکردووە. ئەمانە بەشێکن لە بەناوبانگترین و دێرینترین کتێبخانەکانی جیهان.
کتێبخانەی ئانا ئەمالیا
بۆ ماوەی 300 ساڵ ئەم کتێبخانەیەی ئەڵمانیا ناوی کتێبخانەی "دۆق" بووە تا ساڵی 1991 ناونرا کتێبخانەی دۆق ئانا ئەمالیا، لە ساڵی 1998ەوە یەکێکە لە ناوچە پارێزراوەکانی کەلتووری جیهانی لە لایەن یونسکۆوە.
کتێبخانەی مێشک
بەو پێیەی شێوەی لە مێشکی مرۆڤ دەچێت، ئەم کتێبخانەیەی کۆلێژی فەلسەفەی زانکۆی ئازادی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ناونراوە کتێبخانەی مێشک و لە ساڵی 2005 دا کراوەتەوە و یەکێکە لە کتێبخانە گەورە و بەناوبانگەکان.
کتێبخانەی جۆنی پێنجەم
ئەم کتێبخانەیە سەر بەکۆلێژی مافی زانکۆی گلمریی پورتوگالییە و بە یەکێک لە کتێبخانە ناوازەکان دادەنرێت. زۆربەی بەشەکانی کتێبخانەکە لە تەختەی ئەبەنووس دروستکراوە و بەناوی جۆنی پێنجەم، شای پورتوگالەوە ناونراوە.
کتێبخانەی ئۆودی
کتێبخانەی ئۆودی لە شاری هەلسنکیی فینلەندایە. یەکێکە لە کتێبخانە تازە و پێشکەوتووەکان، ستودیۆی موزیک و کتێبخانەی دەنگی و چەندین بەشی تایبەت لەخۆدەگرێت، هەندێک لە دیوارەکانی شاشەی گەورەن و بە تەچ کاردەکەن.
کتێبخانەی کۆنگرێس
ئەگەر بچیتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و سەردانی کتێبخانەی کۆنگرێس نەکەیت وەک ئەوەیە هەرگیز سەردانی ئەمریکات نەکردبێت. کتێبخانەی کۆنگرێس بەڕەسمی ناوی کتێبخانەی نیشتمانییە و ساڵی 1800 دامەزراوە. 
کتێبخانەی نیویۆرک
ئەم کتێبخانەیە زۆر گەورە و بەناوبەنگە، 55 ملیۆن کتێب و بەڵگەنامە لەخۆدەگرێت و ساڵی 1911 کراوەتەوە. ئەوەندە جوان و سەرنجڕاکێشە گەشتیاران سەردانی دەکەن و فیلم و دراماشی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
کتێبخانەی نیشتمانیی چین
یەکێکە لە کتێبخانە گەورەکان، 30 ملیۆن کتێب لەخۆدەگرێت، یەکێکە لە حەوت کتێبخانەی گەورەی جیهان و ساڵی 1809 کراوەتەوە. چەند جارێک ناوەکەی گۆڕدراوە، لە ساڵی 1998ەوە ناونراوە کتێبخانەی نیشتمانیی چین.
کتێبخانەی ئەسکەندەرییە
ئەم کتێبخانەیە سەرەتا دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە بەڵام سەدان ساڵە رووخێراوە تا ساڵی 2000 بەبودجەی 220 ملیۆن دۆلار لە لایەن حکومەتی میسرەوە لەسەر کەناری دەریای ناوەڕاست دروستکراوەتەوە.
کتێبخانەی قروین
ئەم کتێبخانەیە دەکەوێتە شاری فاسی مەراکیش و یەکێکە لە دێرینترین ئەم کتێبخانەکان لەسەر ئاستی جیهان. خاوەنی دەیان دەستنووسە کە نرخیان بەپارە ناخەمڵێنرێت. دەستنووسی ئیبن روشد و ئیبن خەلدون و دەیانی تر لەخۆدەگرێت کە بەخەتی کوفی نووسراون.

سەرچاوە: دۆچەڤێلە

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە: knwe