بەرەی ژنانی باشوور: ئیدانە و شەرمەزاری هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسان دەکەین

 

 

facebook sharing button

twitter sharing button

email sharing button

telegram sharing button

messenger sharing button

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕایگەیاند، وێڕای ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەو کارە ترسنۆک و تیرۆرستییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر ڕۆژنامەنووسان، داوا دەکەن هاوڵاتیانی باشووری کوردستان چیتر بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەم کوشتار و داگیرکارییە کە تورکیا بە پاڵپشتی هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستان بەڕێوەی دەبات.
 

ئەمڕۆ ٢٣ی ئاب بەرەی ژنانی باشووری کوردستان، لە بارەی شەهیدبوونی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ژن (گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین) بە هۆی بۆردوومانی ئەمڕۆی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیکی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 

دەقی بەیاننامەکەی بەرەی ژنانی باشووری کوردستان:

دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک سەرەڕای پەلکێشییەکانی بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان و دەستدرێژیکردنە سەر سروشت و دارستانەکان و سوتاندنی رەزو و باخی هاوڵاتیان و چۆڵکردنی سەدان گوند بە زۆرە ملێ داگیرکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی باشوری کوردستان و هێنانی سوپایەکی زۆر بۆ ناوچەکانی بادینان و درووستکردنی چەندین سەربازگەی نوێ و دزینی سامانی سرووشتیی ئەو ناوچانە هەروەها بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکیی لەبەرامبەر بە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە.
 

دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە بە داگیرکاری و هێرشە قڕکەرییەکانی دەدات لەسەر گەلەکەمان، بەڵام ڕۆژانە پارێزەرانی خاک و هاوڵاتیانی کوردستان (گە*ریلا*کانی ئازادیی) گورزی کوشندە لە فاشیزم و داگیرکەران دەدەن، لەبەر ئەوە ئەم دەوڵەتە دوور لە هەموو بەهاو پرەنسیپێکی مرۆڤانە و ئەخلاقی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو زیانانەی کە لە ناوچەکانی بەرخودان بەری دەکەوێت. هەروەها بۆ لاڕێدا بردنی سەرنجەکان و رایگشتی لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوەی وڵات لەسەر ناوچەکانی شەڕ، داگیرکاری و سوتاندن و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو هەموو هەوڵێک دەدات.
 

وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیی و بە ترسنۆکانە هەڵدەستێ بە بۆردوومانکردنی شوێن و پێگەی کەسانی سڤیل، ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسان، فاشیزمی تورک جاری یەکەم نییە کە هێرش بکەنە سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەڵکو پێشتر لە شنگال و ڕۆژئاوای کوردستانیش بینیمان کە هێرشیان بۆ سەر ڕۆنامەنووسان ئەنجامدا و ڕۆژنامەنووسانیان شەهید کرد، هەروەها لە باکوری کوردستان هێرشی سەر ناوەندەکانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دەکەن و دەستگیریان دەکەن، ئەمڕۆش فاشیزمی تورکیا لە باشووری کوردستان بۆ جارێکی دیکە پۆلێک لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی چاپەمەنی ئازادیی لە نزیک سەیدسادق بە ئامانج گرت، لەو هێرشەدا دوو ڕۆژنامەنووسی ژن تیایدا شەهیدبوون و ڕۆژنامەنووسێکی تریش برینداربوو.
 

ئێمە وەک بەرەی ژنانی باشووری کوردستان وێڕای ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەو کارە ترسنۆک و تیرۆرستییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر ڕۆژنامەنووسان کە بە تۆڵەکردنەوەشی دەبینین لەبەرامبەر ئەو شکستەی ڕۆژانە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لەسەر دەستی وڵاتپارێزان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، داوای هەڵوێستی جددی لە هەموو ئەو کەسانەی دەکەین کە لەچوارچێوەی هزری ئازاد و سەربەخۆ و وڵاتپارێزی خۆیان دەبیننەوە، هەروەها داوا دەکەین لەگەلەکەمان لە باشووری کوردستان چیتر بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر ئەم کوشتار و داگیرکارییە کە تورکیا بە پاڵپشتی هێڵی خیانەت لە باشووری کوردستان بەڕێوەی دەبات.
 

هەروەها هاوشێوەی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی دەوڵەتی تورک کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان لەبەرامبەر بە رۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە ئەنجامیدا، هەموو ئەو هەوڵە چەواشەکارییانەش شەرمەزار دەکەین کە خیانەتکاران بە ناوی دەزگا و دامەزراوە و هەندێک میدیاکانەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕاستیییەکان و رەوایەتیدان بە ئەو دەستدرێژیی و کوشتارە ئەنجامیدەدەن. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە ئەو دەزگایانە لەژێر خواست و ئیرادەی کێ و بۆ کێ و بۆ چ مەبەستێک ئەو چەواشەکاریانە ئەنجام دەدەن؟!
 

چونکە هەر وەک هەمووان دەزانن ئەو شەهیدانە ئەمرۆ ڕۆژنامەنووس بوون و بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی چووبوون و ناسنامەکانیشیان بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان هەر لەسەرەتای ڕووداوەکە ئاشکرا کرا.
 

ئێمە دڵنیاین کە کاروانی ئازادیی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی ئازاد هەربەردەوام دەبێت و بە هەزاران کچ و لاوی کورد لەسەر ڕێبازی ئەو شەهیدانە درێژە بە خەباتی دیموکراسی و تێکۆشان تا ئازادی و وەدیهێنانی خەونە وەدینەهاتووەکانی ئەوان دەدەن. هەروەها ناوی ئەو شەهیدانەش بە درەوشاوەیی لە ناو مێژوویی چاپەمەنی و رۆژنامەگەری کوردیدا دەنووسرێتەوە، لەکۆتایدا دەڵێین نەفرەت لە خیانەت و خیانەتکاران سەرشۆڕی بۆ دژمنانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هاوئاوازەکانیان لە کوردستان.

 

سەرچاوە : سپی میدیا