به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌رێكی كورد له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی به‌رلین وه‌رگیرا

 

به‌ڵگه‌فیلمی سینه‌مایی "ده‌روازه‌ی خه‌ونه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد نگین ئه‌حمه‌دی و له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت، له‌ 73ه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی به‌رلین له‌ ئه‌ڵمانیا وه‌رگیرا. 
ناوی فیلمه‌كه‌ به‌ فارسی ''دروازه‌ رویاها'' و به‌ ئینگلیزی DREAMS GATE ـه‌ و له‌ به‌شی پێشبڕكێی نه‌وه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌. 

ئه‌م فیلمه‌ كه‌ به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش ساڵی خایاندووه‌، چیرۆكی كچێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ بینه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ دوای به‌شێك له‌ شوناسی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ، به‌ كامێراكه‌ی ده‌چێته‌ ناو كچه‌ شه‌ڕڤانه‌كانی كۆبانییه‌وه‌؛ كچانێك كه‌ نه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ داعش، به‌ڵكو بۆ دنیای خۆیشیان شۆڕشیان كردووه‌.

به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی راگه‌یاندنی فیلمه‌كه‌، ئه‌مجاره‌ فیلمساز و كامێراكه‌ی هاوڕێ ده‌بن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دنیای ده‌وروبه‌ری ژنانی خه‌باتكار و ئه‌و بایه‌خانه‌ی كه‌ شه‌ڕی بۆ ده‌كه‌ن.  

ئه‌مه‌ به‌ سێیه‌م ئاماده‌بوونی ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت وه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی به‌رلین هه‌ژمار ده‌كرێت. ساڵی پاریش ئه‌و به‌ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی سینه‌مایی "ڕۆژی سێو" Apple Day له‌ ده‌رهێنانی مه‌حموود غه‌فاری له‌و فێستیڤاڵه‌دا ئاماده‌ بوو.

73ه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی به‌رلین، له‌ ڕۆژانی 16 تا 26ی شوباتی 2023 له‌ به‌رلینی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.


 سەرچاوە: wishe- سلێمان تاشان